مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی سەرپەرشتی دەكەن؛ سبەینێ كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی بەڕێوەدەچێت

#پارتی#یەکێتی#بارزانی#تاڵەبانی#پیرمام
9 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • بەپێی زانیارییەكانی "سبەی" كە لە چەند سەرچاوەیەكی پارتی و یەكێتی دەستیكەوتوون، كۆبوونەوەكە لە پیرمام بەڕێوە دەچێت و ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەش، "یەكهەڵوێستی لە بەغداد و  پرسی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كێشەی مووچە و هەناردە كردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانە".
Primary Asset

گرافیکی سبەی

سبەی

سبەینێ دووشەممە 14ی تەممووزی 2025، لە پیرمام كۆبوونەوەی باڵا لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی سەرپەرشتی كۆبوونەوەكە دەكەن.

بەپێی زانیارییەكانی "سبەی" كە لە چەند سەرچاوەیەكی پارتی و یەكێتی دەستیكەوتوون، كۆبوونەوەكە لە پیرمام بەڕێوە دەچێت و ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەش، "یەكهەڵوێستی لە بەغداد و  پرسی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كێشەی مووچە و هەناردە كردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانە".

كۆبوونەوەكە لەكاتێكدایە، ئەو 48 كاتژمێرەی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد دانرابوو شەوی هەینی رابردوو كۆتایی هات، بەڵام ئەو لیژنەیەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ چارەسەری كێشەكان پێكیهێنابوو یەك كۆبوونەوەی كرد و كۆبوونەوەی دووەمی ئەنجام نەدا.

شەوی رابردوو، بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە: "پەیوەست بە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ، لەسەر یەكلاییكردنەوەی پرسی مووچە و بودجە و شاییستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسیی پارتی بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی پێویست كۆبوەوە".

ئەوەشی خستەڕوو" بەڵام هەر ئەمڕۆ د.فواد حوسێن دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی عێراقی گەڕاوەتەوە كوردستان و بە مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕاگەیاندووە كە لایەن و كەسایەتییە سیاسییەكان و حكومەتی عێڕاقی فیدراڵ بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە بەڵێنی ئەوەیان داوە كە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پرسی ناردنی مووچە و شاییستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان  چارەسەر بكرێت". 

"هەر لەسەر داوا و بەڵێنی ئەوان و لەپێناو  بەردەوامبوونی گفتوگۆیەكی هێمنانە و ڕەچاوكردنی بارودۆخ و بەرژەوەندیی گشتی، پێمان باش بوو دوا دەرفەت بە حكومەتی عێراقی فیدراڵ لە بەغدا بدەین بۆ ئەوەی ڕێگەیەك بۆ كۆتایهێنان بەم كێشەیە بدۆزنەوە، هەمیشە بروامان بەوە هەبووە كە ئەگەر ڕێگەی گفتوگۆ هەبێت ئێمەش پێمان باشە بە لەیەكتر تێگەیشتن كێشەكان چارەسەر بكەین". بارەگای بارزانی وا دەڵێت.

بەبێ زیادكردنی بڕگەی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دواخرا

راگەیەندراوەكەی بارەگای بارزانی لەكاتێكدابوو، دوێنێ بەبێ زیادكردنی بڕگەی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ رۆژی دووشەممە دواخرا، چوار فراكسیۆنی كوردیش داوادەكەن هەردوو سەرۆك وەزیرانی هەرێم و عێراق بانگهێشتی پەرلەمان بكرێن.

ئەو داوایەی فراكسیۆنە كوردییەكان هاوكاتە لەگەڵ بێ ئەنجامی هەوڵەكان بۆ چارەسەری پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، كە ماوەی دوو مانگە موچەیان پێنەدراوە.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لیژنەیەكی لە پێنج وەزیر پێكهێنا

هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لیژنەیەكی لە پێنج وەزیر پێكهێنا بۆ چارەسەری كێشەكە، بەڵام لیژنەكە تا ئێستا یەك كۆبوونەوەی ئەنجامداوە و نەگەیشتووە بە ئەنجام.

ئەركی سەرەكی لیژنەكە ئامادەكردنی راسپاردەیە لەسەر دوو رەشنوسی جیاوازی هەرێم و بەغداد كە بۆ رێككەوتن ئامادەیان كردووە و لە كۆبوونەوەی سێشەممەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق خرایە بەرباس.

لەو دوو رەشنوسەدا هەرێم و بەغداد خاڵی جیاوازی زۆر لەنێوانیاندایە بۆ چارەسەری پرسەكانی مووچە، نەوت و داهاتی ناوخۆیی و تەنها لەدوو خاڵیان نزیكن لە یەكەوە كە تایبەتە بەرادەستكردنی نەوت و بەكاربردنی ناوخۆیی.

خاڵی یەكەمی هەردوو پڕۆژەكەی هەرێم و بەغداد تایبەتە بە رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، بەڵام هەریەكەیان پێشنیازی جیاوازی لەو بارەیەوە خستووەتەڕوو.

هەرێم دوو پێشنیازی لەو بارەیەوە خستووەتەروو، بەپێی پێشنیازی یەكەم، لەكۆی 282 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە 217 هەزار بەرمیل دەدرێتە بەغداد، ئەوەی دیكەی كە دەمێنێتەوە و 65 هەزار بەرمیلە بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی دەبێت.

بەپێی پێشنیازی دووەم، هەرێمی كوردستان ئامادەیە رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بكات تا ئەو كاتەی دەگەنە رێككەوتن لەسەر لایەنی راوێژكاری تایبەتمەند بۆ دیاریكردنی تێچووی راستەقینەی بەرهەمهێنانی نەوت.

پێشنیازی یەكەمی هەرێمی كوردستان تا ڕادەیەك نزیكە لە پێشنیازەكەی بەغدادەوە، بەو پێیەی بەغداد لە رەشنوسەكەیدا داوایكردووە هەرێم لەكۆی 282 هەزار بەرمیل 236 هەزار بەرمیل رادەست بكات و 46 هەزار بەرمیل بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی تەرخان بكرێت، واتە تەنها 19 هەزار بەرمیل نەوت جیاوازی لەنێوانیاندایە.

بەپێی رەشنوسەكەی بەغداد، لە قۆناغی دووەمدا كە هاوكات لەگەڵ قۆناغی یەكەم دەبێت بۆ ماوەی مانگێك جێبەجێ بكرێت، دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕی راستەقینەی نەوت بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی هەرێم دیاری بكات.

خاڵێكی دیكەی هەردوو رەشنوسەكە تایبەتە بە داهاتی ناوخۆیی كە هەردوولا تێیدا ناكۆكن، هەرێمی كوردستان بەبێ دیاریكردنی هیچ بڕێك ئامادەیی نیشانداوە لەسەر رادەستكردنی نیوەی داهاتی گومرگ و باج بەبەغداد، بەڵام بەغداد داوادەكات ئەو بڕە مانگانە لە 200 ملیار دینار كەمتر نەبێت، لەكاتێكدا هەرێم لەمساڵدا هیچ كات ئەو بڕەی رادەستنەكردووە.

نزیكەی 10 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تێپەڕیوە

رۆژی 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، لەوكاتەوە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان چەند كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامداوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام تائێستا هیچ رێككەوتنێك نەكراوە، لەكاتێكدا 2-12-2024 یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، تیایدا پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد، بەڵام تائێستا هیچ دانیشتنێكیان ئەنجام نەداوە.

  

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی