سبەی
شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل کاریگەریی گەورەی لەسەر ئابووری وڵاتەکە دروستکردووە. بەتایبەتی لە چەقبەستوویی بازاڕەکانی دراوی بیانی و زێڕەوە تا داڕمانی بازاڕی خانووبەرە و پەککەوتنی بازرگانی نێودەوڵەتی. ناوچە رۆژهەڵاتی کوردستانیش روبەڕووی زیانێکی گەورەتر بوونەتەوە خەڵکی ئەو ناوچانە بەرگەی دوو فشار دەگرن.
شەڕی 12رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئاگربەستی نێوانیان، ئاستەنگی ئابورییەکانی ئێرانی گەورەتر کردووە. ئابووری ئەو وڵاتە کە پێشتر رووبەڕووی کێشەی ناهاوسەنگی قووڵ لە کەرتەکانی وزە، بانک، ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی و بێکاری بووەوە، ئێستا بەهۆی کاریگەرییەکانی شەر و نادڵنیایی کە بە هۆی ئاگربەستەکەوە هاتوەتە ئاراوە گەیشتوەتە دۆخی مەترسیدار. چەقبەستووی ئابووری و گوشاری هەڵاوسان لە چەند مانگی داهاتودا کێشەی زیاتر بۆ ئابووری ئێران بە تایبەت لە ناوچە کوردستانییەکان دەهێنێتە ئاراوە.
بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکان، دوابەدوای ئەو ململانێ و شەڕە، بازاڕە دارایی و بازرگانییەکانی ئێران تووشی دابەزینێکی زۆر بوون. سیاسەتە ئابوورییەکانی حکومەتی ئێران و کەشوهەوای نائارامی کە بە هۆی ئاگربەستەوە درووست بووە، بازرگانی لە بازاڕە داراییەکان و مامەڵە بازرگانییەکاندا وەستاندووە و ئابووری ئێرانیش کەوتوەتە پاشەکشەیەکی قووڵەوە. لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەم کێشانە زیاتر دەردەکەون، زۆرێک لە کارو و پیشەسازییە بچووکەکان روبەڕووی کەمبوونەوەی چالاکیی یان داخستنی بوونەتەوە.
بازاڕەکانی دراو و زێڕ لە ئێران و بە تایبەت ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، بەهۆی شەڕ و ئاگربەستەوە کاریگەرییان لەسەر زیاتر بووە. سەرەڕای سیاسەتە سنووردارەکانی بانکی ناوەندی، نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لەو ناوچانەدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و فشارێکی زیاتری خستوەتە سەر خەڵک. ناوچە کوردستانییەکان کە پەیوەندییە بازرگانی گەورەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، روبەڕوی پەککەوتنی بەرفراوانی بازرگانی بونەتەوە ئەوەش بوەتە هۆی کەمبوونەوەی قەبارەی هەناردە و هاوردەکردن.
لە کاتێکدا بازاڕی خانووبەرە لە سەرانسەری ئێراندا بەرەو پاشەکشە کەوتووە، دابەزینی کڕین و فرۆشتنی موڵک و ماڵیش بە ڕوونی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا دیارە.
بەرزبوونەوەی نرخەکان، لەگەڵ کەمبوونەوەی توانای کڕینی خەڵک، کێشەی گەورەی بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە دروست کردووە. هەروەها هەوڵەکانی حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی خانوبەره لەو ناوچانه کاریگەرییەکی کەمی نەبووه و دۆخەکه به نادیاری ماوەتەوه .
زیانەکانی ژێرخانی ئابوری بەهۆی شەڕەوە بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووری ئەو ناوچانە داناوە. پچڕانی گواستنەوەی کەلوپەل و وەستانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە بەشێک لە شارە سنوورییەکان وەک بانە و پیرانشار بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و کەمبوونەوەی دەستڕاگەیشتن بە کاڵا سەرەتاییەکان. ئەو گرفتە ئابوورییانەی کە بەهۆی ئەم پەککەوتنانەوە دروست بوون، گوشاری زیاتری خستۆتە سەر خەڵکی ئەو ناوچانە و ژیانی ڕۆژانەیانی ئاڵۆزتر کردووە.