سبەی
لە توێژینەوەیەکی نوێدا کە لەسەر مشک ئەنجامدراوە، بە ئامانجی تێگەیشتن لە چۆنیەتی کارکردنی بیرەوەری لە مێشکی مرۆڤدا، زاناکان پشکنینیان بۆ چۆنیەتی هەڵگرتن و دەستکاریکردنی یادەوەرییەکان لە پێکهاتەیەکی بچووک و ئاڵۆزی مێشکدا کردووە کە رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە فێربوون و یادەوەری و هەستکردندا.
بەپێی راپۆرتی زانستی تەکنا، توێژەرانی زانکۆی بازل لە سویسرا بۆیان دەرکەوتووە کە یادەوەرییەکانی ئەزموونە تایبەتەکان وەک چەندین کۆپی هاوتەریب لە لانیکەم سێ پۆلی جیاوازی دەمارەکانی مێشکدا هەڵدەگیرێن. ئەم پۆلانە لە قۆناغە جیاوازەکانی گەشەکردنی کۆرپەلەدا دەردەکەون. ئەم کۆپییە لە ماوەی مانەوەیان و توانای گۆڕانکارییان و هەستیارییان بۆ سڕینەوە بە تێپەڕبوونی کات جیاوازن. زاناکان هەوڵیان دا لە داینامیکی مێشک تێبگەن کە یادگارییەکان دەپارێزن و دەیانگونجێنن بۆ ئەوەی تێبگەن کە چۆن ئەم پرۆسانە یارمەتیمان دەدەن لە ئەزموونەکانی رابردوو فێربین و بڕیار بدەین لە گۆڕانی ژینگەکاندا.
تیمی توێژینەوەکە دەریانخستووە کە چالاککردن و کاتی وەشانە تایبەتەکانی بیرگە دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبێت لەسەر چۆنیەتی بیرهێنانەوە و گۆڕانکاریی و بەکارهێنانی بیرەوەرییەکانمان.
فلاویۆ دۆناتۆ لە زانکۆی بازل لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا روونی کردەوە کە مێشک رووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبێتەوە کاتێک باس لە بیرەوەری دەکرێت.
دۆناتۆ دەڵێت: "لە لایەکەوە پێویستە لەبیرمان بێت چی لە رابردوودا روویداوە بۆ ئەوەی یارمەتیمان بدات لەو جیهانە تێبگەین کە تێیدا دەژین، لە لایەکی دیکەوە پێویستە خۆمان لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانەدا بگونجێنین کە لە دەوروبەرمان روودەدەن، بۆیە یادەوەرییەکانمان پێویستیان بە گۆڕانکاریی هەیە بۆ ئەوەی یارمەتیمان بدات بۆ هەڵبژاردنی دروست بۆ داهاتوو". تێگەیشتن لەوەی کە ئەزموونەکانی رابردوو چۆن کاریگەرییان لەسەر بڕیاردان هەیە دەتوانێت شتێکی چارەنووسساز بێت، چونکە یادەوەرییەکان یارمەتی زیندەوەران دەدەن لە رابردوو فێربن و خۆیان لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخەکاندا بگونجێنن، بەمەش کاریگەری لەسەر بڕیار و رەفتاری داهاتوو دەبێت.
زانایان ئاماژە بەوەدەکەن کە تا دۆزینەوەی چەندین وەشانی بیرگە، میکانیزمی پشت کۆنترۆڵکردنی داینامیکی بیرەوەری لەلایەن مێشکەوە وەک نهێنی ماوەتەوە. بە لێکۆڵینەوە لە خانەی بیرەوەریی لە مشکدا، تیمی توێژینەوەکە تێبینی ئەوەیان کردووە کە وەشانە هاوتەریبەکانی یادەوەرییەکان کە لە پۆلەکانی دەمارەکاندا هەڵگیراون لە قۆناغە جیاوازەکانی گەشەکردنی کۆرپەلەدا دەردەکەون.
ئەم وەشانە لە رووی دەستڕاگەیشتنیان بە تێپەڕبوونی کات جیاوازن، دەمارە سەرەتاییەکان بیرەوەرییە درێژخایەنەکان هەڵدەگرن کە تەنها دوای ماوەیەک دەستڕاگەیشتنیان پێدەگات، لەکاتێکدا دەمارە لاوەکییەکان ئەو یادەوەرییانە هەڵدەگرن کە لە سەرەتادا بەهێزن، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات کاڵ دەبنەوە. دەمارەکانی قۆناغی ناوەندی بیرەوەری جێگیرتر هەڵدەگرن.
ویلدە کۆیم، توێژەری سەرەکیی توێژینەوەکە دەڵێت: شێوازی هەڵگرتنی یادەوەرییەکان لە مێشکدا رەنگدانەوەی پرۆسیسی مێشکە، کە بنەمای توانای بیرەوەرییە گەورەکەیە". ئەم نەرمییە لە هەڵگرتنی بیرەوەریدا ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە چۆن مێشکمان دەتوانێت یادەوەرییەکان بە تێپەڕبوونی کات بگونجێنێت و یارمەتیمان بدات لە ئەزموونە نوێیەکان فێربین لە هەمان کاتدا هێشتا یادەوەرییە گرنگەکانی درێژخایەن دەهێڵینەوە.
ئەم توێژینەوەی یارمەتیدەرە لەوەی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو یادەوەریانەی کە کاڵ بوونەتەوە یان لەدەستچوون، هەروەها ڕێگەی نوێ پێشکەش بکات بۆ بەڕێوەبردن و باشترکردنی تەندروستی دەروونی.
توێژەران لەئێستادا کاردەکەن بۆ تێگەیشتن لە میکانیزمی بنەڕەتی پشت چۆنیەتی کۆدکردن و گۆڕینی یادەوەرییەکان لە مێشکدا، کە ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی یادەوەرییە دەستێوەردانکارەکان.