ئەشکەوتی جاسەنە
سبەی
رێورەسمی چەكدانانی ژمارەیەك گەریلای پارتی كرێكارانی كوردستان لە سلێمانی و لە سنوری گوندی جاسەنەی سەر بە قەزای دوكان دەستیپێكرد.
لە رێورەسمەكەدا جگە لە نوێنەرانی دەم پارتی و پەرلەمانی توركیا و رۆژنامەنوسان لە جیهان و ناوخۆی هەرێمی كوردستان، نوێنەری عێراق و هەرێمی كوردستانیش بەشدارن، لە پەكەكەش هەریەك لە بەسێ هۆزات هاوسەرۆكی كەجەكە و مستەفا قەرەسوو یەكێك لە فەرماندەكانی پەكەكە بەشدارن.
رێوڕەسمەكە بەشێوەیەكە ژمارەیەك گەریلای پەكەكە لە ئەشكەوتی جاسەنە دێنە دەرەوە و بەبەرچاوی نوێنەری لایەنەكانەوە چەكەكانیان دادەنێن و دەگەڕێنەوە ناو ئەشكەوتەكە، لەوكاتەشدا دیمەنەكەی لەسەر شاشەیەكی گەورە لە دوكان پەخشدەكرێت.
دوای چوار دەیە لە شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی چەكداریی، لە باكوری كوردستان پڕۆسەیەكی مێژوویی بەرێوەدەچێت، لەسەر بانگەوازی ئۆجەلان و بەپێی رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ توركیا چەكدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكە نزیك بووەتەوە.
پڕۆسەكە لە 22ـی تشرینی یەكەمی 2024 دەستیپێكرد و عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی 2025 داوای لە پەكەكە كرد كۆتایی بە خەباتی چەكداری بهێنێت و كۆنگرە ببەستێت بۆ ئەوەی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، پەكەكەش لە 5-7ـی ئایار كۆنگرەی بەست و بڕیاری لەسەر چەكدانان و خۆ هەڵوەشاندنەوەدا.
چاوەڕواندەكرێت پڕۆسەی ئاشتی گۆڕانكاریی گەورە لە رەوشی كورد لە باكوری كوردستان دروستبكات و بەشێك لە یاسكان لەبەرژەوەندی مافی كوردانی ئەو پارچەیە هەموار بكرێنەوە، ئەوەش لە رێگەی پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ چارەسەری پرسی كورد لە پەرلەمان كە لە 100 كەس پێك بێت، نوێنەری سەرجەم 12 پارتە سیاسییەكەی پەرلەمان تیایدا بەشداردەبن.
پێشتر كەجەكە رایگەیاندبوو كە شوێنی رێورەسمەكە ئاشكراناكات، سەرجەم ئەوانەی بەشدار دەبن دەبرێن بۆ شوێنێكی نزیكی رێورەسمەكە، لە رێگەی شاشەیەكی گەورەوە ڤیدیۆی چەكدانانەكە دەبینن، بەهۆكاری ئەمنییش رێگە نادرێت چاوپێكەوتن لەگەڵ ئەو كەسانە بكرێت كە چەك دادەنێن، بەڵام دەتوانرێت قسە لەگەڵ چاودێرەكان بكرێت.
لەكاتێكدا پەكەكە و كەجەكە جەخت لە پرۆسەی چەكدانانی ژمارەیەك گەریلا دەكەنەوە كە لەنێوان 30 بۆ 40 كەسدان، عومەر چەلیك جێگری سەرۆكی پارتی دادوگەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا "ئاكپارتی" دەڵێت "پرۆسەی چەكدانانی رێكخراوی تیرۆریستی پەكەكە لەنێوان سێ بۆ پێنج مانگدا جێبەجێ دەكرێت".
سەبارەت بە لایەنی گرەنتیكاری پرۆسەكە، عومەر چەلیك باس لەوەدەكات "بەرپرسانی هەواڵگری و سوپای توركیان و ئەوان سەرپەرشتی پرۆسەی رادەستكردنی چەك دەكەن، بەهیچ شێوەیەكیش لایەنی سێیەمی پرۆسەكە قبوڵ ناكرێت، پێویستیشە پرۆسەكە لەوماوەیەی دیاریكراوە كۆتایی بێت".
چارەنوسی گەریلا و بەرپرسانی پەكەكە
عومەر چەلیك دەشڵێت "چارەنوسی ئەو گەریلا و بەرپرسانەی پەكەكە كە تێوەنەگلاون لە تاوان، سوپای توركیا بانگەوازی رادەستبوونیان پێشكەش دەكات، ئەگەر رادەستبوون و تێوەنەگلابوون لە هیچ شتێك هیچ شتێك روونادات، بەڵام هەر شتێكی دیكەبێت روونە كە رێوشوێنی یاسایی دەگیرێتەبەر".
لە دوای قۆناغی یەكەمی چەكدانانی پەكەكە، لیژنەیەك لە پەرلەمانی توركیا پێك دەهێندرێت بە مەبەستی هەمواركردنەوەی یاساكان بۆ ڕەخساندنی زەمینەی یاسایی بە مەبەستی چارەسەركردنی پرسی كورد، ئازادكردنی زیندانییە سیاسییەكان و هەمواركردنەوەی یاسای سزاكان و باشكردنی دۆخی زیندانییانی كورد و عەبدوڵڵا ئۆجەلان.
ئەرك و كارەكانی لیژنەكە چین؟
ئەركی سەرەكیی لیژنەكە ڕەخساندنی زەمینەی یاسایییە بۆ ئەو پرۆسە نوێیەی دەستی پێ كردووە كە توركیا بە "توركیای بێ تیرۆر" و دەم پارتییش بە "پرۆسەی كۆمەڵگای دیموكراتی و ئاشتی" ناوی دەبات.
دەم پارتی بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی كۆمەڵ لەسەر پرۆسەكە و تا لە هەمواركردنەوەی یاساكان داواكارییەكانی خەڵك لەبەرچاو بگیرێن دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ مامۆستایانی زانكۆ، پیاوماقوڵان و نوێنەرانی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی ئەنجام دەدات.
لەو لیژنەیە بڕیار دەدرێت لەسەر داواكارییە سەرەكییەكەی ئۆجەلان كە داوا دەكات دڵنیاییی یاسایی بدرێت بۆ پرۆسەكە و هەمواركردنەوەی یاساكان بۆ ئەوەی ئەندامانی پەكەكە لە ناوخۆی توركیا و دەرەوە تێكەڵ بە ژیانی ئاسایی ببنەوە.
بڕیارەكانی لیژنەكە بە دەنگی زۆرینە دەدرێن و دواتر لە دانیشتنە گشتییەكانی پەرلەمان دەنگیان لەسەر دەدرێت.
لیژنەكە بڕیاری لەسەر چۆنێتی هەمواركردنەوەی یاسای سزاكانیش دەدات.
بە هۆی ئەوەی كۆتایی ئەم مانگە پەرلەمانی توركیا دەكەوێتە پشوو، چاوەڕێ دەكرێت یەكەم هەمواركردنەوەی یاساكان بكەوێتە وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمانەوە كە لە 1ـی تشرینی یەكەمەوە دەست پێ دەكاتەوە.
دۆخی زیندانییە سیاسییەكان چی لێ دێت؟
ئازادكردنی زیندانییە سیاسییەكانی كورد یەكێكی دیكە لە تەوەرەكانی ئەم پرۆسە نوێیە.
وەك بەرپرسانی دەم پارتی ئاماژەی پێ دەدەن ئەگەر لە توركیا كار بە بڕیارەكانی دادگای ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ و دادگای دەستوری توركیا بكرێت، ئەوا ژمارەیەكی بەرچاو لە زیندانییە سیاسییەكانی وەك سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ، هاوسەرۆكانی گشتیی پێشووی هەدەپە پێویستە ئازاد بكرێن.
بەپێی زانیارییەكان لە كۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵیی و ئەردۆغان كە ڕۆژی دووشەممە ئەنجام درا باس لە پەیامی ئۆجەلان و دۆخی زیندانییە سیاسی و حوكمدراوە نەخۆشەكان و ئەو لیژنەیە كراوە كە بڕیارە لە پەرلەمان پێك بهێندرێت.
هەردوولایش كۆبوونەوەكەیان بە ئەرێنی و بونیادنەر لەقەڵەم دا.
لە ئێستادا ئاك پارتیی دەسەڵاتدار نایەوێت هیچ بەڵێنێك بدات بۆ هەمواركردنەوەی یاساكان و دەیەوێت ئەمە بخاتە دوای بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی یەكەم قۆناغی چەكدانانی پەكەكە، هاوكات ڕەتیشی دەكاتەوە كە ئەم هەنگاوانەی بۆ هەمواركردنەوەی یاساكان دەندرێن، بە هیچ جۆرێك سەودا و مامەڵە بن بۆ ئەوەی پەكەكە چەك دابنێت.
نووسینەوەی دەستور، بەشێكە لەو پرۆسەیە؟
هەرچەند لەگەڵ ئەو پرۆسە نوێیە ئاك پارتی و ئەردۆغان جەخت لەوە دەكەنەوە توركیا پێویستی بە نووسینەوەی دەستورێكی نوێ و كۆتاییهێنانە بە كاركردن بەو دەستورە لە دوای كودەتاكەی 1980 لە توركیا كاری پێ دەكرێت، بەڵام ئاك پارتی و دەم پارتی ئاماژە بەوە دەدەن نووسینەوەی دەستورێكی نوێ بۆ توركیا پەیوەندی بەو پرۆسەیەوە نییە.
بەڵام بەرەی ئۆپۆزسیۆن بە تایبەت جەهەپە بە گومانە لەوە و داوای دڵنیاییدان لە سەرۆكی پەرلەمان دەكەن كە ئەو لیژنەیەی پێك دەهێندرێت زەمینەسازی نەكات بۆ نووسینەوەی دەستورێكی نوێ بۆ توركیا.
بەرپرسانی دەم پارتی باس لەوە دەكەن كە لە كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ ئەردۆغان و بەرپرسانی توركیا باس لە نووسینەوەی دەستور نەكراوە.
گەورە بەرپرسێكی دەم پارتی بە (بی.بی.سی) توركی ڕاگەیاندووە كە چارەسەری ڕاستەقینە و یەكجارەكی پرسی كورد لە ڕێگای دەستوورەوە دەبێت، بەڵام بابەتی نووسینەوەی دەستور بەشێك نییە لەو پرۆسەیە و دەڵێت: "ئاشتیی یەكجارەكی بە پەیمانێكی كۆمەڵایەتی بەدی دێت لەسەر بنەمای فرەیی، یەكسانیخوازی و ئازادی بێت. ئەمەیش دەبێتە هۆی چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانی توركیا، نەك تەنها پرسی كورد".
دۆخی ئۆجەلان لە زیندان باش دەكرێت؟
چەند سەرچاوەیەكی دەم پارتی ئاماژە بەوە دەدەن كە لە دوای دەستپێكردن بەو پرۆسەیە دۆخی ئۆجەلان لە زیندان تاڕادەیەك باش كراوە و نۆ كەسی دیكەی لەگەڵە لە ئیمراڵی، بەڵام هێشتا دۆخەكە بەپێی پێویست باش نەكراوە.
ئۆجەلان داوا دەكات ڕێگە بە مامۆستایانی زانكۆ و یاساناسانی پسپۆڕ لە دەستور و شاندە بیانییەكان بدرێت تا سەردانی بكەن.
هەرچەند حكومەتی توركیا بە نەرێنی وەڵامی ئەو داواكارییانەی نەداوەتەوە، بەڵام چاوەڕێی ئەوە دەكات كە بە كردەیی پرۆسەكە بە كوێ دەگات.
بەرپرسانی ئاك پارتی و دەم پارتی ئاماژە بەوە دەدەن تەوەری پێدانی مافی هیوا بە ئۆجەلان لە داهاتوو و بەپێی چۆنێتیی بەرەوپێشچوونی پرۆسەكە دەهێندرێتە بەرباس.