سبەی
دوابەدوای کۆبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان ترەمپ و نەتەنیاهۆ لە کۆشکی سپی، هەڕەشەی هێرشی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران جارێکی دیکە دێتەوە بەر باس و خواس، لە کاتێکدا سەرۆکی ئەمەریکا سەرەڕای پشتیوانی لە چارەسەری دیپلۆماسی، دژی هێرشی ئیسرائیل نەبووە بۆ سەر ئێران بۆ راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکانی.
ئێوارەی سێشەممەی 7ـی تەمموز، دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی لە ئێوارەخوانێکدا لەگەڵ بنیامین نەتانیاهو، رایگەیاند: هیوادارم جارێکی دیکە ناچار نەبێت هێرش بکاتە سەر ئێران.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنال بە ئاماژەدان بە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا و ئیسرائیل بڵاویکردەوە، نەتەنیاهو بە ترەمپی ووتووە: ئەگەر ئێران دووبارە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەنگاو بنێن، ئیسرائیل هێرشی سەربازی نوێ دەست پێدەکاتەوە.
بەپێی راپۆرتەکە: ترەمپ لە وڵامی نەتەنیاهودا جەختی لەوە کردەوەتەوە کە پشتیوانی لە رێگەچارەی دیپلۆماسی لە تاران دەکات، بەڵام دژایەتی ئەو پیلانەی ئیسرائیلیشی نەکردووە.
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی راگەیاند: مەرج نییە وڵاتەکەی داوای ریگەپێدانی فەرمی لە ئەمەریکا بکات بۆ هێرشە نوێیەکانی، بەڵام ئەگەر ئێران بە شێوەیەکی فراوان بەرنامە ئەتۆمییەکانی دەست پێبکاتەوە ئەگەری ئەوە هەیە، ترەمپ بۆ پاراستنی رێگەی دیپلۆماسی دژایەتی پلانەکەی نەتەنیاهو بکات.
رۆژنامەکە، سەبارەت بە مەترسی هێرش بۆ سەر ئێران نوسیویەتی: ئەگەر تاران داواکاریی ترەمپ بۆ بەرنامەی ئەتۆمی رەتبکاتەوە و دەست بە چالاکی دروستکردنی بەرنامەی ئەتۆمی بکاتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە کە رووبەڕووی هێرشی نوێ لەلایەن ئیسرائیل و تەنانەت ئەمەریکاش ببێتەوە، کە ئەمەش هەڕەشەیەکی جددیە بۆ مانەوەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران.