ڕێككەوتنی ئەوروپا و ئەمەریكا لەبارەی باجی بازرگانی؛رادەستبوون یان هەڵبژاردنی خراپ لەبەرانبەر خراپتردا

#ئەوروپا#ئەمەریکا#باج#بازرگانی
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • دواجار لە كۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و ئۆرسێلا ڤۆن دێرلاین سەرۆكی كۆمیسیۆنی ئەوروپا، دوو لایەن ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی ئەمەریكا باجی 15% بخاتە سەر كۆی گشتی بەرهەمە ئەوروپییەكان كە هەناردەی بازاڕەكانی ئەمەریكا دەكرێن، لەبەرامبەردا زۆربەی كاڵا ئەمەریكییەكان كە دەچنە ناو یەكێتی ئەوروپا یان بێ باج دەبن یان باجیان لە سفر نزیك دەبێتەوە.
Primary Asset

سەرۆكی ئەمەریكا و سەرۆكی كۆمیسیۆنی ئەوروپا

سبەی

ڕێككەوتنی بازرگانی نێوان كۆمیسیۆنی ئەوروپا و ئەمەریكا ڕەخنەی زۆری لێكەوتووەتەوە، بەشێك لە ڕەخنەگرانی ئەوروپی دەڵێن ڕێككەوتنەكە لە قازانجی ئەمەریكایە و بەزیانی یەكێتی ئەوروپا دەشكێتەوە، بەرپرسانی كۆمیسیۆنەكەش دەڵێن ئەوە باشترین ڕێككەوتنێكە كە دەیانتوانی بەدەستی بهێنن. 

دواجار لە كۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و ئۆرسێلا ڤۆن دێرلاین سەرۆكی كۆمیسیۆنی ئەوروپا، دوو لایەن ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی ئەمەریكا باجی 15% بخاتە سەر كۆی گشتی بەرهەمە ئەوروپییەكان كە هەناردەی بازاڕەكانی ئەمەریكا دەكرێن، لەبەرامبەردا زۆربەی كاڵا ئەمەریكییەكان كە دەچنە ناو یەكێتی ئەوروپا یان بێ باج دەبن یان باجیان لە سفر نزیك دەبێتەوە. 

كۆمیسیاری بازرگانی یەكێتی ئەوروپا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی دووشەممە 28ی تەمموز ڕایگەیاند: "ئەمە بە ڕوونی باشترین گرێبەست بوو كە دەمانتوانی لە هەلومەرجێكی زۆر سەختدا پێی بگەین".

 ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد ڕێژەی 15% كەمترە لە ڕێژەی 30% كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە سەرەتای مانگی تەمموز لە نامەیەكدا بۆ ئۆرسولا ڤۆن دێرلاین سەرۆكی كۆمیسیۆنی ئەوروپا هەڕەشەی سەپاندنی كردبوو،هەروەها كەمترە لە ڕێژەی 20% كە لە مانگی نیساندا ڕایگەیاندبوو".

لە كاتێكدا دۆناڵد ترەمپ بە ڕێژەی %15 باجی بەسەر كالای ئەوروپیدا سەپاندووە كە لە سەردەمی جۆ بایدن تەنها 4.8٪ بوو.

ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئەوروپا دەشڵێت " جیهانی ئێستا جیاوازە لەگەڵ جیهانی پێش گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ كۆشكی سپی و پێویستە خۆمان لەگەڵ ئەم ڕێبازە نوێیەدا بگونجێنین"، جەختیش دەكاتەوە لەوەی " كاری هاوبەشی ستراتیژی باشترە لە دەستپێكردنی جەنگێكی بێ كۆتایی بازرگانی".

سەرەڕای هەوڵەكانی كۆمیسیۆنی ئەوروپا بۆ بەرگری لە ڕێكەوتننامەكەیان، بەڵام جیاوازییەكی توندی نێوان باجی %15 لەسەر زۆربەی كاڵا ئەوروپییەكان و باجی نزیك لە سفر لەسەر كاڵا ئەمەریكییەكان، وێنەی ڕێككەوتنێكی نایەكسان و یەكلایەنە دەردەخات كە بە تەواوی لە بەرژەوەندی دۆناڵد ترەمپ و زیانی یەكێتی ئەوروپادایە.

بەڵێنەكانی یەكێتی ئەوروپا بۆ وەبەرهێنانی 700 ملیار دۆلار لە كەرتی وزەی ئەمەریكا و 600 ملیار دۆلار لە ئابووری ئەمەریكا تا كۆتایی خولی دووەمی ترەمپ ئەم تێڕوانینەی بەهێزتر كردووە. 

لای خۆشیەوە كاسلین ڤان برومپت، جێگری سەرۆكی لیژنەی بازرگانی كۆمسیۆنی ئەوروپا، هۆشداریدا لەوەی كە ڕێككەوتنەكە دەبێتە هۆی ئەوەی یەكێتی ئەوروپا زیاتر پشت بە سووتەمەنی ئەمەریكی ببەستێت، لە كۆتاییدا ئامانجە ڕاگەیەندراوەكەی كە "سەربەخۆیی ستراتیژییە" تێكدەدات. دەشڵێت "كێشەی بنەڕەتی هەر ماوە، باجەكانی ترەمپ نایاسایین و نزیكەی هەموو یاسا بازرگانییەكانی ئێستا پێشێل دەكەن، قبوڵكردنی ئەوەی كە بەرهەمە ئەوروپییەكان باجی هاوردەكردنی 15% یان لەسەرە، لە ڕاستیدا پشتڕاستكردنەوەی ئەم باجە نایاسایی و ستەمكارانەیە"، ئاماژەی بەوەشكردووە "ڕەنگە باجی 15%باشتر بێت لە باجی 30%، بەڵام دیسانیش هەڵبژاردنێكە لە نێوان تاعون و كۆلێرا".

سەركردەكانی یەكێتی ئەوروپا كاردانەوەیان دەبێت

سەركردەكانی یەكێتی ئەوروپا كاردانەوەی بێلایەن یان ساردیان سەبارەت بە ڕێكەوتنەكە دەربری، لەلایەك ڕێكەوتنەكەیان بۆ سەقامگیری لە یەكێتییەكەیان بەباش وەسف كرد بەڵام هاوتەریب نیگەرانن لەوەی باج بەردەوام دەبێت.

بارت دی ڤۆر، سەرۆك وەزیرانی بەلجیكا لەو بارەیەوە دەڵێت" ئەمە ساتێكە بۆ پشوودان نەك ئاهەنگگێڕان".

 ئاماژەی بەوەشكردووە، باجەكان لە چەند بوارێكدا زیادیكردووە و هەندێك پرسیاری سەرەكی بێ وەڵام ماونەتەوە.

 لای خۆیەوە دیك ئێسخۆڤ، سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا دەڵێت "باشتر دەبوو ئەگەر بە هیچ شێوەیەك باج نەبوایە".

هەر لەو بارەیەوە مایكل مارتن سەرۆك وەزیرانی ئێرلەندا كە ئابوورییەكەی زۆر گرێدراوی بازاڕی ئەمەریكایە، پێشبینی ئەوەی كردووە كە بازرگانی "گرانتر و چالاكتر" دەبێت.

لەلایەن خۆشیەوە، پێدرۆ سانچێز، سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا ڕایگەیاند: “لەهەموو حاڵەتێكدا پاڵپشتی ئەم ڕێككەوتنە دەكەم، بەڵام بەبێ هیچ جۆش و خرۆشێك”، سەرۆك وەزیرانی فەرەنساش ئەو ڕێككەوتنەی بە "ڕۆژێكی تاریك" و نیشانەی "تەسلیمبوون" وەسف كرد.

ئەوروپا نیگەرانە لە گەڕانەوەی ترەمپ

كاردانەوەكان ڕەنگدانەوەی ئەو هەستە نائومێدی و بێهیواییەیە كە لە سەرەتای خولی دووەمی ترەمپەوە یەكێتی ئەوروپای گرتووەتەوە. دۆناڵد ترەمپ هەوڵی پێشخستنی سیاسەتی "ئەمەریكا یەكەم"ی داوە و بنەما بنەڕەتییەكانی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئەوروپای لە بازرگانی و تەكنەلۆژیاوە تا كەشوهەوا و بەرگری، تێكداوە.

كۆمیساریای یەكێتی ئەوروپا جەختی لەوە كردەوە  جیۆپۆلەتیكیش ڕۆڵی هەبووە لە ڕێكەوتنەكەدا، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات ئەوە تەنها پەیوەندی بە بازرگانییەوە نییە، پەیوەندی بە ئاسایش و ئۆكراینا و ناسەقامگیری جیۆپۆلەتیكی ئێستایەوە هەیە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی