ئەنجومەنی وزاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق كۆبوەوە؛ سبەینێ لیژنەیەكی ئەمنیی سەردانی هەولێر دەكات

#عێراق#هەرێم#هێرشی درۆنیی#ئەنجومەنی وزاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • ئەنجومەنی وزاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، كۆبوەوە. بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەش چەندین دۆسیەی ئەمنیی تاوتوێ كراون، لەوانە هێرشەكانی ئەم دواییە بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەكان، ڕێكارەكانی پاراستنی سنوورەكان، و ڕێكخستنی بابەتی كرێكارانی بیانی.
Primary Asset

ئەنجومەنی وزاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

سبەی

ئەنجومەنی وزاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق كۆبوەوە، دۆخی ئەمنیی یەكێك بوو لە پرسەكان، بەتایبەتیش هێرشە درۆنییەكانی سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق دەڵێت "بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشە درۆنیەكان سبەینێ پێنج شەممە لیژنەیەكی باڵای ئەمنیی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات".

ئەنجومەنی وزاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، كۆبوەوە. بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەش چەندین دۆسیەی ئەمنیی تاوتوێ كراون، لەوانە هێرشەكانی ئەم دواییە بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەكان، ڕێكارەكانی پاراستنی سنوورەكان، و ڕێكخستنی بابەتی كرێكارانی بیانی.

سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، لەوبارەیەوە رایگەیاند:" محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان سەرپەرشتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وزاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراقی كرد، تێیدا دۆخی ئەمنیی وڵات و چەند دۆسیەیەكی دیكە تاوتوێ كراون و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا".

وتیشی "یەكێكی دیكە لە تەوەرە سەرەكییەكانی كۆبوونەوەكە، دۆخی سنوورەكانی عێراق بوو. "جەخت لەسەر پێویستیی هەماهەنگی و یەكخستنی هەوڵەكان لەنێوان سەرجەم هێزە ئەمنییەكاندا كرایەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوەتیی سنورەكان، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی توانای هەواڵگری و سوودوەرگرتن لە تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو و شێوازی نوێ بۆ پاراستنی سنورەكان كرا".

هەر بەوتەی وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان "كۆبوونەوەكە بابەتی كرێكارانی بیانی لە عێراق و میكانیزمی پێدانی ڤیزایشی لەخۆگرتبوو، بە ئامانجی ڕێكخستنەوەی ئەم دۆسیەیە بە شێوەیەك كە كاریگەریی نەرێنی لەسەر بوارەكانی ئابووری، كۆمەڵایەتی و ئەمنیی وڵات دروست نەكات".

"ئەنجومەنەكە بڕیاری پێویستی لەبارەی تەواوی ئەو دۆسیانەوە دەركردووە بە ئامانجی پتەوكردنی ئاسایشی گشتیی وڵات". وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان وا دەڵێت.

لەلایەكی دیكەوە، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە فەرماندەیی گشتیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندووە:"لە ماوەی ڕابردوودا دوای ھێرشە درۆنییەكان بۆ سەر ھەرێمی كوردستان، لیژنەیەكی باڵا لە فەرماندە ئەمنییەكان لە بەغداد سەردانی ھەرێمی كوردستانی كرد و بەدواداچوونی بۆ كرد."

وتیشی"بڕیارە سبەینێش لیژنەیەكی تایبەتمەندی ئەمنی بگاتە ھەولێر بۆ ئەوەی دەست بە لێكۆڵینەوە بكەن، كە لە وەزارەتی بەرگری و ھەواڵگری و ئەمنی گشتی و ئەمنی نیشتیمانی و بەڵگەنامەی تاوانەكان پێكهاتووەو دەست بە لێكۆڵینەوەی خۆیان دەكەن لەبارەی ئەو ھێرشانەی دەكرێنە سەر ھەرێمی كوردستان".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی