ئۆجەلان: بە دادگاییکردنی گەریلاکان و نیشاندانیان وەک تاوانبار، پرسی کورد چارەسەر ناکرێت و هەرگیز ئەمە قبوڵ ناکەین

#ئۆجەلان#تورکیا#پەکەکە#کوردستان
7 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 7 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • هەرچەند دەنگۆی ئەوە بڵاوە کە گوایە ئەم پرۆسە نوێیەی لە تورکیا دەستی پێ کردووە، چۆکدانان و ڕادەستکردنی پەکەکەیە بە تورکیا لە لایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە، بەڵام بە خوێندنەوەی ئەو پەیامەی ئۆجەلان بۆ کۆنگرەی 12ی پەکەکەی ناردووە، دەردەکەوێت خۆی بابەتەکە بەم جۆرە نییە و سەرخستنی پرۆسەکە، پەیوەستە بە پابەندکردنی تورکیا بە چەندین خاڵەوە لەبارەی کورد.
Primary Asset

سبەی

هەرچەند دەنگۆی ئەوە بڵاوە کە گوایە ئەم پرۆسە نوێیەی لە تورکیا دەستی پێ کردووە، چۆکدانان و ڕادەستکردنی پەکەکەیە بە تورکیا لە لایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە، بەڵام بە خوێندنەوەی ئەو پەیامەی ئۆجەلان بۆ کۆنگرەی 12ـی پەکەکەی ناردووە، دەردەکەوێت بابەتەکە بەو جۆرە نییە و سەرخستنی پرۆسەکە، پەیوەستە بە پابەندکردنی تورکیا بە چەندین خاڵەوە لەبارەی کورد. 

ماڵپەڕی میدیاسکۆپ بڵاوی کردووەتەوە لە سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە بەشێک لەو پەیامەی ئۆجەلانی بە دەست گەیشتووە کە بە ناوی "مانیفێستی کۆمەڵگای دیموکراتی" بۆ کۆنگرەی 12ـی پەکەکە ڕەوانە کردووە کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو و ئاماژەی بەوە داوە کە سەرەتا پەیامەکە نزیکەی 300 لاپەڕە بووە، بەڵام لە 9ـی ئایار پەیامەکە پوخت کراوەتەوە بۆ 160 لاپەڕە.

ئەو بەشەی پەیامەکە کە بەو ماڵپەڕە گەیشتووە بەو ڕستەیە کۆتایی دێت: "بوونی نەتەوەیی سەلمێندرا، ئێستا کاتی ڕزگاریی دیموکراتییە!" و بەشە بڵاوکراوەکەی پەیامەکەش بەم جۆرەیە:

شەڕ نا، بەڵکوو ئاشتبوونەوەی دیموکراتییانە

ئێمە کۆتایی بەو شەڕە دەهێنین کە هیچ لایەکمان تیایدا براوە نین و هەموومان دۆڕاوین. بە پێچەوانەوە، لەبری ئەوە سیاسەت و ستراتیجی  چارەسەری دیموکراتی پەیڕەو دەکەین لەسەر بنەمای بردنەوەی هاوبەش لەگەڵ هەر چوار دەوڵەتی دراوسێ بە دیدگای کۆمەڵگای دیموکراتی. ئەمە هەم زۆر گرنگ و مێژووییە و هەم بەڕاستی هەموو لایەک تیایدا براوە دەبێت. 

بەم شێوازە ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، کۆماری عێراق و کۆماری سوریا و بە تایبەتیش لەگەڵ کۆماری تورکیا ئاشت ببینەوە. ئێمە ئەمە ناودەنێین ئاشتبوونەوەی دیموکراتیانە. 

لەگەڵ سوریا هەنگاوێکی وا دەنرێت؛ لەگەڵ عێراق هەنگاوی هاوشێوە نراوە؛ ئەگەری زۆرە لەگەڵ ئێرانیش بنرێت. بەڵام گرنگترین پرسیار ئەوەیە ئەم هەنگاوە چۆن لەگەڵ کۆماری تورکیا دەنرێت؟ خۆی گفتوگۆ هەیە؛ بەڵام پێشهاتەکانی داهاتوو نیشانی دەدەن کە ئایا ئەم گفتوگۆیە دەگۆڕێت بۆ دانوستانی دیموکراتییانە، یان نا؟ 

هەرگیز بە "با بێن و دادگایی بکرێن" ئەمە بەدی نایەت

کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ دەستپێکردن بە دانوستان. ئەم کۆنگرەیە لەسەر داوای خودی ئێمە بەڕێوەچوو.

 بەڵام ئەمە بە تەنها بەس نییە. هێزی چەکدار هەن، دەیان هەزار کەس کەوتوونەتە دۆخی نایاساییەوە، خەڵکانێکی زۆر لە دەرەوەن قەدەغە کراون. کاتێک ئەوان دەگەڕێنەوە (تورکیا و باکووری کوردستان) سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێنرێت. 

هەرگیز بە وتەی 'با بێن و دادگایی بکرێن' ئەمە بەدی نایەت (ئەم پرۆسەیە سەر ناگرێت). ئەگەر پێداگیری لەمە بکرێت، واتا درێژە دەدرێت بە ستراتیجیەتی بەردەوامیدان بە شەڕ و هەموولایەک دەدۆڕێین. ئەمە بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە.

"داوا دەکەین لەگەڵ دەوڵەت بکەوینە ناو دانوستانی دیموکراتییانە"

چارەسەری دیموکراتیانە، پێویستی بە دانوستانی دیموکراتییانە هەیە. وەک ئەوەی لە 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتی'دا ڕوون کراوەتەوە کە لە 27ـی شوباتدا بڵاو کرایەوە. 

ڕستەی 'دانوستانی دیموکراتیانە ڕێگای سەرەکییە' وەک مادەیەک لەو بانگەوازەدا جێگیرکرا و لەلایەن دەوڵەتیشەوە پەسەند کرا. 

بۆیە داوای دانوستانی دیموکراتیانە لە دەوڵەت دەکەین. مانای بانگەوازەکە ئەمەیە و ئەمە ئەو خاڵەیە کە پێویستە دەوڵەت لێی تێبگات.

(لەبارەی پرۆسەکەوە) هەندێک مشتومڕی تێکدەرانە ڕوو دەدەن، هیوادارین لە دەوڵەتەوە سەرچاوە نەگرن. ئەگەرنا کاریگەری خراپ دەکاتە سەر پرۆسەکە. 

پێویستە لە ماوەیەکی گونجاودا هەنگاوی گرنگ بندرێن بۆ دڵنیاییدانی یاسایی و دەستوری لەپێناو هێنانەدی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتی. بێگومان بۆ ئەمە بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەر شانی پەرلەمانی تورکیا و دەبێت بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت.

"ڕەنگە لە ناوەوە و دەرەوە هەوڵ بدرێت ئەم پرۆسەیە کۆتایی پێ بهێنرێت"

پرۆسەکە پێویستی بە دانوستان هەیە و ناوی ئەو دانوستانەش 'دانوستانی دیموکراتیانە'یە. دەبێت تا کۆتایی پابەندی پێویستییەکانی دانوستانەکە بین.

بۆیە چارەسەری کۆمەڵگای دیموکراتی پشتبەستوو بە نەتەوەی دیموکرات لە بەردەمماندایە. 

پێویستە ئەمە لە ڕێگەی دانوستانی دیموکراتییانەوە بەدی بێت. 

بۆ ئەمە، گرنگە لایەنەکان کە کەموکوڕیی زۆریان هەیە، پێداچوونەوە بە خۆیاندا بکەن و خۆیان بۆ دانوستان ئامادە بکەن. ڕەنگە هەوڵیش بدرێت ئەم پرۆسەیە لە ڕێگەی کەموکوڕی یان لە ڕێگای هەوڵە تێکدەرانەی ناوخۆیی و دەرەکییەوە کۆتایی پێ بهێنرێت. 

پێویستە لە هەموو کات و شوێنێک، ڕێگە لەو جۆرە هەوڵانە بگیرێت لە ڕێگای بەرەنگاربوونەوەیەکی پێداگیرانە، پشوودرێژانە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕێکخراوتر. 

"دەوڵەتی یاساسەروەری دیموکرات، کۆمەڵایەتی و عەلمانی "

ئاشکرایە، ئەمانە دیدگا سەرەکییەکانی سەردەمی نوێن. پێویستی دانوستانی دیموکراتییانە دەتوانرێت وەک حەوتەمین ڕاستی دەرببڕدرێت.

ئەگەر لە چوارچێوەی کۆماری تورکیادا باسی بکەین؛ پێویستە تایبەتمەندییەکانی کۆمار وەک دەوڵەتی یاساسەروەری دیموکراتی، دەوڵەتی کۆمەڵایەتی و دەوڵەتی عەلمانی لە دۆخی ئەبستراکتەوە (تەجریدی) بەرەو دۆخی کۆنکرێتی (بەرجەستە) پەرە بستێنێت.

 ئێمە ئەمە ناو دەنێین 'کۆماری دیموکراتی'. پێویستە دەوڵەت گۆڕانکارییەکی لەم جۆرە لە خۆیدا بکات. ئێمەش ئەوکات، پێویستە کورد وەک 'پۆلێنێکی کۆمەڵگای دیموکراتی' تێکەڵ بە کۆمار بکەین، نەک وەک پۆلێنێکی فیدراڵی، هەرێمی یان کولتووری. ئامانجی چارەسەرییەکە تێکەڵکردنی کۆمەڵگای دیموکراتییە لەگەڵ کۆماری دیموکراتی.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی