"چەكی شاراوە"ی ئیسرائیل؛ دزەی كلتوری و زانیاریی لەناو وڵاتانی عەرەبی

#ئیسرائیل#وڵاتانی عەرەبی#زمان#کلتور#زاراوە
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • "چەكی شاراوە"ی ئیسرائیل؛ دزەی كلتوری و زانیاریی لەناو وڵاتانی عەرەبی، پێش ئەوەی دەست بەسەر خاكدا بگریت، عەقڵ و دڵ لەناو بەرە
  • شكستە هەواڵگرییەكەی ئیسرائیل لە 7ی ئۆكتۆبەری 2023 ، بووە هۆی ئەوەی ئەو وڵاتە پلانێكی نوێ دابرێژێتەوە كە بەپێی پلانەكە هاوكات لەگەڵ بەهێزتركردنی دەسەڵاتی سەربازیی، هەوڵێكی درێژخایەنی بۆ خۆخزاندنە ناو كۆمەڵگەی عەرەبییەوە دەستپێكرد بە ئامانجی دزەی فەرهەنگی و بەدەستهێنانی زانیاریی هەستیاری هەواڵگری.
Primary Asset

ژمارەیەک گەنجی جوو لەگەڵ سوپای ئیسرائیل

سبەی

دوابەدوای شكستی هەواڵگری ئیسرائیل "بەتایبەت لە ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی ئەقسا لە 7ی ئۆكتۆبەری 2023 " ئیسرائیل پلانێكی درێژخایەنی دەستپێكردووە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی كاریگەرتر خۆی بخزێنێتە ناو كۆمەڵگەی وڵاتانی عەرەبییەوە، لەوانەش لەڕێگەی راهێنانی نەوەی نوێی وڵاتەكەی بە فێركردنی زاراوە جۆراوجۆرە عەرەبییەكان، هاوكات بەكارهینانی سۆشیاڵ میدیا بۆ گۆرینی بیر و هزری كۆمەڵگەی عەرەبی بە گوێرەی بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیل.

شكستە هەواڵگرییەكەی ئیسرائیل لە 7ی ئۆكتۆبەری 2023 ، بووە هۆی ئەوەی ئەو وڵاتە پلانێكی نوێ دابرێژێتەوە كە بەپێی پلانەكە هاوكات لەگەڵ بەهێزتركردنی دەسەڵاتی سەربازیی، هەوڵێكی درێژخایەنی بۆ خۆخزاندنە ناو كۆمەڵگەی عەرەبییەوە دەستپێكرد بە ئامانجی دزەی فەرهەنگی و بەدەستهێنانی زانیاریی هەستیاری هەواڵگری.

پڕۆژەی “دوژمنی هاوزمان" ستراتیژی نوێی دزەكردنی ئیسرائیل

ڕۆژنامەی عیبری یەدیعۆت ئەحرۆنۆت ئاشكرای كردووە، هەواڵگری سەربازیی ئیسرائیل (AMAN) هەوڵەكانی بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد دەكات بۆ ڕاهێنانی هێزەكانی بە زمان و زاراوە ناوخۆییەكان، دوای ئەوەی لە مانگی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٣ لاوازییەكانی هەواڵگری ئاشكرا بوون، بە جۆرێك بەرپرسانی ئەمنی گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئامرازە رەسەنەكانی وەك زمان و چالاككردنی سیخوڕەكان لە مەیدانەكەدا، هاوكات لەگەڵ بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو بۆ چاودێریكردنی پەیوەندییەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.

هەر لەو پەیوەندییەدا ڕێكخراوەكە دەستی كردووە بە پرۆگرامی ڕاهێنانی چڕ بۆ دەرچووانی ئامادەیی لە خولی شەش مانگەدا، كە تێیدا خوێندكاران فێری زمانی عەرەبی دەبن بە  زاراوەی سوری، لوبنانی، فەلەستینی، عێراقی و تەنانەت یەمەنیش، كە بەم دواییە خرایە ناو پلانەكەوە.

زیادكردنی شێوەزاری یەمەنی بەهۆی ڕاپۆرتە ئیسرائیلییەكانەوە بوو كە ئاماژەیان بە نەبوونی زانیاریی ورد لەبارەی یەمەن كردووە، بە جۆرێك كە حكومەتی ئیسرائیل پێشبینی نەدەكرد ئەنساروڵا بەم جۆرە بتوانێت بەرەیەكی جەنگ لەگەڵ وڵاتەكەیان بكاتەوە و زیانیان پێ بگەیەنێت.

هەر لەبەر ئەم هۆكارەش بەگوێرەی ڕۆژنامەی مەعاریف، حكومەت هەوڵ دەدات لە ڕیگەی ئەو هاوڵاتییە ئیسرائیلیانەی كە ڕەگ و ڕیشەی یەمەنییان هەیە بەتایبەتی ئەو جولەكانەی كە بەم دواییە كۆچیان كردووە بۆ ئیسرائیل و شارەزای زمانی عەرەبی و شێوەزاری یەمەنن، بۆ یارمەتیدان لە كۆكردنەوەی زانیاریی هەواڵگری لەسەر ئەنساروڵا بەكاربهێنیت.

ئامانج لە راهێنان بە زاراوە جۆراوجۆرە عەرەبییەكان چییە؟

ئەفسەرێكی هەواڵگری لەو بارەیەوە دەڵێت "ئامانج تەنها فێركاری قسەكردن بە زاراوەیەكی دیاریكراو نییە بەڵكو بە گوێرەی پلانەكە فێرخوازان لەگەڵ وردەكاری كلتوری و مێژوویی و سیاسی ئەو وڵاتانەش ئاشنا دەبن".

 لەم ڕووەوە شارەزایانی دەروونناسی ئەم ڕێبازە بە "چەكێكی شاراوە" دەزانن، وەك دەروونناس عەبدولڕەحمان مەزهەر كە جەخت لەوە دەكاتەوە " ئەم كاریگەرییە زمانەوانی و كلتوورییە بۆشایی دەروونی نێوان لایەنەكان كەمدەكاتەوە و هەستی ئاشنابوون و قبوڵكردنی نائاگایانە دروست دەكات.

چەكی نەرمی ئیسرائیل لە شەڕی ڕاستەوخۆ مەترسیدارترە

عەبدولڕەحمان مەزهەر ڕوونیشی كردەوە"ئەم چەكە نەرمە لە چەكی نەریتی مەترسیدارترە، چونكە چەكی نەریتی ناسراوە و ڕووبەڕووی بەرگری دەبێتەوە، بەڵام چەكی نەرم هێواش هێواش خۆی دەخزێنێتە ناو چەمك و بەهاكانی كۆمەڵگاوە و پەرە دەستێنێت، بەبێ ئەوەی وەرگر ئاگاداری مەترسییەكە بێت یان لە سروشتی ڕاستەقینەی كاریگەرییەكانیان تێبگات".

شارەزایان جەخت لەوە دەكەنەوە،ئەم پلانانە ڕێگە بە ئیسرائیل دەدات بیرۆكە سیاسی و كو=لتوورییەكانی لە ڕێگەی كەناڵە بەڕواڵەت ئاسایی و ئاشناكانەوە بگەیەنێت، وەك بەكارهێنانی جلوبەرگی نەریتی عەرەبی یان پەرەپێدانی خواردنی عەرەبی وەك بەشێك لە خواردنی ئیسرائیل.

شرۆڤەكاران هۆشداری دەدەن كە ئەم "كۆلۆنیالیزەكردنە نەرمە" ئامانجی ئەوەیە پێكهاتەی هۆشیاری عەرەب بكاتە ئامانج و نەوەكانی داهاتوو ئامادە بكات بۆ ئەوەی ئیسرائیل وەك بەشێكی سروشتی ناوچەكە قبوڵ بكەن. ئەم پڕۆژەیە تەنیا پرسێكی زمانەوانی نییە، بەڵكو بەشێكە لە بەرنامەیەكی قووڵتر بۆ پێناسەكردنەوەی ناسنامە و بەها ڕەسەنەكان.

ئامرازەكانی  دزەكردنی كلتووری لەرێگەی پشتبەستن بە سۆشیال میدیا

بەمەبەستی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ڕای گشتی عەرەبی، ئیسرائیل پەیجی فەرمی سۆشیال میدیای بە زمانی عەرەبی بۆ بەرپرسە باڵاكانی دروستكردووە، جگە لە پەیجی هەندێك لە باڵیۆزخانەكانی لە وڵاتانی عەرەبی وەك میسر و ئوردن. هەروەها لە دامەزراندنی ڕادیۆی دەنگی ئیسرائیلەوە لە ساڵی ١٩٦٥ەوە كەڵك لە میدیای زمانی عەرەبی وەرگرتووە، كە ئامانجی خۆی لە خزمەتكردنی هاوڵاتیانی عەرەب لە ئیسرائیل و پەرەپێدانی لێكتێگەیشتن لەگەڵ گەلانی دراوسێ ڕاگەیاند.

لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشەكانی “بەهاری عەرەبی”، تەلئەبیبیش هاوشێوەی دەسەڵاتە عەرەبییەكان، لە گرنگی و كاریگەریی سۆشیال میدیا لەسەر گەنجانی عەرەب تێگەیشت، هەر بۆیە ڕووی كردە بەكارهێنانی پەیجی سۆشیال میدیا بۆعەرەب زمانەكان بۆ تێكشكاندنی بەربەستە دەروونی و كلتوورییەكان لەناو بینەرانی گەنجی عەرەب.

ئەڤیخای ئەدرەعی، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل یەكێكە لەو كەسایەتییە دیارانەی كە بەردەوام لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك و تویتەر لەگەڵ بینەرانی عەرەبدا كارلێك دەكات و پیرۆزبایی بۆنە ئایینییەكانیان لێدەكات. هەروەها وێنەی خۆی لە ناوچە جیاجیاكانی خاكە داگیركراوەكان بڵاودەكاتەوە.

 “كۆلۆنیالیزمی نەرم” و مەترسی لەسەر ناسنامەی عەرەب

شارەزایانی عەرەب باس لەوەدەكەن، "ئەو جۆرە سیاسەتانە جۆرێكە لە داگیركاری نەرم، كە پێش ئەوەی دەست بەسەر خاكدا بگرێت، عەقڵ و دڵ لەناو دەبات، چونكە چیتر داگیركاری تەنها پشت بە هێزی چەكدار نابەستێت، بۆیە دەبێت بەرەنگاربوونەوەی ئەم پڕۆژەیە لە هۆشیاری و پاراستنی شوناس و بەهێزكردنی سەلامەتی دەروونی و كلتوورییەوە دەست پێبكات، چونكە ئەوەی ئەمڕۆ بە ڕوونی ڕەتی ناكەینەوە، سبەی بە بێدەنگی لەگەڵیدا ڕادێنین".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی