لۆگۆی بارەگای بارزانی
سبەی
ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی وەرگرتنی هەڵوێست بەهۆی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد كۆبوەتەوە، بارەگای بارزانی دەڵێت "لایەن و كەسایەتییە سیاسییەكان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە بەڵێنی ئەوەیان داوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چارەسەر بكرێت".
ئەو 48 كاتژمێرەی بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی مووچە و نەوت لەنێوان هەولێر و بەغداد دیاریكرابوو شەوی رابردوو كۆتایی هات، لەكاتێكدا دوای دوو رۆژ لە گفتوگۆ هەولێر و بەغداد نەگەیشتنە رێككەوتن و لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش بڕیاردرا لیژنەیەك لە پێنج وەزیر بۆ چارەسەری كێشەكان پێكبهێنرێت، بەڵام لیژنەكەش كێشەكەی یەكلا نەكردەوە.
بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە: "پەیوەست بە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ، لەسەر یەكلاییكردنەوەی پرسی مووچە و بودجە و شاییستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسیی پارتی بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی پێویست كۆبوەوە".
دەشڵێت " بەڵام هەر ئەمڕۆ د.فواد حوسێن دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی عێراقی گەڕاوەتەوە كوردستان و بە مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕاگەیاندووە كە لایەن و كەسایەتییە سیاسییەكان و حكومەتی عێڕاقی فیدراڵ بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە بەڵێنی ئەوەیان داوە كە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پرسی ناردنی مووچە و شاییستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێت".
"هەر لەسەر داوا و بەڵێنی ئەوان و لەپێناو بەردەوامبوونی گفتوگۆیەكی هێمنانە و ڕەچاوكردنی بارودۆخ و بەرژەوەندیی گشتی، پێمان باش بوو دوا دەرفەت بە حكومەتی عێراقی فیدراڵ لە بەغدا بدەین بۆ ئەوەی ڕێگەیەك بۆ كۆتایهێنان بەم كێشەیە بدۆزنەوە، هەمیشە بروامان بەوە هەبووە كە ئەگەر ڕێگەی گفتوگۆ هەبێت ئێمەش پێمان باشە بە لەیەكتر تێگەیشتن كێشەكان چارەسەر بكەین". بارەگای بارزانی وا دەڵێت.
بەبێ زیادكردنی بڕگەی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دواخرا
راگەیەندراوەكەی بارەگای بارزانی لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ بەبێ زیادكردنی بڕگەی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ رۆژی دووشەممە دواخرا، چوار فراكسیۆنی كوردیش داوادەكەن هەردوو سەرۆك وەزیرانی هەرێم و عێراق بانگهێشتی پەرلەمان بكرێن.
دارا سێكانیانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە "سبەی" راگەیاند، فراكسیۆنەكان داوایانكردووە، هەریەكە لە سەرۆك وەزیرانی عێراق و هەرێمی كوردستان، وەزیرانی دارایی هەرێم و عێراق بانگهێشتی پەرلەمان بكرێن بەمەبەستی تاوتوێكردنی پرسی مووچە و چارەسەركردنی.
ئەو داوایەی فراكسیۆنە كوردییەكان هاوكاتە لەگەڵ بێ ئەنجامی هەوڵەكان بۆ چارەسەری پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، كە ماوەی دوو مانگە موچەیان پێنەدراوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لیژنەیەكی لە پێنج وەزیر پێكهێنا
هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لیژنەیەكی لە پێنج وەزیر پێكهێنا بۆ چارەسەری كێشەكە، بەڵام لیژنەكە تا ئێستا یەك كۆبوونەوەی ئەنجامداوە و نەگەیشتووە بە ئەنجام.
ئەركی سەرەكی لیژنەكە ئامادەكردنی راسپاردەیە لەسەر دوو رەشنوسی جیاوازی هەرێم و بەغداد كە بۆ رێككەوتن ئامادەیان كردووە و لە كۆبوونەوەی سێشەممەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق خرایە بەرباس.
لەو دوو رەشنوسەدا هەرێم و بەغداد خاڵی جیاوازی زۆر لەنێوانیاندایە بۆ چارەسەری پرسەكانی مووچە، نەوت و داهاتی ناوخۆیی و تەنها لەدوو خاڵیان نزیكن لە یەكەوە كە تایبەتە بەرادەستكردنی نەوت و بەكاربردنی ناوخۆیی.
خاڵی یەكەمی هەردوو پڕۆژەكەی هەرێم و بەغداد تایبەتە بە رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، بەڵام هەریەكەیان پێشنیازی جیاوازی لەو بارەیەوە خستووەتەڕوو.
هەرێم دوو پێشنیازی لەو بارەیەوە خستووەتەروو، بەپێی پێشنیازی یەكەم، لەكۆی 282 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە 217 هەزار بەرمیل دەدرێتە بەغداد، ئەوەی دیكەی كە دەمێنێتەوە و 65 هەزار بەرمیلە بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی دەبێت.
بەپێی پێشنیازی دووەم، هەرێمی كوردستان ئامادەیە رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بكات تا ئەو كاتەی دەگەنە رێككەوتن لەسەر لایەنی راوێژكاری تایبەتمەند بۆ دیاریكردنی تێچووی راستەقینەی بەرهەمهێنانی نەوت.
پێشنیازی یەكەمی هەرێمی كوردستان تا ڕادەیەك نزیكە لە پێشنیازەكەی بەغدادەوە، بەو پێیەی بەغداد لە رەشنوسەكەیدا داوایكردووە هەرێم لەكۆی 282 هەزار بەرمیل 236 هەزار بەرمیل رادەست بكات و 46 هەزار بەرمیل بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی تەرخان بكرێت، واتە تەنها 19 هەزار بەرمیل نەوت جیاوازی لەنێوانیاندایە.
بەپێی رەشنوسەكەی بەغداد، لە قۆناغی دووەمدا كە هاوكات لەگەڵ قۆناغی یەكەم دەبێت بۆ ماوەی مانگێك جێبەجێ بكرێت، دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕی راستەقینەی نەوت بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی هەرێم دیاری بكات.
خاڵێكی دیكەی هەردوو رەشنوسەكە تایبەتە بە داهاتی ناوخۆیی كە هەردوولا تێیدا ناكۆكن، هەرێمی كوردستان بەبێ دیاریكردنی هیچ بڕێك ئامادەیی نیشانداوە لەسەر رادەستكردنی نیوەی داهاتی گومرگ و باج بەبەغداد، بەڵام بەغداد داوادەكات ئەو بڕە مانگانە لە 200 ملیار دینار كەمتر نەبێت، لەكاتێكدا هەرێم لەمساڵدا هیچ كات ئەو بڕەی رادەستنەكردووە.
هەرێم و بەغداد لە چییدا لێک نزیکن؟
لەسەر پرسی بەكارهێنانی ناوخۆیی نەوت، هەردوو حكومەت تاڕادەیەك نزیكن و هەردوولا بەرپرسیارێتییەكەیان خستووەتە ئەستۆی هەرێمی كوردستان .
بەپێی رەشنوسەكەی هەرێم بەكاربردنی ناوخۆیی لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی هەرێمی كوردستانە، رەشنوسەكەی بەغدادیش جەختی لەوە كردووەتەوە، بەتایبەتی لە قۆناغی یەكەمدا بە مەرجی پێدانی بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بە كۆمپانیاكان لە بەرامبەر تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، گەڕانەوەی داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكان بۆ حكومەتی فیدراڵی، دوای داشكاندنی تێچووەكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و پاڵاوتن.
خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران یەكێكی دیكەیە لە خاڵە ناكۆكەكانی رەشنوسەكە، بەو پێیەی هەرێم داوایكردووە بەغداد مووچەی مانگەكانی ئایار و حوزەیران و سەرجەم مانگەكانی دیكەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرج بكات تا پەسەندكردنی بودجە، بەڵام عێراق خەرجكردنی مووچەی بەستووەتەوە بە جێبەجێكردنی سەرجەم داواكارییەكانی كە بەشێكی تا ئێستا هەرێمی كوردستان رەزامەندی لەسەر نەداوە.
سەرباری ئەو خاڵانە، بەغداد لە رەشنووسەكەیدا جەختی لە پێكهێنانی لیژنەیەك كردووەتەوە بۆ تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەماوەی 90 رۆژدا بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، بەڵام لە رەشنوسەكەی هەرێمدا بەهیچ شێوەیەك باسی ئەو پرسە نەكراوە.