روسیا لەگەڵ ئەوە نییە ئێران یۆرانیۆم بپیتێنێت؛ وەزیری دەرەوەی ئێران: دەست لە پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵناگرین

#ئێران#ئەمەریکا#روسیا
4 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • عەباس عێراقچی: مەرجی سەرەكی ئێران بۆ ڕێككەوتن مافی پیتاندنی یۆرانیۆمە
  • عەباس عێراقچی: لەو ناوەندە ئەتۆمییانەی بۆردومان كراوە مەترسی بڵاوبوونەوەی تیشكی زیانبەخش زۆرە
  • ئەکسیۆس: پوتین لایەنی ئەمەریکی و ئێرانی ئاگادارکردووەتەوە لەگەڵ رێککەوتنی ئەتۆمییە بەبێ ئەوەی ئێران مافی پیتاندنی یۆرانیۆمی هەبێت
Primary Asset

عەباس عەراقچی - وێنە: AP

سبەی

وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە ئەگەری دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان لەگەڵ ئەمەریكا رایگەیاند:"هاوكاری تاران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم نەوەستاوە"، جەختیش دەكاتەوە دەستبەرداری مافی پیتاندنی یۆرانیۆم نابن.

ئەمڕۆ شەممە 12ی تەمموز، عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ بەرپرسانی نوێنەرایەتییەكانی ئێران لە وڵاتانی دەرەوە رایگەیاند"هەڵەی گەورەی سێ وڵاتی ئەوروپی ئەوەیە كە هەست دەكەن گەڕاندنەوەی سزاكان بۆ سەر ئێران ئەوان دەكات بە فاكتەرێكی گەورەی دۆسییەی ئەتۆمی ئێران".

سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا، عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران وتی" هیچ رێكەوتنێك ناكەین ئەگەر مافی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ وڵاتەكەمان تێیدا جێگیر نەكرێت".

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیشی كردەوە لەوەی هاوكارییەكانی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم نەوەستاوە، "بەڵام دوا بەدوای هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئەو ناوەندە ئەتۆمیانە، شێوازی هاوكارییەكان لەگەڵ ئەو ناوەندە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە".

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بۆئەوەش كردووە "دوابەدوای بۆردومانی ناوەندە ئەتۆمییەكانی ئێران ئەگەری بڵاوبوونەوەی تیشكی زیانبەخش جددییە". بەڵام ئامادەنەبوو وردەكاریی زیاتر لەو بارەیەوە بخاتەروو.

“ئەمەریکا خیانەتی لە دیپلۆماسیەت کردو شێوازی مامەڵەی لەمەودوامان لەگەڵ ئاژانسی نێودەڵەوتی وزەی ئەتۆم جیاواز دەبێت” عەراقچی وا دەڵێت.

وتەكانی وەزیری دەرەوەی ئێران لە كاتێكدایە، دۆناڵد ترەمپ لە دوایین چاوپێكەوتنی تەلەفزیۆنی لەگەڵ كەناڵی فۆكس نیوزی ئەمەریكی رایگەیاند:" دەبێت ئێران دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم ببێت".

وڵاتانی ئەوروپیش هاوكات جەختیان كردووەتەوە لەوەی پێشمەرجی رێككەوتن لەگەڵ ئێران دەستهەڵگرتنی تارانە لە پیتاندنی یۆرانیۆم، سنوورداركردنی بەرنامەی مووشەكیی و دەستهەڵگرتنی ئێران لە یارمەتیدانی گروپە چەكدارەكانی ناوچەكەیە.

لەلایەن خۆشیەوە، پێگەی "ئەكسیۆس" ی ئەمەریكی ئاشكرایكردووە، ڤلادمیر پوتین سەرۆكی روسیا هەریەك لە ترەمپ و بەرپرسانی ئێرانی ئاگاداركردووەتەوە، پشتیوانی رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران دەكات، كە بە شێوەیەكی گشتیی رێگربێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی