بڕیاردان لەسەر مووچە لەلایەن دادگاى فیدراڵییەوە "بەبێ ئامادەبوونى سکاڵاکاران" دەبێت

#دادگاى فیدراڵی#مووچە
5 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 4 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • چاوەڕواندەکرێت رۆژى دووشەممە دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق دوو سکاڵا لەبارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم یەکلایی بکاتەوە
  • دادگاى فیدراڵى سکاڵاکارانى ئاگادارکردووەتەوە کە دانیشتنەکەى بۆ تاوتوێکردنى سکاڵاکەیان، بەبێ ئامادەبوونى لایەنەکانى سکاڵاکە دەبێت، واتە بەبێ ئامادەبوونى سکاڵاکاران و سکاڵالێکراوان.
  • شارەزایەکى یاسایی: ئەگەرێکى لاوازە دادگا لەبەرژەوەندى مووچەخۆرانى هەرێم بڕیار بدات
Primary Asset

لەدواى چارەسەربوونى کێشە ناوخۆییەکانى دادگاى فیدراڵى یەکەمجارە دادگاکە تاوتوێی سکاڵاکانى پەیوەست بە پرسی مووچەى بکات

سبەى

چاوەڕواندەکرێت رۆژى دووشەممە دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق دوو سکاڵا لەبارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم یەکلایی بکاتەوە، بە بێ ئامادەبوونى سکاڵاکاران و سکاڵالێکراوان، سکاڵاکاران چاوەڕوانن بڕیارى دادگا لەسەر ئەو پرسە یەکلاکەرەوە بێت، لەکاتێکدا شارەزایەکى یاسایی پێیوایە “ئەگەرێکى لاوازە” دادگا بڕیار لەو بارەیەوە بدات.

بەپێی خشتەى دانیشتنەکانى دادگا، رۆژى 14 ى تەمموز، دادگا تاوتوێی سکاڵایەک دەکات کە لەلایەن سێ کەسەوە تۆمارکراوە لەسەر هەریەکە لە سەرۆک وەزیران و وەزیرى دارایی عێراق کە تێیدا داوایانکردوە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم دوربخرێتەوە لە ناکۆکیییە سیاسییەکان و خەرجى راستەقینە.

هەمان رۆژ دادگا سکاڵایەکى دیکە تاوتوێدەکات کە لەلایەن دوو کەسەوە تۆمارکراوە لەسەر وەزیرى دارایی عێراق، کە لە دوو خاڵ پێکهاتووە.

لەخاڵى یەکەمدا سکاڵاکاران داوایانکردووە، وەزارەتى دارایی عێراق گرەنتى بەردەوامى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بدات بەشێوەى مانگانە و لە وادەى دیاریکراودا، بەبێ لەبەرچاوگرتنى هیچ ناکۆکییەکانى نێوان هەرێم و بەغداد، لەسەر یاساى بودجە و هەر پرسێکى دیکە.

هەروەها لە خاڵى دووەمدا داواکراوە ئەمرێکى وەلائی دەربکرێت بۆ پابەندکردنى وەزارەتى دارایی عێراق بە خەرجکردنى مووچە بەشێوەیەکى بەپەلە و لەم مانگەوە تا کاتى یەکلاکردنەوەى سکاڵاکە.

سامان عەلى مامۆستاى ناڕازیی و یەکێک لەسکاڵاکاران رۆژى شەممە بە "سبەى" راگەیاند، دادگا ئاگاداریکردوونەتەوە کە دانیشتنەکەى بۆ تاوتوێکردنى سکاڵاکەیان، بەبێ ئامادەبوونى لایەنەکانى سکاڵاکە دەبێت، واتە بەبێ ئامادەبوونى سکاڵاکاران و سکاڵالێکراوان.

وتیشى دادگا خۆى لەو بارەیەوە کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر دۆسیەکە دەدات، ئەوانیش چاوەڕوانیان ئەوەیە دادگا بەبڕیارەکەى پرسی مووچە لە ناکۆکییە سیاسییەکان جیا بکاتەوە و مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم گەرەنتى بکات.

لەدواى چارەسەربوونى کێشە ناوخۆییەکانى دادگاى فیدراڵى و دەستبەکاربوونى مونزیر ئیبراهیم سەرۆکى نوێی دادگا لە 1ى تەمموزى 2025، ئەمە یەکەمجارە دادگاکە تاوتوێی سکاڵاکانى پەیوەست بە پرسی مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بکات.

دانیشتنەکەى دادگاى فیدراڵى بۆ تاوتوێکردنى ئەو دوو سکاڵایە "بەبێ دادبینى" دەبێت، عەبدولقادر ساڵح شارەزای یاسایى و توێژه‌ر له‌ بوارى وه‌زیفه‌ى گشتى بە "سبەى" وت "ئەگەر سەرنجى ناوەرۆکى هەردوو داواکە بدەین هەمان ئەو ناوەرۆکانە لە بڕیارى هەمان دادگا لە رێکەوتى 21/2/2024 یەکلاکراونەتەوە و لەرووى یاساییەوە دادگا جارێکی دیکە دادبینی تێدا ناکاتەوە چونکە ( سبق الفصل) ی تێداکراوە و هەروەها دادگا جەخت ناکاتەوە لە بڕیارێکى پێشووترى خۆى".

رونیشیکردەوە "رەنگە یەکێک لە هۆکارەکانى ئەوەى جێبەجێکردنی داواکان بەبێ دادبینى (بدون مرافعة) سەیر دەکرێن بۆ ئەم خاڵە بگەرێتەوە، کاتێکیش ناوەڕۆکى داواکان پێشتر یەکلاکرابنەوە ئەوا دەرکردنى فەرمانسالارى دەکاتە کارێکى زەحمەت ئەگەر نەڵێم مەحاڵ".

بەبڕواى ئەو شارەزایە، لە بنەڕەتدا دیاریکردنی ناوەڕۆکی داواکارییەکان لەتیانووسی داواکاندا بەو شێوازە “هەڵەیە و ئەنجام نادات بەدەستەوە”، دەبوایە بیر لە شێوازى دیکە بکرایەتەوە بە تایبەت بابەتى (عدول)ى دادگا لەوەى کە بڕیاریداوە بە داشکاندنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم لە پشکى بوجەى هەرێم لە یاساى بوجەى عێراق کە لەسەر بنەماى خەرجکردنى فیعلى (انفاق الفعلى) دەستنیشانکراوە، هەر ئەمەش هۆکارى یاساییە بەدەست عێراقەوە پشتى پێ دەبەستێت بۆ نەناردنى مووچە. بۆیە “ئەگەرێکى لاوازە” دادگا لەبەرژەوەندى مووچەخۆرانى هەرێم بڕیار بدات.

بڕیارەکەى 28 ى ئایارى وەزارەتى دارایی عێراق بۆ راگرتنى ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، جارێکى تر کێشەى مووچەى هێنایەوە خاڵى سەرەتا، ئەوەش دواى چوار مانگ لەناردنى مووچە بەپێی رێککەوتنى هەرێم و بەغداد لەسەرەتاى ئەمساڵدا.

لەگەڵ سەرهەڵدانەوەى کێشەکە، گروپێک فەرمانبەر و مامۆستاى ناڕازیی مانگى رابردوو دوو سکاڵایان لەسەر بەرپرسانى عێراق لە دادگاى فیدراڵى تۆمارکرد.

جگە لە سکاڵای فەرمانبەران و مامۆستایان، محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق داواى لە دادگاى فیدراڵى کردووە رونکردنەوەى پێبدات لەبارەى جێبەجێکردنى بڕیارەکەى ساڵى رابردووى لەبارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم، بەو پێیەى دادگا لە بڕیارەکەیدا جەختیکردووەتەوە کە دەبێت مووچە لە پشکى هەرێم خەرج بکرێت، لەکاتێکدا پشکى هەرێم لە بودجە تەواو بووە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی