پشتیوانیکردنى سودانى؛ فراکسیۆنێکى نوێ لە پەرلەمانى عێراق راگەیەنرا

#پەرلەمانى عێراق
4 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • فراکسیۆنەکە لە 53 پەرلەمانتار پێکهاتووە و بەوتەى بەشێک لە سەرچاوە عیراقییەکان لەلایەن محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانەوە پشتیوانى دەکرێت، بەڵام تا ئێستا خۆیان بەفەرمى ئەوەیان رانەگەیاندووە.
Primary Asset

فراکسیۆنەکە لە 53 پەرلەمانتار پێکهاتووە و بەوتەى بەشێک لە سەرچاوە عیراقییەکان لەلایەن محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانەوە پشتیوانى دەکرێت

سبەى

فراکسیۆنێکى نوێ بەناوى “ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان” لە پەرلەمانى عێراق راگەیەندرا و پشتیوانى خۆى بۆ هەوڵەکانى چاکسازیی لەلایەن حکومەتەوە دەربڕى.

 فراکسیۆنەکە لە 53 پەرلەمانتار پێکهاتووە و بەوتەى بەشێک لە سەرچاوە عیراقییەکان لەلایەن محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانەوە پشتیوانى دەکرێت، بەڵام تا ئێستا خۆیان بەفەرمى ئەوەیان رانەگەیاندووە.

فیراس مەسلەماوی ئەندامى پەرلەمانى عێراق لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسیدا کە لە باڵەخانەی پەرلەمان بەڕێوەچوو رایگەیاند، فراکسیۆنەکەیان لەسەر بنەمای پڕۆژەیەک بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق و بنیاتنانی سیستەمێکی سیاسی پێگەیشتوو وەک پڕۆژەیەکی نوێی نیشتمانی دامەزرێنراوە.

وتیشى "سەقامگیریی و دابینکردنی خزمەتگوزاری و پێشکەوتنی عێراق بە ئاوەدانکردنەوەی ڕاستەقینە و گەشەپێدان و دابەشکردنی دادپەروەرانەى سامان دەستپێدەکات".

بەرنامەى کارى فراکسیۆنەکە پێکهاتووە لە، ئاوەدانکردنەوە، بنیاتنانی ژێرخانى وڵات. دەرکردنی ئەو یاسایانەی کە پاڵپشتی گەشەپێدان و ژێرخانی سەرجەم پارێزگاکان دەکەن، لەگەڵ گەڕاندنەوەى هاوسەنگی بۆ کەرتی ئابووری و پیشەسازی، لەگەڵ  پشتگیریکردنی حکومەت لە هەوڵەکانی چاکسازیدا.

فراکسیۆنە نوێیەکە هەمان ناوى هاوپەیمانێتییەکەى محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراقى هەڵگرتووە کە لە ئایارى ئەمساڵدا بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن پێکیهێنا، ئەوەش دواى ئەوەى نیازى خۆى بۆ وەرگرتنەوەى پۆستى سەرۆک وەزیران ئاشکراکرد.

 هاوپەیمانێتییەکە کە ناوى “ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانە” هەریەکە لە سودانى و فالح فەیاز، ئەیاد عەلاوى سەرۆکى هاوپەیمانى نیشتمانى، ئەحمەد ئەسەدى وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى، نوسەیف خەتابی پارێزگارى کەربەلا لە خۆدەگرێت.

بەپێی پێشبینى لیژنەیەکی تەکنیکی چوارچێوەی هەماهەنگی کە تایبەتمەندە بە هەڵبژاردن، سودانی لانیکەم 100 هەزار دەنگ بەدەستدەهێنێت، ئەگەر بەشداری هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بکات، ئەوەش بەپێی راپۆرتێک کە پێشتر رۆژنامەى "مەدا" بڵاویکردەوە.

هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق رۆژی (11ـی تشرینی دووەمی 2025)  بەرێوەدەچێت.

بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق نۆ هەزار و 726 کاندید خۆیان تۆمارکردووە و کێبڕکێ لەسەر 329 کورسی پەرلەمان دەکەن، زیاتر لە 21 ملیۆن کەسیش مافى دەنگدانیان هەیە.

هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانى عێراق، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2004ـەوە، سیستمى یەک بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاکان لە چوار هەڵبژاردندا پەیڕەوکرا، لە کاتێکدا دوایین هەڵبژاردنى ساڵی 2021 بەپێی سیستمى فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بەسەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دابەشکرا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی