بەسێ هۆزات و گەریلاکانی پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە دێنە خوارەوە
سبەی
رۆژنامەی ئیندیپێندنتی بەریتانی، لە راپۆرتێکدا هۆکار و ئاماژە مێژوویەکانی پشت سوتاندنی چەکی ژمارەیەک گەریلای پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنوری پارێزگای سلێمانی ئاشکرا دەکات و وەک قۆناغی نوێی خەباتی پەکەکە رونی دەکاتەوە.
رۆژنامەکە لە راپۆرتەکەیدا، ئاماژەی بە پرۆسەی چەکدانان و سوتاندنیان لەلایەن 30 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان، لە ئەشکەوتی جاسەنەی سەر بە ناحیەی سورداش لە قەزای دوکانی پارێزگای سلێمانی داوە، وەک بەشێک لەو پرۆسە نوێیەی لە تورکیا دەستیپێکردووە بۆ چارەسەری کێشەی کورد، بەتایبەتی لەسەر بانگەوازی ئۆجەلان لە ئیمراڵییەوە کە نەخشەڕێگای چارەسەرییەکەی داڕشتووە.
ئاماژەی مێژوویی
رۆژنامەگە نوسیویەتی: چەکدانانی سیمبوڵی ژمارەیەک گەریلای پەکەکە و دواتر سوتاندنی لە ئەشکەوتی جاسەنە، چەندین ئاماژەی مێژوویی لە پشتە، لەوانە بارەگای سەرەکیی شێخ مەحمودی حەفید بووە، ئەوکاتەی لە ساڵی 1919 دژی دەسەڵاتی بەریتانییەکان لە عێراق شۆڕشی دەستپێکردووە، دواتریش بووەتە پەناگەی پێشمەرگە لە زۆربەی شۆڕشەکانیان دژی دەسەڵاتدارانی عێراق.
ئەشکەوتی جاسەنە، 50 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای شاری سلێمانی دوورە، یەکێکە لە سیمبوڵە میژووییەکانی کورد و جێگەیەکی گرنگی هەیە لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان.
ئەشکەوتەکە لە پشت گوندی کانی خانەوەیە، زۆربەی خەڵکی ناوچەکە بە ئەشکەوتەکەی شێخ مەحمودی حەفید ناوی دەبەن، کە ساڵی 1923 پەنای بۆ بردووە لەوکاتەی لەلایەن فڕۆکەکانی بەریتانیاوە بۆردومانی سلێمانی کراوە.
ساڵی 1923 رۆژنامەی بانگی حەق لەو ئەشکەوتەوە دەرچووە، کە بارەگای نهێنی شۆڕشەکەی شێخ مەحمود بووە.
سوتاندنی چەک نەک چەکدانان
کاتژمێر 11:30 پێشنیوەڕۆی رۆژی هەینی (11ـی تەمموزی 2025) بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رێبەرایەتی 30 گەریلای کوڕو کچی کرد بۆ سوتاندنی چەکەکانیان لەبەردەم ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی و میدیاکانی ناوخۆ و جیهان، وەک بەدەمەوەچونێک بۆ بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوبات و کۆنگرەی 12ـی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ دەستپێکردین قۆناغی نوێی چارەسەریی.
ئەو گروپە گەریلایە لە ژێر ناونیشانی (گروپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک) بانگەوازێکیان ئاڕاستەی رای گشتی کرد و قۆناغی نوێی خەباتیان راگەیاند.
لە راگەیاندراوەکەی گروپەکەدا هاتووە: وهك نیازپاكی و ههنگاوی بڕیارداری له پێناوی بهكرداری سهركهوتنی پرۆسهی (ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتی) و له ئێستاوه به ئامانجی بهردهوامیدان به تێكۆشانی ئازادیی و دیموكراسیی و سۆسیالیزمیمان به ڕێبازی سیاسهتی دیموكراتی و یاسایی و هاوكات لهسهر بنهمای دهركردنی یاساكانی دیموكراتی؛ له ئامادەبوونی ئێوهدا به ئیرادهی ئازادی خۆمان چهكهكهمان لهناو دهبهین.
هیوایان خواستووە: ئهم ههنگاوهیان ببێته مایهی خێر و خۆشی بۆ گهلهكهمان به تایبهتی بۆ ژنان و گهنجان و بۆ گهلانی توركیا و ڕۆژههڵاتی ناوین و سهرجهم مرۆڤایهتی و ئاشتی و ئازادی لهگهڵ خۆی بهێنێت.
هەنگاونان بۆ پرۆسەی ئاشتی
محەمەد کاماچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئەشکەوتی جاسەنە ئامادەبوو، بە ئیندیپێندتی عەرەبی وتووە: پابەندبوونی گەریلاکان بە بانگەوازی ئاشتی قۆناغێکی نوێ دەست پێدەکات، یەکەمجارە گروپێکی شۆڕشگێڕ ئارەزومەندانە بە بێ فشاری دەرەکی چەکەکانی داجەنێت، بەڵام ئەم قۆناغە بە یەک لایەن بەڕێوەناچێت، پێویستی بە زەمینەی سیاسی و یاسایی دەوڵەت هەیە.
جەختی کردەوە، کە ئەوە خۆبەدەستەوەدان نییە، قۆناغی نوێی خەباتی دیموکراتی و سیاسییە بۆ چارەسەر پرسی کورد لە تورکیا.
سێیەم ئاگربەست
ئەم هەنگاوەی پارتی کرێکارانی کوردستان، سێیەم هەوڵی ئاگربەست و چارەسەری پرسی کوردە لە رێگای گفتوگۆوە، یەکەم هەوڵیان ساڵی 1993 و لەسەردەمی دەسەڵاتی تورگوت ئۆزال سەرۆکی تورکیا بوو، کە بەنێوەندگیریی مام جەلال بەڕێوەچوو، ئەوکاتەی ئۆجەلان لە دیمەشق بوو، هەرچەندە هەوڵی ئاشتی و چارەسەری پرسی کورد درا، بەڵام هەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون.
قۆناغی دووەم ساڵی 2012 دەستپی پێکرد، بەهۆیەوە لە ساڵانی 2013 بۆ 2015 ئاگربەست راگەیەندرا و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستی پێکرد، بەڵام دواتر تورکیا لە پرۆسەکە پەشیمان بووەوە و چڕترین هێرشی بۆ سەر گەریلاکانی پەکەکە دەستپێکرد لە باکور و باشوری کوردستان.
سێیەم هەوڵ لە مانگی تشرینی یەکەمی 2024 بە دەستپێشخەریی دەوڵەتی باخچەلی سەرۆکی مەهەپەی هاوپەیمانی ئاکپارتی دەستیپێکرد و دواتری بانگەوازەکەی ئۆجەلان ئاگربەستی یەکی ئازاری پەکەکە و پاشان کۆنگرەی 12ـی پەکەکەی لێکەوتەوە بۆ گۆڕینی شێوازی خەباتی چەکداریی و پڕۆسەکە هێشتا هیچ ناوێکی لێ نەنراوە، بەرپرسانی تورکیا بە تورکیای بێ تیرۆر و دەم پارتی و پەکەکەش بە چارەسەری ئاشتی و دیموکراتیک ناوی دەبەن.