سبەی
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا وەک ئاماژەدان بەو پارتە تورکە نەتەوەیییانەی دژی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە دەوەستنەوە و پێیانوایە تورکیا سازشی بەرامبەر پەکەکە کردووە، دەڵێت: "بەرژەوەندیی ئەوان لەوەدایە تیرۆر بمێنێت و بە نەمانی تیرۆر بێکار دەبن. هیوادارین گەلەکەمان ئەو قارەمانە ساختانە ببینێت و ڕووی ڕاستەقینەی ئەوانی بۆ دەربکەوێت".
لە میانی بەشداریکردن لە 12ەمین کۆبوونەوەی هەڵسەنگاندن و ڕاوێژکاری ئاک پارتی لە ناوچەی کزڵجاهامام لە ئەنقەرە، ئەردۆغان گوتارێکی پێشەکەش کرد.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا لەبارەی چەکدانانەکەی دوێنێ هەینیی گروپێک گەریلای پەکەکە ڕایگەیاند: "لە دوێنێوە چوونەتە ناو پرۆسەی کۆتاییهاتن بە 'بەڵای تیرۆر' و لە دوێنێوە دەست کراوە بە داخستنی لاپەڕەیەکی بە ئێشوئازار لە تورکیا. ئەمەیش لە کاتێدایە لە دوای ئەنجامدانی یەکەمی چالاکیی پەکەکەوە لە 1984 دەوڵەت هەموو ڕێگایەکی گرتە بەر بۆ کۆتاییهێنان بە تیرۆر. کاتێک سەیری نمونەکانی جیهان دەکەین دەبینین زیاتر لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری، شێوازی دیکە گیراوەتە بەر. لەم پرۆسەیەدا هیچ دانوستان و سەودا و مامەڵەیەک نەکراوە. بەبێ سازشکردن و شکاندنی شکۆی دەوڵەتی تورکیا و چۆکدانان، هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ ڕاگرتنی خوێنڕشتن و فرمێسکڕشتنی دایکان و بەهێزکردنی برایەتیمان".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە کەس بۆی نییە خۆشەویستی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە و تیمەکەی و من و هاوڕێکانیان بۆ تورکیا و هەستی نەتەوایەتی ئەوان بخاتە ژێر پرسیار، ئاماژە بەوە دەدات هیچ کارێکیان نەکردووە بۆ تورکیا خێر نەداتەوە و بەهێزی نەکات و دەڵێت: "با کەستان نەترسێت، باش دەزانین چی دەکەین. گومانتان لەوە نەبێت، هەرچی بکەین لەپێناو گەل و وڵاتە".
سەرکۆماری تورکیا باسی لەوەیش کرد کە کەسانێک نیگەرانن لە نەمانی 'تیرۆر' و دەڵێت: "چونکە بەمە زیان بە بەرژەوەندییەکانیان دەگات، کارەکانیان لێتێک دەچێت و داردەستەکانیان لەدەست دەدەن. خۆیان پێ تورکی نەتەوەیییە کەچی دڵخۆش نین بە نەمانی تیرۆر. چی دەکەن با بیکەن، بەڵام تیرۆر هەر نامێنێت و ئەوانیش بێکار دەمێننەوە".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە بە نەمانی 'تیرۆر' وەبەرهێنان بە تیرۆریش نامێنێت و دەڵێت: "هیوایەتمان ئەوەیە گەلەکەمان ئەو قارەمانە ساختانەش ببینێت. خەباتی 23 ساڵەی حکومەتەکەمان دێتە بەر و تورکیا و گەلەکەمان و تەواوی هاوڵاتییانمان بە تورک-کورد و عەرەب براوەی ئەم پرۆسەیەیە".
ئەردۆغان سەرنجیشی خستە سەر ئەوەی لە میانی 41 ساڵ شەڕی تورکیا لەگەڵ پەکەکە 50 هەزار هاوڵاتیی مەدەنی، 10 هەزار سەربازی تورکیا کوژراون و ئەم شەڕە بە بەهای دوو ترلیۆن دۆلار زیانی بە تورکیا گەیاندووە.
ئەردۆغان ئاماژە بەوە دەدات کە هاوڵاتییانی تورکیا نەک هەر نابێت نیگەران بن، بەڵکوو دەبێت دڵخۆش بن و بیکەن بە جەژن کە دوای 41 ساڵ دیواری 'تیرۆر' دەڕووخێت و پێویستە تەواوی شەقام و کۆڵانەکان بە ئاڵای تورکیا بڕازێننەوە.
کور و تورک و عەرەب یەک بن، مێژوو دەنووسنەوە
ئەردۆغان سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە مێژووی باب و باپیرانیان دەخوێننەوە، دەبینن چ کاتێک تورک، کورد و عەرەب لەگەڵ یەکتردا بووبن، مێژوویان نووسیووەتەوە، چ کاتێکیش لێک دوورکەوتبنەوە شکستیان هێناوە و بۆ ئەمەیش نموونەی بە هێرشی مەنگۆلەکان هێنایەوە و دەشڵێت: "کە ئەم سێ نەتەوەیە لێک دوورکەوتنەوە خاچهەڵگرەکان هێرشیان کردە سەریان. لە جەنگی جیهانیی یەکەم شکستمان خوارد، دیواریان لەنێوانمان دانا. چ کاتێک لێک جیابووینەتەوە دۆڕاوین".
ئەردۆغان باس لەوە دەکات کە مێژوو دووبارە دەبێتەوە و ئێستا بەبێ هیچ بەربەستێک کورد و تورک جارێکی دیکە باوەشی سۆز و خۆشەویستی بۆ یەکتر دەکەنەوە و دەڵێت: "سوپاسی خوا دەکەم کە ئەمڕۆ جارێکی دیکە ڕۆحیەتی شەڕی سەربەخۆیی تورکیا، هاوپەیمانێتی قودس و مەلازگیر دووبارە دەبنەوە و کازیوەی تورکیای بەهێز و مەزن دەردەکەوێت".
لەمەودوا هەموو کێشەیەک بە گفتوگۆ چارەسەر دەکەین
ئەردۆغان ئاماژە بەوە دەدات کە لەمەودوا بەبێ ئەوەی چەک ببێتە بەربەست بە سۆز و خۆشەویستی و برایانەوە گفتوگۆ دەکەن و کێشەکان چارەسەر دەکەن، دەڵێت: "هەموو هاوڵاتییەکی ئەم وڵاتە بەبێ جیاوازی هاوڵاتیی نمرە یەکە. وێڕای تەواوی جیاوازییەکانمان هەموومان پێکەوە تورکیاین. 23 ساڵە لەو پێناوە تێدەکۆشین. ئەگەر خوشک و برا کورد و عەلەوییەکانمان کێشەیان هەبێت، بە گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر دەکەین. پێکەوە بۆ داهاتوو دەڕوانین، بە یەکخستنی دڵەکان، کێشەکان نامێنن".
پرۆسەکە لەژێر چەتری پەرلەماندا بەردەوامی پێ دەدرێت
سەرکۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە دا کە وەک هەنگاوی یەکەم بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە لیژنەیەک لە پەرلەمانی تورکیا پێک دەهێندرێت و دەڵێت: "وەک هاوپەیمانیی جومهور (ئاک پارتی و مەهەپە) لەگەڵ دەم پارتی ئەم پرۆسەیە بەرەوپێش دەبەین. شاندی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و منیش لەگەڵ خوالێخۆشبوو سڕی سورەییا ئۆندەری برا و خاتوو پەروین بوڵدان تاوتوێی ئەوەمان کردووە. شتی باشتریش بەڕێوەیە و هیوادارین زۆرترین پەرلەمانتار پشتیوانی لە پرۆسەکە بکەن".
بێ ئەملاوئەولا دەبێت خوشک و برا کوردەکانمان لە سوریا لە ئارامیدا بژین
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا کە پرسی کوردانی باشور و ڕۆژئاوای کوردستانیش بە پرسی خۆیان دەزانن و دەڵێت: "لەگەڵ ئەوانیش قسە دەکەین و بەو پێشهاتانە دڵخۆشن. بەبێ چەندوچون دەبێت خوشک و برا کوردەکانمان لە سوریا لە ئارامیدا بژین".
ئاک پارتی، مەهەپە و دەم پارتی پێکەوەن بۆ سەرخستنی پرۆسەکە
ئەردۆغان سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە وەک ئاک پارتی، مەهەپە و دەم پارتی بڕیاریان داوە سێقۆڵی پرۆسەکە سەر بخەن و دەڵێت: "خوا یار بێت تەواوی بەربەستەکان دەبڕین. با هەموو کەس بزانێت ئیدی کاتی گفتوگۆ و باوەشکردنەوەیە بۆ یەکدی. دەست لەناو دەست سەدەی تورکیا بونیاد دەنێین. بە نەمانی تیرۆر لە جاران بەهێزتر دەبین. ئیدی وزەمان بە کاری سەرەکیمان دەبەخشین. لەبری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر سەرچاوەکانمان بۆ گەشەکردنی وڵات بەکار دەهێنین".
لە سایەی خوێنی سەربازە کوژراوەکان بەو ڕۆژە گەیشتین
ئەردۆغان دڵنیایی ئەوە دەدات کە پێویست ناکات هیچ کەسێک نیگەران بێت لەو پرۆسەیە و دەڵێت: "ئێستا تورک، کورد و عەرەب لە پێشتر زیاتر پارێزراون".
ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە بە وردی چاودێری ڕادەستکردنی چەکەکانی پەکەکە دەکەن و دەڵێت: "دەستی دایک و باوکی شەهیدان (سەرباز و گوندپارێزە کوژراوەکان) ماچ دەکەم. با کەس نان و پیاز بە خوێنی شەهیدەکانمانەوە نەخوات. بەو خاڵەی پێیگەیشتووین، ڕۆحی شەهیدانمان ئاسوودە دەبێت. ئەمەی ئەمڕۆ پێیگەیشتووین بەرهەمی خەباتی شەهید و برینداربووەکانمانە لە شەڕ. سوپاسی تەواوی سەربازە قارەمانەکان، کارمەندانی هەواڵگری، کەسوکاری شەهیدان و گەلەکەمان دەکەین و لە سایەی ئەوانەوەیە ئەمڕۆژە دەبینین".