ئەردۆغان و سودانی
سبەی
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، پەیوەندی بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە كردووە، لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەدا وتویەتی "تیرۆر لە ناوچەكە لە رەگەوە هەڵدەكێشن".
بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا و نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجامداوە.
لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەدا ئەردۆغان جەختیكردووەتەوە "وڵاتەكەمان بەرەوپێش دەچێت لە جێبەجێكردنی دیدگای توركیای بێ تیرۆر كە ئامانج لێی هەڵكێشانی تیرۆرە لە ناوچەكە لە رەگەوە".
سەرۆك كۆماری توركیا هەروەها وتویەتی "توركیا بەردەوام دەبێت لە هەنگاوە پێویستەكانی لەوبارەیەوە، بە ئاگاییەوە دژی ئەو كەسانەش دەجوڵێنەوە كە هەوڵدەدەن ئەو رێرەوە تێكبدەن".
بەپێی راگەیەندراوی هاوبەشی هەردوو لایەنی عێراقی و توركی، لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەدا سودانی و ئەردۆغان باسیان لە پەیوەندی دووقۆڵی و پرسی هەرێمیی و نێودەوڵەتی كردووە، جگە لەوەی باسی رێگەی گەشەپێدانیان كردووە.
هەر لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەدا سودانی پیرۆزبایی لە ئەردۆغان كردووە "بەبۆنەی رێككەوتنی نێوان حكومەتی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان".جەختیكردووەتەوە رێككەوتنەكە بەشێوەیەكی ئەرێنی كاریگەری لەسەر ناوچەكە دەبێت، وا دەكات سەقامگیربێت و گەشەبكات و دەبێتە خێر بۆ گەلانی ناوچەكە".
پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەی ئەردۆغان و سودانی، دوای رۆژێك دێت لە رێورەسمی چەكدانان و پاشان سوتاندنی لەلایەن 30 گەریلای پارتی كرێكارانی كوردستان لە گوندی جاسەنەی پارێزگای سلێمانی، ئەمەش وەك جێبەجێكردنی داواكاری عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە كە شوباتی ئەمساڵ داوای چەكدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكەی كرد.
لە تەمموزی ساڵی رابردوودا و دوای زیاتر لە سێ مانگ لەسەردانەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەغداد، حكومەتی عێراق پەكەكەی خستە لیستی رێكخراوە قەدەغەكراوەكانەوە.
عێراق و توركیا سنورێكی هاوبەشی 367 كیلۆمەتری بەیەكەوە دەیانبەستێتەوە و پێشتر چەندین رێككەوتنیان كردووە بۆ پاراستنی سنورەكانیان، بەڵام بەتەواوی جێبەجێنەكراون.