کۆبوونەوەی ئەردۆغان و شاندی دەم پارتی ئیمراڵی
سبەی
دوای ئەوەی ئەمڕۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە دا ئاک پارتی و مەهەپە و دەم پارتی بڕیاریان داوە هەرسێکیان بە هەمان ڕێگەیەدا بڕۆن، پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەسەر لیستی دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی ڕایگەیاند: "ئێمە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی هاوپەیمانی ئاک پارتی و مەهەپەین نەک شتی دی".
پەروین بوڵدان ئەمڕۆ 12ی تەمموز بە ئاماژەدان بەوەی کە قسەکانی ئەمڕۆی ئەردۆغان ئێجگار گرنگن بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی، دەڵێت: "وای بۆ دەچم داننان بە هەڵەکانی ڕابردووی حکومەتی تورکیا و ئاماژەدان بە کوشتوبڕی کورد و قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە لایەن ئەردۆغانەوە گرنگە. گوتارەکە زۆر ئەرێنی و باش بوو".
پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوە دا کە نابێت لێکدانەوەی هەڵە بۆ ئەو گوتەیەی ئەردۆغان بکرێت کە گوتی ئاک پارتی و مەهەپە و دەم پارتی بڕیاریان داوە بە هەمان ڕێگەدا بڕۆن، وتی: ""ئێمە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی هاوپەیمانی ئاک پارتی و مەهەپەین نەک شتی دی. بۆیە ئەمە پەیامی ڕێگای هاوبەشی ئەو سێ پارتەیە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە. ئێمە وەک دەم پارتی لە چەقی پرۆسەکەداین، بەڵام ئەوەی پێویستە پرۆسەکە چارەسەر بکات هاوپەیمانیی جومهور (ئاک پارتیی دەسەڵاتدار و مەهەپەی هاوپەیمانی)یەتی. مەبەستی بەڕێز سەرکۆماریش ئەمە بووە".
ئەمڕۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا ڕایگەیاند: وەک هەنگاوی یەکەم بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە لیژنەیەک لە پەرلەمانی تورکیا پێک دەهێندرێت.
ئەردۆغان بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی وەک هاوپەیمانیی جومهور (ئاک پارتی و مەهەپە) لەگەڵ دەم پارتی ئەم پرۆسەیە بەرەوپێش دەبەن.
ئەوە لە کاتێکدا دێت، دوێنێ نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند: گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی کارەکان بۆ پێکهێنانی لیژنەکە لە پەرلەمان و بەمزووانە لیژنەکە پێک دەهێندرێت و داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەڵبستن بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، کە هەنگاوی زۆر باشی بڕیووە.
لەوبارەیەوە ڕۆژنامەی تورکیا ئەمڕۆ شەممە 12ـی تەمووزی 2025 بڵاوی کردووەتەوە لەگەڵ چەکدانانی تەواوەتی پەکەکە، پەرلەمان دەست دەکات بە هەموارکردنەوەی ژمارەیەک لە یاساکان.
لەگەڵ هەر هەنگاوێکی ئەرێنی پەکەکەیشدا تورکیا لە ڕووی سیاسی و یاسایییەوە هەنگاوی دیکە دەنێت بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.
ڕۆژنامەکە سەرنجیشی خستووەتە سەر ئەوەی کە هەر هەنگاونانێک پشت بە چاودێری مەیدانی دامەزراوەی هەواڵگریی تورکیا (میت) و سوپای تورکیا دەبەستێت. لە کاتی ئەم هەنگاوانەدا بە هیچ جۆرێک کارێک ناکرێت کە زیان بەو بنەمایانە بگەینێت تورکیای لەسەر دامەزرێندراوە.
ڕۆژنامەی تورکیا ئاماژە بەوە دەدات ئەگەر هات و هەموو ئەو ڕێکخراو و کۆمەڵانەی تورکیا بە درێژکراوەی پەکەکە ناویان دەبات لە سوریا و ئەوروپا هەڵبوەشێندرێنەوە، ئەوا بە لەبەرچاوگرتنی هەستیاری خەڵک لەوانەیە یاسای سزاکان بە جۆرێک گۆڕانکارییان تێدا بکرێت بڕیاری لێبوردنیش بۆ ئەندامانی پەکەکە دەربکرێت.
هەر لە میانی هەموارکردنەوەی یاساکان دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێندرێت کە چۆن ئەو گەریلایانەی شەڕیان لە دژی تورکیا نەکردووە تێکەڵی ژیانی ئاسایی بکرێنەوە.
تورکیا بە دەم داواکارییەکەی ئۆجەلانەوە دێت
لە 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە ڕاگەیاند، ئەگەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا زەمینەسازی دەکەن بۆ ڕێکخستنەوەی یاساکان بە جۆرێک بتوانێت لە مافی هیوا سوودمەند بێت.
ئۆجەلانیش لە 27ـی شوباتی 2025 بە دەم داواکارییەکەی باخچەلییەوە هات، داوای لە پەکەکە کرد کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت و کۆنگرە ببەستێت بۆ ئەوەی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و ڕەخساندنی زەمینەسازی بۆ ئەمە لەلایەن تورکیاوە بە پێویست زانی.
12ـی ئایار پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا و وەک بە دەمەوەهاتن بۆ بانگەوازەکەی ئۆجەلان بڕیاری دا کۆتایی بە خەباتی چەکداریی بهێنێت، چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
لە بەرامبەر ئەمەدا دەولەت باخچەلی 18ـی ئایار حەوت پێشنیازی خستە ڕوو بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بە مەبەستی هەموارکردنەوەی یاساکان و ڕەخساندنی زەمینەسازی یاسایی بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمان کە نوێنەری سەرجەم 12 پارتە سیاسییەکەی پەرلەمان تیایدا بەشدار بن و سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتی لیژنەکە بکات.
لای خۆیشیەوە دەم پارتی پشتیوانی خۆی بۆ داواکارییەکەی باخچەلی ڕاگەیاند.
چارەسەری پرسی کورد؛ لە ژوورە داخراوەکانەوە بۆ هەموارکردنەوەی یاساکان
جیاواز لە هەردوو قۆناغی پێشووی پرۆسەی ئاشتی کە دانوستانەکان لە پشت پەردە و بە نهێنی لە نێوان حکومەتی تورکیا و کورددا بەڕێوە دەچوون؛ ئەم جارە پەرلەمانی تورکیا دەکەوێتە جوڵە و بە هەموارکردنەوەی یاساکان، زەمینەی یاسایی دەڕەخسێندرێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد.
ئەمەش لە کاتێکدا پێگەی کورد لە پەرلەمانی تورکیا بە بەراورد بە هەردوو قۆناغەکەی پێشوو زۆر بەهێزتر بووە.
لە کۆی 600 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا دەم پارتی خاوەنی 57 کورسی، دەبەپە خاوەن دوو کورسی، پارتی ڕەنج (ئەمەک) خاوەنی دوو کورسی و هودا پار کە پارتێکی کوردیی پاشخان ئیسلامییە خاوەن چوار کورسییە. جگە لەوەیش ژمارەیەکی بەرچاو لە پەرلەمانتارەکانی ئاک پارتی کوردن.
لە هەردوو قۆناغی پێشووی پرۆسەی ئاشتی، هەمیشە مەهەپە دژی چارەسەرکردنی پرسی کورد وەستاوەتەوە و لەگەڵ ئەوەدا بووە بە ڕێگاچارەی سەربازی کورد سەرکوت بکرێتەوە و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانیش دژی پرۆسەی چارەسەری وەستاونەتەوە، کەچی جیاواز لە دوو قۆناغی پێشوو، هەم پێگەی کورد لە پەرلەمان بەهێزتر بووە و هەم پارتە سیاسییەکانیش بە بەرەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیشەوە لەگەڵ چارەسەرکردنی پرسەکەدان.
جگە لە ئیی پارتی کە پارتێکی نەتەوەیی جیابۆوەیە لە مەهەپە و بە هۆی کێشە ناوخۆییەکانیەوە ژمارەی کورسییەکانی لە 43 کورسییەوە کەم بووەتەوە بۆ 29 کورسی، سەرجەم پارتە سیاسییەکانی تورکیا، لەگەڵ ئەوەدان پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە لە پەرلەمانی تورکیا چارەسەر بکرێت.