سبەی
لە ماوەی 12 رۆژەی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل چاوەکان لەسەر عێراق بوون، ئەوەش بەهۆی هەژموونی تەواوەتی تاران بەسەر بەغداد و بوونی ژمارەیەکی زۆر میلیشیای نزیک لە ئێران. لە ماوەی شەڕدا بە پێچەوانەی پێشبینییەکان عێراق بێلایەن بوو، هەرچەندە ئاسمانی وڵاتەکەی لەلایەن هەردوو وڵاتەوە پێشێل دەکرا. بەشدارنەبوونی عێراقییەکان لە شەڕدا واتای کەمبوونەوەی هەژموونی ئێرانە لە عێراق، ئەوەش هەلێکی گەورەیە بۆ ئەمەریکا بۆ ئەوەی پێگەی خۆی بەهێز بکاتەوە لە وڵاتەکە.
بەپێی راپۆرتێکی پەیمانگاى واشنتن کە بایەخ بە لێکۆڵینەوە لە بەرژەوەندییەکانى ئەمەریکا و سیاسەتى ئەو وڵاتە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەدات، بەشدارنەبوونی میلیشیا عێراقییەکانی نزیک لە ئێران لە شەڕی 12 رۆژەدا، هەلێکە بۆ ئەمەریکا هەژموونی خۆی زیاتر بسەپێنێت و میلیشیاکان دووربخاتەوە لە حکومەتی عێراق و سێکتەری وزە. هەروەها ئەمەریکا دەبێت سیاسەتێکی روونی هەبێت بۆ پاراستنی ئاسمانی عێراق، ئەوەش لە پێناو پاراسنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە عێراق.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، بەپێچەوانەی پێشتر و لە کاتی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، میلیشیاکانی عێراق لە رێگەی درۆنی خۆکوژەوە هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل، تەنانەت لە هێرشەکانیاندا دوو سەربازی ئیسرائیلیان کوشت. تەنانەت بنکە ئەمەریکییەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردە ئامانج، بەڵام لە شەڕی 12 رۆژەدا تەنها دوو هێرشی درۆنیان بۆ سەر بنکەی هێزەکانی ئەمەریکا هەریر لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر و بنکەیەکی دیکە لە عێراق ئەنجامدا، هێرشەکان سنورداربوون و هیچ زیان و قوربانییەکی لێنەکەوتەوە. ئەو هەڵوێستە شەرمنانەی میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران، بووە مایەی رەخنەی لەیەنگرانی میلیشیاکان.
هەرسێ لایەنی شەڕ، ئێران، ئیسرائیل و ئەمەریکا سەروەری ئاسمانی عێراقیان پێشێل کرد. ئێران لە رێگەی هەڵدانی هەزاران درۆن و سەران موشەکی دوورهاوێژ، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەسەر ئاسمانی عێراقدا، ئامانجەکانی خۆیان لە ئێران دەپێکا، هەروەها هێرشە بێپێشینەکەی ئەمەریکا بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران ئاسمانی عێراقیان پێشێل کرد.
سەرەڕای هەبوونی چەند سیستمێکی بەرگریی و رادار، بەغداد دەستەوەستان بوە بۆ پاراستنی سەروەری ئاسمانەکە. چالاکنەکردنی رادار و سیستمە بەرگرییەکان نەبووە هۆی پاراستنیان لە هێرشەکان، لە رێگەی هێرشێکی درۆنییەوە دوو راداری چاودێری عێراق تێکشکێنران، چونکە وەک لە راپۆرتەکەی پەیمانگای واشنتندا هاتووە، ئیسرائیلییەکان ترسیان هەبووە رادارەکان زانیاری لەسەر فڕۆکە و درۆنەکانی ئیسرائیل بە تاران بدەن.
پێشنیازەکان بۆ سیاسەتی ئەمەریکا بۆ عێراق
لە راپۆرتەکەی پەیمانگاى واشنتن-دا سێ پێشنیاز بۆ سیاسەتەکانی ئەمەریکا لە عێراق بۆ سنورداکردنی میلیشیاکان خراوەتەڕوو.
بەپێی پێشنیازی یەکەم، ئەمەریکا دەبێت هێڵی سووری خۆی بۆ میلیشیاکان دیاریی بکات. هەر هێرشێک بۆ سەر ناوەند و بنکەکانی ئەمەریکا یان ئیسرائیل، هێزەکانی ئەمەریکا بە هێرشێکی تۆڵەسێن سەرکردەی میلیشیاکان بکەنە ئامانج. وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەگەر ئەمەریکا بەو شێوەیە هێڵی سووری خۆی بۆ میلیشیاکان دیاری نەکات و سنوورێکیان بۆ دانەنێت، رەنگە ئیسرائیل خۆی میلیشیاکان بکاتە ئامانج، ئەوەش لە عێراقدا کێشە بۆ ئەمەریکا دروست دەکات.
پێشنیازی دووەم بۆ سیاسەتی ئەمەریکا، بەپێی راپۆرتەکە ئەوەیە، ئەمەریکا پێویستە سیاسەتێکی روونی هەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسمانی عێراق، ئەگەر بەغداد بڕیار بدات سیستمی بەرگریی بەدەستبهێنێت دەبێت دڵنیایی بە ئەمەریکا بدرێت کە سیستمەکە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق ناخاتە مەترسییەوە.
بەپێی پێشنیازی سیێەم، هێرشنەکردنی میلیشیا عێراقییەکان بۆ سەر بنکە و بارەگا ئەمەریکییەکان لە ماوەی 12 رۆژەی شەڕدا، ئاماژەیەکی روونە بۆ کەمبوونەوەی هەژموونی ئێران بەسەر میلیشیاکاندا. لەبەرئەوە، ئەمەریکا پێویستە ئەوە بە هەلێکی گەورە ببینێت و هەموو هێزی دیپلپماسی خۆی بەکاربهێنێت بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی تاران بەسەر بەغداد-دا بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.
لە کۆتایی راپۆرتەکەی پەیمانگەی واشنتن-دا هاتووە، کەمبوونەوەی هەژموونی ئێران بەسەر عێراق-دا بە جۆرێکە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی 12 رۆژە، لە 29ـی حوزەیرانی 2025، جاسم عەبوود، سەرۆکی دادگای فیدراڵی فیدراڵی و نزیک لە ئێران، ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە لە پۆستەکەی کرا، جوڵەیەکی هاوشێوە، پێش شەڕی 12 رۆژە مەحاڵ بوو. دوای شەڕی 12 رۆژە ئەمەریکا هەنگاوی دیکەی هاوشێوەی ناوە بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران ئەوەش خۆی بینییەوە لە سزادانی قاچاغچییەکی نەوتی عێرق کە کاری بۆ بەرژەوەندی ئێرانییەکان کردووە.