سبەی
پسپۆڕان ئامۆژگاری وەرزشکاران دەکەن کە بە شێوەیەکی دروست وەرزش بکەن و کاتی پێویست تەرخان بکەن بۆ پشوودان، هەروەها پێویست نییە هەموو رۆژێک راهێنان بکرێت.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی، جەستەیەکی تەندروست پێویستی بە بەردەوامی، هاندان و دیسپلین هەیە، ئەوەش لە رێگەی رۆتینێکی دروستەوە بەدی دێت، بەڵام دروستبوونی جەستەیەکی وەرزشی پێویستی بە پشودانی پێویستە و یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دووربوون لە پێکانی وەرزشوانان. بە واتای ئەوەی، هەڵبژاردنی ئەوەی کەی راهێنان نەکرێت، هێندەی ئەوە گرنگە کە کەی راهێنان بکرێت.
جەستن سانتۆس، راهێنەر لە ئەکادیمیای شێرەکان، کە یانەیەکی لەشجوانی لە شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا، دەڵێت: "چاکبوونەوەی ماسولکەکان بەشێکە لە پرۆسەی راهێنانکردن،" هەروەها دەڵێت: "پشتگوێخستنی پشوودان هێندەی ئەنجامنەدانی راهێنانە بە مانگ."
جەستەیەکی تەندروست و رێک بەشێکە لە بازنەی شەکەتی و چاکبوونەوە، بەو رێگەیە دەتوانرێت جەستەمان بەهێزتر بکات.
راهێنانەکان دەبێتە هۆی تێکشکانی شانەکانی ماسولکە، کاتێک پشوو دەدەین، ئەو شانانە خۆیان بنیات دەنێنەوە، خۆیان رادەهێنن بۆ ئەوەی گەورەتر و بەهێزتر بن. ئەو پرۆسەی راهاتنە پێی دەوترێت "قەرەبووکردنەوەی گەورە" کە دەبێتە هۆی ئەوەی وەرزشوانەکە خێراتر رابکات، بەرزتر باز بدات یان قورسایی زیاتر بەرزبکاتەوە.
سەبارەت بە رۆڵی پشوودان، گایڵز وارینگتۆن، مامۆستای ئەدای مرۆیی و داهێنان لە زانکۆی لیمریک لە ئێرلەندا، دەڵێت: "لەماوەی شەکەتیدا، جەستە خۆی بنیات دەنێتەوە و رادێت لەگەڵ راهێنانەکاندا."
بەبێ پشووی پێویست، ماسولکەکان کاتی پێویستییان نییە بۆ راهاتن لەگەڵ پرۆسەی بنیاتنانەوەی ماسولکە، ئەوەش دەبێتە هۆی رێگریکردن لە بەرەپێشچوونەکانی جەستە.
پرۆسەی پشوودان و بنیاتنانی جەستە، بەپێی جۆر و قورسیی راهێنانەکان دەگۆڕێن. راهێنانی سووک وەک راکردن جەستە تەنها شەوێکی پێویستە بۆ پشوودان، بەڵام راهێنانی قورس، پێویستی بە پشووی زیاترە، رەنگە بە لایەنی کەمەوە رۆژێک یان دوو رۆژی پێویست بێت.