پارتى بایکۆتى کردووە؛ بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکان داوادەکەن کێشەى مووچە لە پەرلەمان تاوتوێ بکرێت

#پەرلەمانى عێراق#مووچە#
4 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • دارا سێکانیانى ئەندامى پەرلەمانى عێراق: فراکسیۆنە کوردییەکان جگە لە پارتى کە بایکۆتى کۆبوونەوەکەى کردووە، واژۆیان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەى پرسی مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ بکرێت.
  • فراکسیۆنەکان داوایانکردووە، هەریەکە لەسەرۆک وەزیرانى عێراق و هەرێمى کوردستان، وەزیرانى دارایی هەرێم و عێراق بانگهێشتى پەرلەمان بکرێت بەمەبەستى تاوتوێکردنى پرسی مووچە و چارەسەرکردنى
Primary Asset

سبەى

فراکسیۆنە کوردییەکانى پەرلەمانى عێراق جگە لە فراکسیۆنى پارتى واژیان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەى لە دانیشتنى پەرلەماندا پرسی مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان تاوتوێ بکرێت بەمەبەستى چارەسەرکردنى، لەکاتێکدا دانوستانەکانى هەردوو حکومەت لەو بارەیەوە تا ئێستا بێ ئەنجامن.

کەمێک لەمەوبەر دانیشتنى پەرلەمانى عێراق دەستیپێکرد و فراکسیۆنى پارتى بایکۆتى دانیشتنەکەى کرد. بەڵام فراکسیۆنە کوردییەکانى دیکە بەشدارى کۆبوونەوەکەیان کرد.

دارا سێکانیانى ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە ناو هۆڵى پەرلەمانەوە بە "سبەى" راگەیاند، فراکسیۆنە کوردییەکان جگە لە پارتى کە بایکۆتى کۆبوونەوەکەى کردووە، واژۆیان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەى پرسی مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ بکرێت.

وتیشى ئەوان داوایانکردووە، هەریەکە لە سەرۆک وەزیرانى عێراق و هەرێمى کوردستان، وەزیرانى دارایی هەرێم و عێراق بانگهێشتى پەرلەمان بکرێن بەمەبەستى تاوتوێکردنى پرسی مووچە و چارەسەرکردنى.

فراکسیۆنە کوردییەکانى پەرلەمانى عێراق لەم خولەى پەرلەماندا زیاتر لەیەک پرس هاوهەڵوێست بوون و پێکەوە بڕیاریاندا بایکۆتى کۆبوونەوەى پەرلەمان بکەن، ئەویش پرسی بە پارێزگابوونى هەڵەبجە بوو، کاتێک لە مانگى نیساندا ئەو پرسە لە خشتەى دانیشتنى پەرلەمان لابرا، پێش ئەوەى لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت.

شاخەوان عەبدوڵا جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لە پشکى پارتى پێشتر لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردبوو "ئیتر کاتی ئەوە هاتوە سنورێک بۆ ئەم بێڕێزی و لەیاسا لادانە دابنرێت، دڵنیام حکومەتی خۆمان خەمێک لەو بابەتە دەخوات و ناهێڵێت لەوە زیاتر خەڵکی ئێمە برسی بکرێت، خەڵکی کوردستانیش لە ئێمە دەخوازن چیتر بڕوا بەبەڵێن قسە لوسەکانیان نەکەین و هەڵوێستێک رابگەیەنین لەبەرامبەر ئەو تاوانەی بەرامبەر خەڵکی کوردستان و هەرێمەکەمان ئەنجامی دەدەن ، ئەوەش هەنگاوە دروستەکەیە".

لاى خۆیەوە، بڕیار ره‌شید ئه‌ندامی پەرلەمانى عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌ میدیاى فەرمى حزبەکەی راگه‌یاندبوو "فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ده‌كات، كه‌ بڕیاره‌ ده‌نگ له‌سه‌ر سێ پڕ‌ۆژه‌یاسا بدرێت و خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م بۆ چوار پڕ‌ۆژه‌یاسای دیكه‌ بكرێت".

هەروەها فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانى عێراق جەختیکردبووەوە، ئەوان بایکۆتى دانیشتنى پەرلەمان ناکەن و دەڵێت "مەعقول نییە لە بەغدا بکشێیتەوە چونکە پارتی و یەکێتی نەوت و داهاتی ناوخۆ دەدزن و تەسلیمی ناکەن".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی