سبەى
چاوەڕواندەکرێت رۆژى 10ـى تشرینی یەکەم بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دەستپێبکات، وتەبێژى کۆمسیۆنیش دەڵێت دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردن لەلایەن کاندید و لایەنەکانەوە پێویستى بە مۆڵەتى فەرمى کۆمسیۆنە.
جومانە غەلاى وتەبێژى کۆمسیۆن بە "سبەى" راگەیاند: بەپێی یاساى هەڵبژاردن کۆمسیۆن بەفەرمى وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردن دیارى دەکات، ئەوەش بەپێی خشتەى هەڵبژاردن و دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردن لەلایەن کاندید و لایەنەکانەوە پێویستى بە مۆڵەتى فەرمى کۆمسیۆنە و هێشتا بەفەرمى هیچ بڕیارێک لەو بارەیەوە نەدراوە.
بەپێی پەیڕەوى تایبەت بە بانگەشەى هەڵبژاردن، هیچ کاندید و لیستێک ناتوانێت پێش وادەى دیاریکراو لەلایەن کۆمسیۆنەوە بانگەشەى هەڵبژاردن دەستپێبکات.
حەسەن هادى ئەندامى تیمى راگەیاندنى کۆمسیۆن بە ئاژانسى فەرمى عێراقى راگەیاند: بەپێی خشتەى هەڵبژاردن، چاوەڕواندەکرێت بانگەشەى هەڵبژاردن لە 10ـى تشرینی یەکەم دەستپێبکات و تا هەشتى تشرینى دووەم و 24 کاتژمێر پێش دەنگدانى تایبەت بخایەنێت.
وتیشى سزاى پێشێلکاریی بانگەشەى هەڵبژاردن، سەرەتا بە ئاگادارکردنەوە دەستپێدەکات تا سەپاندنى ملیۆنێک بۆ 25 ملیۆن دینار پێبژاردن و دورخستنەوەى کاندیدەکە، ئەوەش بەپێی جۆرى پێشێلکارییەکە.
بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق نۆ هەزار و 726 کاندید خۆیان تۆمارکردووە و کێبڕکێ لەسەر 329 کورسی پەرلەمان دەکەن، زیاتر لە 21 ملیۆن کەسیش مافى دەنگدانیان هەیە.
هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق رۆژی (11ـی تشرینی دووەمی 2025) بەرێوەدەچێت.
هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانى عێراق، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2004ـەوە، سیستمى یەک بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاکان لە چوار هەڵبژاردندا پەیڕەوکرا، لە کاتێکدا دوایین هەڵبژاردنى ساڵی 2021 بەپێی سیستمى فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بەسەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دابەشکرا.
بەوتەى عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دوای ووردبینی کردنی ناوی سەرجەم کاندیدەکان، پرۆسەی پێدانی ژمارە بە کاندیدەکان لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەست پێدەکات، بەجۆرێک تائێستا 343 پارت و قەوارەی سیاسی لای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان تۆمارکراون، لەگەڵ 38 هاوپەیمانی، کە سەرجەمیان لیستی کاندیدەکانیان پێشکەشی کۆمسیۆن کردووە، بەشێکیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکان و بەشێکیشیان لیستی سەربەخۆی خۆیان هەیە.
وتیشى پڕۆسەکە لەلایەن 1079 تیمەوە چاودێریی دەکرێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ شارەوانی پارێزگاکان، بۆ وەرگرتنی سکاڵا و ئاگادارکردنەوەکان لەسەر هەر پێشێلکارییەک کە ئەنجام بدرێت.
عیماد جەمیل دەڵێت، 20 لیژنە پێکهێنراوە بۆ چاودێریی پرۆسەی بانگەشە لە رووی میدیاییەوە بۆ وەرگرتنی سکاڵاکان لەسەر هەر پێشێلکارییەک کە لەلایەن کاندیدەکانی هەڵبژاردنەوە پێش دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، سزای سەرپێچیکارانیش لە نێوان یەک بۆ 50 ملیۆن دینار دەبێت بەپێی جۆری سەرپێچییەکە.