مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران
سبەی
سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند کە هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی دیپلۆماسی ڕێگری بکەن لەوەی جارێکی دیکە جەنگ سەرهەڵبداتەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە (13ـی تەمموزی 2025) مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەڕێوەبەرانی وەزارەتی نەوتی ئێران رایگەیاند: بە پێشخستنی ڕێگەی دیپلۆماسی هەوڵ دەدەین ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی شەڕ و ململانێ بکەین"، وتیشی" ئاماژەی شەڕ لە بەرژەوەندی کەسدا نییە و هەرگیز براوەی نییە".
پزیشکیان جەختی کردەوە؛ بە یەکگرتوویی ناوخۆیی و دۆستایەتی لەگەڵ دراوسێیەکان و وڵاتانی دیکەی جیهان، رێبازی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری بەرەوپێش بەرن، دووپاتی کردەوە کە هیچ کات ملکەچی هیچ جۆرە زۆردارییەک نابن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بنیامین نەتەنیاهۆ سێ مەرجی سەرەکی داناوە بۆ ئەوەی کۆتایی بە جەنگ بهێندرێت لەوانەش دەستهەڵگرتنی ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم، سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکی و هەرەوەها دەستهەڵگرتنی ئێران لە پاڵپشتی و یارمەتیدانی گروپە چەکدارەکانی وڵاتەکە.
لای خۆشییەوە عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەرەڕای ئەوەی دیپلۆماسی وەک بژاردەی یەکەمی وڵاتەکەیەتی دەبینێت، دەڵێت: لەسەر مافی پیتاندنی یۆرانیۆم سازش ناکەین.
هاوکات بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئێران، مەسعود پزشکیان بە سازشکردن لەگەڵ ئەمەریکا تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن: نابێت لەبەرامبەر داخوازییەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوایی سازش بکرێت، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی لاوازی وڵاتەکەیان لە دانوستانەکاندا.
ئەوە لە کاتێکدایە کە عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، دوێنێ شەممە جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناوخۆی وڵاتدا مەرجێکە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمەریکا، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ ڕێگەیەک نییە جگە لە گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسی.