کۆبوونەوەى لوتکەى پارتى و یەکێتى لە پیرمام
سبەى
پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان جەخت لە چرکردنەوەى هەوڵەکان بۆ دابینکردنى مووچەى فەرمانبەران دەکەنەوە و سوربوونى خۆیان لەسەر پاراستنى قەوارەى هەرێم دوپاتدەکەنەوە.
ئەو هەڵوێستە هاوبەشەى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان دواى کۆبوونەوەى لوتکەى نێوانیان راگەیەنرا، کە بەسەرپەرشتى مەسعود بارزانى و بافڵ تاڵەبانى لە پیرمام بەرێوەچوو، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوى کۆتایی کۆبوونەوەکە کە زیاتر لە چوار کاتژمێرى خایاند.
هەردوولا هەروەها جەختیانکردەوە کە تەواوی ئەو هەنگاوانەی پێویستن بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان بە هاوئاهەنگی هەردوولا دەهاوێژرێن.
بەشێكی دیکەی کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتى تایبەت بوو بە پەیوەندییەکانى نێوانیان و هەردوولا جەختیان لە پتەوکردنەوەی پەیوەندییەکانیان کردەوە بۆ ئەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان تێپەڕێنن و پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی بکەن، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوەکە.
کۆبوونەوەى لوتکەى پارتى و یەکێتى هاوکاتە لەگەڵ قوڵبوونەوەى زیاترى کێشەى مووچە لە هەرێمى کوردستان، دواى ئەوەى بەغداد لە 28 ى حوزەیرانى ئەمساڵ بە بڕیارێک ناردنى پارەى مووچەى بۆ هەرێمى کوردستان راگرت بە پاساوى تەواوبوونى پشکى هەرێم لە بودجە.
سەربارى بوونى ئەو کێشەیە، هەردوو حزب هێشتا ناکۆکییەکانیان لەسەر پرسی پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێمى کوردستان چارەسەر نەکردووە و دواى نزیکەى نۆ مانگ لە بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن دیار نییە کەى کابینەى نوێ پێکدەهێنرێت.
رۆژی 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، لەوكاتەوە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان چەند كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامداوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام تائێستا هیچ رێككەوتنێك نەكراوە، لەكاتێكدا 2-12-2024 یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، تیایدا پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد، بەڵام تائێستا هیچ دانیشتنێكیان ئەنجام نەداوە.