سبەی
بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل مەرجەکانی پاڵپشتیکردنی ڕێککەوتنى لەگەڵ ئێران خستەڕوو کە بریتین لە سنووردارکردنى بەرنامەی مووشەکی ئێران و دەستبەردابوون لە پیتاندنى یۆرانیوم و "وازهێنان لە میحوەری تیرۆر".
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز، ناتەنیاهۆ ئاماژەى بەوەکرد، کە پشتگیری لە ڕێککەوتنێکی "ناوازە" لەگەڵ ئێران دەکات کە سێ مەرج لەخۆبگرێت "دەستبەرداربوون لە پیتاندنى یۆرانیۆم، وەک من و سەرۆک ترەمپ وتوومانە، قەدەغەکردنی مووشەکی بالیستی، بە مەودای زیاتر لە 300 میل (482 کیلۆمەتر)، کە سنوورێکە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان دیارییان کردووە، لەگەڵ وازهێنان لەمیحوەری تیرۆر".
دیار نییە نەتەنیاهۆ مەبەستی چییە لەپەیماننامە نێودەوڵەتییەکان کە مەودای مووشەکەکان بۆ 300 میل (482 کیلۆمەتر) سنووردار دەکەن، بەڵام پێدەچێت ئاماژە بە "سیستمى کۆنترۆڵکردنی تەکنەلۆجیای مووشەک" بکات، کە لێکتێگەیشتنێکی سیاسی نافەرمی لەنێوان 35 وڵاتدا هەیە لەو بارەیەوە و ئامانجی سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی بەرنامە و تەکنەلۆجیای مووشەکییە. ئەم "لێکتێگەیشتنە" کە ئێران لایەنێک نییە لێی، تایبەتە بە قەدەغەکردنى مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە مەودای زیاتر لە 300 کیلۆمەتر و توانای هەڵگرتنی تەقەمەنییان هەیە کە کێشیان زیاتر لە 500 کیلۆگرامە.
ناتەنیاهۆ جەختیکردەوە، ئەگەر حکومەتی ئێران بەو سێ مەرجە رازی بێت، ئەوا دەبێتە “حکومەتێکی جیاواز”. لەگەڵ ئەوەشدا باسى لەوەکرد، ئەگەر ئێران ئەو مەرجانەی قبوڵ نەکرد، پێویسته رێکارى پێویست لەو بارەیەوە بگرنەبەر.
ناتەنیاهۆ ئەو چاوپێکەوتنەی هەفتەی رابردوو لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ واشنتۆن ئەنجامدا و شەوى رابردوو پەخشکرا، لەو کاتەدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆبووەوە و باسی ئێران و جەنگی غەززەیان کرد.
سەرۆکی ئەمەریکا هەفتەی رابردوو پێش چاوپێکەوتن لەگەڵ نەتەنیاهۆ رایگەیاند کە لەم دیدارەدا بە دوای "چارەسەری هەمیشەیی" قەیرانی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا دەگەڕێت.
ناتەنیاهۆ ئەم مەرجانەی داناوە لە کاتێکدا بەرپرسانی ئێران بەردەوامن لە پێداگری لەسەر ئەوەی کە دەستبەرداری پیتاندنى یۆرانیوم نابن و لە هەمان کاتدا جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەگەر بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان، ئەوا تەنها دانوستان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی دەکەن.
عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژى شەممە رایگەیاند “هیچ رێککەوتنێکمان ناوێت کە پیتاندن لەخۆ نەگرێت”.
هەروەها جەختی لەوەکردەوه "ئەگەر دانوستان بکرێت، تاکه بابەتی دانوستان ئەتۆمییه، دروستکردنی متمانه به بەرنامەی ئەتۆمى ئێران له بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکان و هیچ پرسێکی دیکه ناچێته ژێر دانوستانەوە."
بەرپرسانی ئێران چەندینجار جەختیان کردووەتەوە کە توانا سەربازی و بەرگرییەکانی ئێران دانوستانیان لەسەر ناکرێت.
ئەم هەڵوێستانەی ئیسرائیل و ئێران لەکاتێکدان کە هەردوولا لە 23ی حوزەیرانەوە دوای شەڕێکی 12 رۆژە کە بە هێرشی ئیسرائیل دەستیپێکرد، لە ئاگربەستدان؛ ئاگربەستێک کە تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
لە دوای ئاگربەستەوە، بەرپرسانی ئیسرائیل بەردەوام هەڕەشەى نوێ دەکەن و پێدەچێت بەرپرسانی ئێران نیگەران بن لە ئەگەری هێرشی نوێی ئیسرائیل یان ئەمەریکا و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆکان، پێشبینی دەکەن واشنتۆن گەرەنتی ئەوە بکات کە لە کاتی دانوستانەکاندا جارێکی دیکە هێرش نەکاتە سەر ئێران، وەک چۆن لە هێرشەکەی پێشووی ئیسرائیلدا ڕوویدا.
ئیسڕائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە هۆشداریدا لەوەی ئیسرائیل جارێکی دیکە هێرش دەکاتە سەر ئێران ئەگەر تاران هەڕەشە لە وڵاتەکەى بکات.