فراکسیۆنە کوردییەکانى پەرلەمانى عێراق لەم خولەى پەرلەماندا زیاتر لەیەک پرس هاوهەڵوێست بوون
سبەى
پرسی بایکۆتى دانیشتنى پەرلەمانى عێراق و کشانەوە لە پڕۆسەى سیاسی لایەنە کوردییەکانى دابەشکردووە، بەپێچەوانەى پارتییەوە کە بەو ئاڕاستەیە هەنگاو دەنێت، لایەنە کوردییەکانى دیکە بە ئاڕاستەى رێککەوتن و مانەوە لەبەغداد هەنگاو دەنێن.
لەگەڵ قوڵبوونەوەى کێشەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و نەناردنى لەلایەن بەغدادەوە، پارتى دیموکراتى کوردستان پرسی بایکۆت و کشانەوەى پرۆسەى سیاسی هێناوەتەوە بەرباس، پرسێک کە پێناچێت لایەنە کوردییەکانى دیکەى لەگەڵدا بێت.
رۆژى 29 ى ئایار، مەکتەبى سیاسی پارتى کۆبووەوەو رۆژى دووى حوزەیرانى دیاریکرد بۆ یەکلاکردنەوەى هەڵوێستى خۆى لەبارەى کشانەوە لە پڕۆسەى سیاسی ئەگەر تا پێش جەژن مووچە نەنێردرێت، بەڵام دواتر بڕیارەکەى نەدا و جەختیکردەوە، ئاماژەى ئەرێنى هەیە لەلایەن حکومەتى فیدراڵى و دامەزراوەى دادوەرى بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکە.
لەگەڵ بەردەوامى کێشەکە، جارێکى تر پارتى ئەو پرسەى هێناوەتەوە بەرباس و مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى تەرخانکرد بۆ تاوتوێکردنى پرسی کشانەوە، ئەوەش بەپێی میدیاکانى ئەو حزبە، بەڵام هێشتا دیار نییە بڕیارى کشانەوە دراوە یاخود نا.
هاوکات لەگەڵ ئەو کۆبوونەوەیە، فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق بڕیاریداوە بەشدارى کۆبوونەوەى ئەمڕۆى پەرلەمان نەکات، لە دوایین وەرزى یاسادانانیدا.
شاخەوان عەبدوڵا جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لە پشکى پارتى لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە "ئەوان موچەیان نەبڕی بۆ ئەوەی جارێکی تر بیدەنەوە نەوتیان نەگرتەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر بەری بدەنەوە، لەهەمووی خراپتر کات کوشتن و درێژەدان بەم سیاسەتە لەژێر بیانوی جۆراوجۆر جارێک دادگای ئیتحادی و جارێک دروست کردنی لیژنە ، ئامانجیان ئەوە بو خەڵک زیاتر برسی بکەن".
وتیشى "ئیتر کاتی ئەوە هاتوە سنورێک بۆ ئەم بێڕێزی و لەیاسا لادانە دابنرێت، دڵنیام حکومەتی خۆمان خەمێک لەو بابەتە دەخوات و ناهێڵێت لەوە زیاتر خەڵکی ئێمە برسی بکرێت، خەڵکی کوردستانیش لە ئێمە دەخوازن چیتر بڕوا بەبەڵێن قسە لوسەکانیان نەکەین و هەڵوێستێک رابگەیەنین لەبەرامبەر ئەو تاوانەی بەرامبەر خەڵکی کوردستان و هەرێمەکەمان ئەنجامی دەدەن ، ئەوەش هەنگاوە دروستەکەیە".
فراکسیۆنە کوردییەکانى پەرلەمانى عێراق لەم خولەى پەرلەماندا زیاتر لەیەک پرس هاوهەڵوێست بوون و پێکەوە بڕیاریاندا بایکۆتى کۆبوونەوەى پەرلەمان بکەن، ئەویش پرسی بە پارێزگابوونى هەڵەبجە بوو، کاتێک لە مانگى نیساندا ئەو پرسە لە خشتەى دانیشتنى پەرلەمان لابرا، پێش ئەوەى لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت.
بڕیار رهشید ئهندامی پەرلەمانى عیراق له فراكسیۆنی یهكێتی به میدیاى فەرمى حزبەکەی راگهیاند "فراكسیۆنی یهكێتی بهشداری كۆبوونهوهكهی ئهنجومهنی نوێنهرانی عیراق دهكات، كه بڕیاره دهنگ لهسهر سێ پڕۆژهیاسا بدرێت و خوێندنهوهی یهكهم و دووهم بۆ چوار پڕۆژهیاسای دیكه بكرێت".
هەروەها فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانى عێراق جەختیکردەوە کە ئەوان بایکۆتى دانیشتنى پەرلەمان ناکەن و دەڵێت "مەعقول نییە لە بەغدا بکشێیتەوە چونکە پارتی و یەکێتی نەوت و داهاتی ناوخۆ دەدزن و تەسلیمی ناکەن".
لاى خۆیانەوە، فراکسیۆنى یەکگرتوو دژى بایکۆت و کشانەوە دەوەستێتەوە و جەختدەکاتەوە کاتی ئەوەیە بە باشترین شێوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخە تازەیە بکرێت.
دارا سێکانیانى پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکگرتوو دەڵێت "کشانەوە کە پێچەوانەی دەستوور و یاسا و ئیرادەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و بەرژەوەندی هەرێم و هاووڵاتییان بێت جگە لە نەهامەتی و قووڵکردنەوەی قەیرانەکان و کارەساتێکی نەخوازراوتر شتێکی تر بەرهەم ناهێنێت، ئەم نەغمەیە و زمانی هەڕەشەیە جگە لە شکستێکی تر و لە دەستدان، ئەوەی هەیە شتێکی تر بەرهەم ناهێنێت".
دەشڵێت "کاتی ئەوەیە بە باشترین شێوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخە تازەیە بکرێت، باش لە هاوکێشە هەرێمایەتی و جیهانییەکان تێبگەیت لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی هەرێم و هاووڵاتییان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت".