داواى بانگهێشتکردنى سودانى و بارزانى لەسەر کێشەى مووچە دەخرێتە بەردەم پەرلەمان

#پەرلەمانى عێراق#مووچە#سودانى#مەسرور بارزانى
4 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 4 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆى پەرلەماندا فراکسیۆنە کوردییەکان جگە لە پارتى کە بایکۆتى کۆبوونەوەکەى کرد، واژۆیان کۆکردبووەوە بۆ ئەوەى بڕگەی تایبەت بە پرسی مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم بۆ کۆبوونەوەکە زیاد بکرێت.
  • سەرچاوەیەک لە پەرلەمانى عێراق بۆ "سبەى": ئەو بڕگەیە بۆ کۆبوونەوەکە زیاد نەکرا، بەڵام سەرۆکى فراکسیۆنەکانى یەکێتى، یەکگرتوو، نەوەى نوێ و کۆمەڵ لەبارەى پرسی مووچەوە قسەیانکرد.
  • فراکسیۆنەکان داوایانکردووە، هەریەکە لە سەرۆک وەزیرانى عێراق و هەرێمى کوردستان، وەزیرانى دارایی هەرێم و عێراق بانگهێشتى پەرلەمان بکرێن بەمەبەستى تاوتوێکردنى پرسی مووچە و چارەسەرکردنى.
Primary Asset

سبەى

بەبێ زیادکردنى بڕگەى تایبەت بە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق بۆ رۆژى دووشەممە دواخرا، چوار فراکسیۆنى کوردیش داوادەکەن هەردوو سەرۆک وەزیرانى هەرێم و عێراق بانگهێشتى پەرلەمان بکرێن.

لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆى پەرلەماندا فراکسیۆنە کوردییەکان جگە لە پارتى کە بایکۆتى کۆبوونەوەکەى کرد، واژۆیان کۆکردبووەوە بۆ ئەوەى بڕگەی تایبەت بە پرسی مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم بۆ کۆبوونەوەکە زیاد بکرێت.

سەرچاوەیەک لە پەرلەمانى عێراق بە "سبەى" رایگەیاند، ئەو بڕگەیە بۆ کۆبوونەوەکە زیاد نەکرا، بەڵام سەرۆکى فراکسیۆنەکانى یەکێتى، یەکگرتوو، نەوەى نوێ و کۆمەڵ لەبارەى پرسی مووچەوە قسەیانکرد.

دارا سێکانیانى ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە "سبەى" راگەیاند، فراکسیۆنەکان داوایانکردووە، هەریەکە لە سەرۆک وەزیرانى عێراق و هەرێمى کوردستان، وەزیرانى دارایی هەرێم و عێراق بانگهێشتى پەرلەمان بکرێن بەمەبەستى تاوتوێکردنى پرسی مووچە و چارەسەرکردنى.

ئەو داوایەى فراکسیۆنە کوردییەکان هاوکاتە لەگەڵ بێ ئەنجامى هەوڵەکان بۆ چارەسەرى پرسی مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، کە ماوەى دوو مانگە موچەیان پێنەدراوە.

هەفتەى رابردوو ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق لیژنەیەکى لە پێنج وەزیر پێکهێنا بۆ چارەسەرى کێشەکە، بەڵام لیژنەکە تا ئێستا یەک کۆبوونەوەى ئەنجامداوە و نەگەیشتووە بە ئەنجام.

ئەرکى سەرەکى لیژنەکە ئامادەکردنى راسپاردەیە لەسەر دوو رەشنوسى جیاوازى هەرێم و بەغداد کە بۆ رێککەوتن ئامادەیان کردووە و لە کۆبوونەوەى سێشەممەى رابردووى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق خرایە بەرباس.

لەو دوو رەشنوسەدا هەرێم و بەغداد خاڵى جیاوازی زۆر لەنێوانیاندایە بۆ چارەسەرى پرسەکانى مووچە، نەوت و داهاتى ناوخۆیی و تەنها لەدوو خاڵیان نزیکن لە یەکەوە کە تایبەتە بەرادەستکردنى نەوت و بەکاربردنى ناوخۆیی.

خاڵى یەکەمى هەردوو پڕۆژەکەى هەرێم و بەغداد تایبەتە بە رادەستکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان بە کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ)، بەڵام هەریەکەیان پێشنیازى جیاوازى لەو بارەیەوە خستووەتەڕوو.

هەرێم دوو پێشنیازى لەو بارەیەوە خستووەتەروو، بەپێى پێشنیازى یەکەم، لەکۆى 282 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە 217 هەزار بەرمیل دەدرێتە بەغداد، ئەوەى دیکەى کە دەمێنێتەوە و 65 هەزار بەرمیلە بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی دەبێت.

بەپێى پێشنیازى دووەم، هەرێمى کوردستان ئامادەیە رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى سۆمۆ بکات تا ئەو کاتەى دەگەنە رێککەوتن لەسەر لایەنى راوێژکارى تایبەتمەند بۆ دیاریکردنى تێچووى راستەقینەى بەرهەمهێنانى نەوت.

پێشنیازى یەکەمى هەرێمى کوردستان تا ڕادەیەک نزیکە لە پێشنیازەکەى بەغدادەوە، بەو پێیەى بەغداد لە رەشنوسەکەیدا داوایکردووە هەرێم لەکۆى 282 هەزار بەرمیل 236 هەزار بەرمیل رادەست بکات و 46 هەزار بەرمیل بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی تەرخان بکرێت، واتە تەنها 19 هەزار بەرمیل نەوت جیاوازى لەنێوانیاندایە.

بەپێى رەشنوسەکەى بەغداد، لە قۆناغى دووەمدا کە هاوکات لەگەڵ قۆناغى یەکەم دەبێت بۆ ماوەى مانگێک جێبەجێ بکرێت، دەبێت وەزارەتى نەوتى عێراق بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى سامانە سروشتییەکان بڕى راستەقینەى نەوت بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی هەرێم دیارى بکات.

خاڵێکى دیکەى هەردوو رەشنوسەکە تایبەتە بە داهاتى ناوخۆیى کە هەردوولا تێیدا ناکۆکن، هەرێمى کوردستان بەبێ دیاریکردنى هیچ بڕێک ئامادەیی نیشانداوە لەسەر رادەستکردنى نیوەى داهاتى گومرگ و باج بەبەغداد، بەڵام بەغداد داوادەکات ئەو بڕە مانگانە لە 200 ملیار دینار کەمتر نەبێت، لەکاتێکدا هەرێم لەمساڵدا هیچ کات ئەو بڕەى رادەستنەکردووە.

لەسەر پرسی بەکارهێنانى ناوخۆیی نەوت، هەردوو حکومەت تاڕادەیەک نزیکن و هەردوولا بەرپرسیارێتییەکەیان خستووەتە ئەستۆى هەرێمى کوردستان .

بەپێی رەشنوسەکەى هەرێم بەکاربردنی ناوخۆیی لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی هەرێمی کوردستانە، رەشنوسەکەى بەغدادیش جەختى لەوە کردووەتەوە، بەتایبەتى لە قۆناغى یەکەمدا بە مەرجى پێدانی بڕی 16 دۆلار  بۆ هەر بەرمیلێک بە کۆمپانیاکان لە بەرامبەر تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، گەڕانەوەى داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ حکومەتی فیدراڵی، دوای داشکاندنی تێچووەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و پاڵاوتن.

خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەران یەکێکى دیکەیە لە خاڵە ناکۆکەکانى رەشنوسەکە، بەو پێیەى هەرێم داوایکردووە بەغداد مووچەى مانگەکانى ئایار و حوزەیران و سەرجەم مانگەکانى دیکەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان خەرج بکات تا پەسەندکردنى بودجە، بەڵام عێراق خەرجکردنى مووچەى بەستووەتەوە بە جێبەجێکردنى سەرجەم داواکارییەکانى کە بەشێکى تا ئێستا هەرێمى کوردستان رەزامەندى لەسەر نەداوە.

سەربارى ئەو خاڵانە، بەغداد لە رەشنووسەکەیدا جەختى لە پێکهێنانى لیژنەیەک کردووەتەوە بۆ تەوتینى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەماوەى 90 رۆژدا بەپێی بڕیارى دادگاى فیدراڵى، بەڵام لە رەشنوسەکەى هەرێمدا بەهیچ شێوەیەک باسى ئەو پرسە نەکراوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی