وێنەیەکی نیان
سبەی
لە شاری بۆكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بە تۆمەتی دەستدرێژی بۆسەر منداڵێكی كچی شەش ساڵان و پاشان مردنی، تۆمەتبارێك لە سێدارەدرا. چیرۆكی منداڵەكەش دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە.
ناسر عەتەباتی سەرۆكی دەزگای دادی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی كوردستان رایگەیاند" ئەمڕۆ شەممە 12ی تەمموز سزای لەسێدارەدانی تۆمەتبارێك بە تاوانی دەستدرێژی بۆ سەر كچێكی منداڵی تەمەن شەش ساڵان لە بەرچاوی خەڵك جێبەجێ كراوە".
بی بی سی فارسی بەمشێوەیە چیرۆكەكە باس دەكات، لە 18ی كانوونی دوەمی ساڵی 2025 هەواڵی كوژرانی نیانی تەمەن شەش ساڵان لە شاری بۆكانی سەر بە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەلاتی كوردستان بڵاوكرایەوە هەر ئەو كات پزیشكی دادی پارێزگای ورمێ رایگەیاند "ئاسەواری دەسترێژی سێكسی و ئازار و ئەشكەنجە و سوتان بەسەر جەستەی نیانەوە بووە".
سەرۆكی دادوەری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و سەرۆكی پۆلیسی بۆكان و نوێنەری شارەكە لە پەرلەمان بە خێرایی دەستگیركردنی تۆمەتباری سەرەكی و تۆمەتبارانی دیكەی ئەو دۆسیەیەیان ڕاگەیاند.
بەپێی هەواڵی میدیا ئێرانییەكان، چیرۆكی كارەساتەكە كاتێك دەستی پێكردووە كە دایكی نیان بەهۆی توندوتیژی خێزانییەوە ناچار بوو ماڵەكەی بەجێبهێڵێت و بگەڕێتەوە ماڵی دایكی، دوابەدوای ئەوە باوكی سەرپەرشتی كچەكەی گرتووەتە ئەستۆ و پاشان پەیوەندی دەرەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێك دەگرێت كە بەپێی لێكۆڵینەوەكانی داواكاری گشتی لەو كاتەوە برایەكی تەمەن 19 ساڵانی ژنەكە، كە ناوبەناو سەردانی ماڵەكەی كردووە، چەندین جار لە ماوەی شەش مانگدا ئازار و ئەشكەنجەی نیانی داوە.
لە ڕۆژی ڕووداوەكەدا، دوای دوایین دەستدرێژی، منداڵەكە بەهۆی سووتانی بە ئاوی كوڵاو و برینداربوونی سەخت گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، بەلام بە هۆی سەختی برینەكانییەوە دوای ماوەیەكی كەم، نیان گیانی لەدەستدا، پاشانیش چیرۆكی راستەقینەی نیان ئاشكرابوو، كە مردنەكەی لەخۆیەوە نەبووە و بە ئەشكەنجە و دەستدرێژی گیانی لەدەستداوە.
فەرزانە رەحمانی، دایكی نیان دەڵێت:" لەو كاتەوەی هاوسەرەكەم لە ماڵەوە دەریكردم، ڕێگەی نەدام نیان ببینم، سەرەڕای فەرمانی دادگا، تەنانەت جارێك بۆ ڕۆژی لەدایك بوونی دیارییەكم بۆ برد، بەڵام نیانی نەهێنا و تەنها سووكایەتیم بیست، هەر جارێك دەچوومە دادگا و بنكەی پۆلیس، دەیانوت سەرەتا بیدۆزەرەوە، دواتر ڕێوشوێن دەگرینەبەر".
هەرچەندە باوكی نیان رەتیدەكاتەوە ئاگاداری رووداوەكە و ئەشكەنجەدانی منداڵەكەی بووبێت، بەڵام دایكی دەڵێت "دەبوو شوێنەواری ئەشكەنجە ببینێت".