سبەی
سەرەڕای ئاگربەستی نێوانیان، نەک تەنها کێشەکانی ئێران و ئیسرائیل چارەسەر نەبووە، بەڵکو تا دێت قووڵتر دەبێتەوە، پێشبینییەکان باس لەوە دەکەن دۆخەکە بەم جۆرە بێت ئەگەری سەرهەڵدانەوەی جەنگێکی وێرانکەرتر لە نێوان ئەو دوو دوژمنە کۆنە هەیە.
دۆخەکە کاتێک مەترسیدارتر دەبێت کە دوو لایەن پێداگرن لەسەر داواکارییەکانیان بە جۆرێک کە هیچ جۆرە گۆڕانکارییەک لە نێوان دۆخی پێش جەنگ و دوای جەنگ دا لە ئارادا نییە.
بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی رایگەیاند: پشتیوانی لە ڕێکەوتنێک دەکات کە سێ مەرج لەخۆ بگرێت، ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم، قەدەغەکردنی ئێران لەوەی خاوەنی مووشەکی بالیستیی بێت کە دووری زیاتر لە 480 کیلۆمەتر ببڕێت، ئەوەش بە گوێرەی پەیماننامە و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە، مەرجی سێیەمیش دەبێت ئێران دەستبەرداری تیرۆر بێت."
لە دیمانەکەیدا نەتەنیاهۆ دەشڵێت: ئەگەر ئێران پابەند نەبێت بەم مەرجانە ئەوا دەبێت چاوەڕێی سیناریۆی دیکە بێت.
مەرجەکانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە تا ئێستا هیچ جۆرە بەڵگەیەک بۆ پاشەکشەی ئێران لە داواکارییەکانی نەبینراوە و ئێران پێداگرە لەسەر ئەوەی کە پیتاندنی یۆرانیۆم مافی بنەڕەتی وڵاتەکەیەتی و دەستبەرداری نابێت.
لای خۆیەوە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوە لەگەڵ بەشێک لە نێردە دیپلۆماسییەکانی ئێران رایگەیاند: وڵاتەکەی هیچ رێکەوتنێک ناکات ئەگەر مافی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئێران مسۆگەر نەکرێت، وتیشی ئێران لەسەر بەرنامەی بەرگری خۆی "مووشەکی" دانوستان ناکات.
هەر لەو بارەیەوە محەمەد قائیدی مامۆستای زانکۆی جۆرج تاونی ئەمەریکی بە میدیای ئێرانی ڕاگەیاندوە، ئێران پابەند نابێت بەو مەرجانەی بۆی دیاریکراوە بەوەش پێدەچێت دۆخەکە مەترسیدارتر بێت، دەشڵێت، ئەگەر هەیە ئێران سەبارەت بە بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم نەرمی بنوێنێت، بەڵام تایبەت بە بەرنامە مووشەکییەکەی زەحمەتە پاشەکشە بکات بە تایبەت کە جەنگی ئێران و ئیسرائیل دەریخست تەنها ئامرازی بەرگری بۆ وڵاتەکەی مووشەکەکانییەتی.
لە کاتێکدا ئێران ناچێتە ژێر باری هیچ جۆرە ڕێکەوتنێک کە لەگەڵ چەندین قەیرانی گەورە رووبەڕوو بووەتەوە لەوانەش مەترسی هێرشی دوبارەی ئیسرائیل کە بووەتە هۆی ئەوەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی نەتوانێت وەک رابردوو دەربکەوێت و لە کۆبوونەوە گشتییەکاندا بەشداریی بکات، هاوکات سێ وڵاتی ئەوروپی (فەڕەنسا بەریتانیا و ئەڵمانیا) هۆشداری دەدەن کە میکانیزمی گەڕاندنەوەی سەرجەم سزاکانی سەر ئێران تا کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەر کارا دەکەنەوە و لە لایەکی دیکەشەوە دۆخی ئابووری ئێران لە قەیرانێکی گەورەدایە.
لای خۆیەوە مێهرزاد بروجێردی مامۆستای زانکۆی ڤێرجینیا تێک دەڵێت: ئێران سەرەڕای پێداگرییەکانی دواجار ناچار دەبێت بەشێک لە داخوازییەکانی ئەمەریکا جێبەجێ بکات، مێژوو سەلماندوویەتی کە هەرکات بەرپرسانی ئێران لەگەڵ هەڕەشەی مان و نەمان بۆ سەر وڵاتەکەیان و بەتایبەت دەسەڵاتەکەیان لە ئارادا بێت ئامادەن سازش بکەن.
لە ئێستادا نزیکەی 90 ملیۆن ئێرانی نیگەرانن لەوەی کە جەنگ دەست پێبکاتەوە و هیچ جۆرە دڵنیاییەکیان بۆ داهاتوو نییە و ئەوەی هەموو کاتیش سەلمێنراوە ئەوەیە کە لە جەنگی نێوان دو دەسەڵات ئەوەی زیاترین زیان دەبینن هاوڵاتیانی مەدەنین.
رۆژهەڵاتی ناوەراست هەموو کات شوێنی روداوی گەورە و پێشبینی نەکراوە و ئەوەش هەر جۆر گریمانەیەک بۆ داهاتوو زەحمەت و قورس دەکات.