سبەى
چاوەڕواندەکرێت لیژنە وەزارییەکەى عێراق رۆژى سێشەممە راسپاردەکانى بۆ رێککەوتنى هەرێم و بەغداد بخاتە بەردەم ئەنجومەنى وەزیران بەمەبەستى بڕیاردان لەسەرى، سەرچاوەیەکى حکومیش جەختدەکاتەوە بەغداد سورە لەسەر جێبەجێکردنى سەرجەم مەرجەکانى بۆ ناردنى مووچە.
هەفتەى رابردوو ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق لیژنەیەکى لە پێنج وەزیر پێکهێنا بۆ چارەسەرى کێشەى مووچە و تا ئێستا یەک کۆبوونەوەى ئەنجامداوە. ئەرکى سەرەکى لیژنەکە ئامادەکردنى راسپاردەیە لەسەر دوو رەشنوسى جیاوازى هەرێم و بەغداد کە بۆ رێککەوتن ئامادەیان کردووە و لە کۆبوونەوەى سێشەممەى رابردووى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق خرایە بەرباس.
سەرچاوەیەکى حکومى عێراقى رایگەیاند، رۆژى سێشەممە ئەنجومەنى وەزیران ئەو پرسە یەکلایی دەکاتەوە، ئەوەش دواى ئەوەى لیژنە وەزارییەکە راسپاردەکانى لەو بارەیەوە دەخاتەڕوو.
وتیشى هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستى حکومەتى عێراق رووینەداوە و هیچ بەڵێن یاخود داوایەک بۆ پێدانى هەل نەدراوە و بەغداد پێداگرە لەسەر رادەستکردنى نەوتى هەرێم و داهاتى نانەوتى و تەوتینى مووچە، وەک مەرج بۆ ناردنى مووچە.
لەو دوو رەشنوسەدا کە بۆ رێککەوتن پێشکەشیان کردووە، هەرێم و بەغداد خاڵى جیاوازی زۆر لەنێوانیاندایە بۆ چارەسەرى پرسەکانى مووچە، نەوت و داهاتى ناوخۆیی.
رۆژنامەى سەباحى فەرمى حکومەتى عێراق لە ژمارەى ئەمڕۆیدا بڵاویکردەوە، رێککەوتنى چاوەڕوانکراوى هەرێم و بەغداد هەنگاوێکى ئەرێنییە بۆ رەخساندنى بنەماى شەراکەت و هاوبەشى ئابورى.
نادیە عەبودى نوێنەرى بەسرە لە پەرلەمانى عێراق دەڵێت، رێککەوتنى چاوەڕوانکراو، بنەماکانى دادپەروەرى لە دابەشکردنى داهات و گەشەپێدانى بەردەوام پتەو دەکات.
بەهۆى بەردەوامى کێشەى مووچەوە و بێ ئەنجامى هەوڵەکان لەو بارەیەوە، رۆژى شەممە فراکسیۆنە کوردییەکانى پەرلەمانى عێراق جگە لە پارتى کە بایکۆتى کۆبوونەوەى پەرلەمانى کرد، واژۆیان کۆکردەوە و داوایان لەسەرۆکایەتى پەرلەمان کرد بڕگەی تایبەت بە پرسی مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم بۆ کۆبوونەوەکە زیاد بکرێت و هەردوو سەرۆک وەزیرانى هەرێم و عێراق بانگهێشتى پەرلەمان بکرێن.
سەرچاوەیەک لە پەرلەمانى عێراق بە "سبەى" رایگەیاند، بڕگەیە بۆ کۆبوونەوەکە زیاد نەکرا، بەڵام سەرۆکى فراکسیۆنەکانى یەکێتى، یەکگرتوو، نەوەى نوێ و کۆمەڵ لەبارەى پرسی مووچەوە قسەیانکرد.
دارا سێکانیانى ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە "سبەى" راگەیاند، فراکسیۆنەکان داوایانکردووە، هەریەکە لە سەرۆک وەزیرانى عێراق و هەرێمى کوردستان، وەزیرانى دارایی هەرێم و عێراق بانگهێشتى پەرلەمان بکرێن بەمەبەستى تاوتوێکردنى پرسی مووچە و چارەسەرکردنى.
رەشنوسەکانى هەرێم و بەغداد
لەو دوو رەشنوسەدا هەرێم و بەغداد خاڵى جیاوازی زۆر لەنێوانیاندایە بۆ چارەسەرى پرسەکانى مووچە، نەوت و داهاتى ناوخۆیی و تەنها لەدوو خاڵیان نزیکن لە یەکەوە کە تایبەتە بەرادەستکردنى نەوت و بەکاربردنى ناوخۆیی.
خاڵى یەکەمى هەردوو پڕۆژەکەى هەرێم و بەغداد تایبەتە بە رادەستکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان بە کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ)، بەڵام هەریەکەیان پێشنیازى جیاوازى لەو بارەیەوە خستووەتەڕوو.
هەرێم دوو پێشنیازى لەو بارەیەوە خستووەتەروو، بەپێى پێشنیازى یەکەم، لەکۆى 282 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە 217 هەزار بەرمیل دەدرێتە بەغداد، ئەوەى دیکەى کە دەمێنێتەوە و 65 هەزار بەرمیلە بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی دەبێت.
بەپێى پێشنیازى دووەم، هەرێمى کوردستان ئامادەیە رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى سۆمۆ بکات تا ئەو کاتەى دەگەنە رێککەوتن لەسەر لایەنى راوێژکارى تایبەتمەند بۆ دیاریکردنى تێچووى راستەقینەى بەرهەمهێنانى نەوت.
پێشنیازى یەکەمى هەرێمى کوردستان تا ڕادەیەک نزیکە لە پێشنیازەکەى بەغدادەوە، بەو پێیەى بەغداد لە رەشنوسەکەیدا داوایکردووە هەرێم لەکۆى 282 هەزار بەرمیل 236 هەزار بەرمیل رادەست بکات و 46 هەزار بەرمیل بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی تەرخان بکرێت، واتە تەنها 19 هەزار بەرمیل نەوت جیاوازى لەنێوانیاندایە.
بەپێى رەشنوسەکەى بەغداد، لە قۆناغى دووەمدا کە هاوکات لەگەڵ قۆناغى یەکەم دەبێت بۆ ماوەى مانگێک جێبەجێ بکرێت، دەبێت وەزارەتى نەوتى عێراق بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى سامانە سروشتییەکان بڕى راستەقینەى نەوت بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی هەرێم دیارى بکات.
خاڵێکى دیکەى هەردوو رەشنوسەکە تایبەتە بە داهاتى ناوخۆیى کە هەردوولا تێیدا ناکۆکن، هەرێمى کوردستان بەبێ دیاریکردنى هیچ بڕێک ئامادەیی نیشانداوە لەسەر رادەستکردنى نیوەى داهاتى گومرگ و باج بەبەغداد، بەڵام بەغداد داوادەکات ئەو بڕە مانگانە لە 200 ملیار دینار کەمتر نەبێت، لەکاتێکدا هەرێم لەمساڵدا هیچ کات ئەو بڕەى رادەستنەکردووە.
لەسەر پرسی بەکارهێنانى ناوخۆیی نەوت، هەردوو حکومەت تاڕادەیەک نزیکن و هەردوولا بەرپرسیارێتییەکەیان خستووەتە ئەستۆى هەرێمى کوردستان .
بەپێی رەشنوسەکەى هەرێم بەکاربردنی ناوخۆیی لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی هەرێمی کوردستانە، رەشنوسەکەى بەغدادیش جەختى لەوە کردووەتەوە، بەتایبەتى لە قۆناغى یەکەمدا بە مەرجى پێدانی بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بە کۆمپانیاکان لە بەرامبەر تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، گەڕانەوەى داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ حکومەتی فیدراڵی، دوای داشکاندنی تێچووەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و پاڵاوتن.
خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەران یەکێکى دیکەیە لە خاڵە ناکۆکەکانى رەشنوسەکە، بەو پێیەى هەرێم داوایکردووە بەغداد مووچەى مانگەکانى ئایار و حوزەیران و سەرجەم مانگەکانى دیکەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان خەرج بکات تا پەسەندکردنى بودجە، بەڵام عێراق خەرجکردنى مووچەى بەستووەتەوە بە جێبەجێکردنى سەرجەم داواکارییەکانى کە بەشێکى تا ئێستا هەرێمى کوردستان رەزامەندى لەسەر نەداوە.
سەربارى ئەو خاڵانە، بەغداد لە رەشنووسەکەیدا جەختى لە پێکهێنانى لیژنەیەک کردووەتەوە بۆ تەوتینى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەماوەى 90 رۆژدا بەپێی بڕیارى دادگاى فیدراڵى، بەڵام لە رەشنوسەکەى هەرێمدا بەهیچ شێوەیەک باسى ئەو پرسە نەکراوە.