وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا
سبەی
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا گەورەترین پاكێجی سزاكانی دژ بە ئێران لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا پەسەند كرد، كە 12 كەسایەتی و 80 قەوارە و زیاتر لە 50 كەشتی لەخۆدەگرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 30 تەموز، وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكا لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، سزای بەسەر حوسێن شەمخانی كوڕی عەلی شەمخانی راوێژكاری عەلی خامنەیی رابەری ئیران و بەشێك لە "ئیمپراتۆریەتی كەشتیوانی بەرفراوان"دا سەپاندووە.
لیستی سزاكان 12 كەس و 80 قەوارە و 63 كەشتی لەخۆدەگرێت، كە گەورەترین سزاكانی ئەمەریكایە لە ساڵی 2018 ەوە دژی ئێران سەپێندراوە.
سكۆت بێسانت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا لەوبارەیەوە رایگەیاند:" ئیمپراتۆریەتی كەشتیوانی بنەماڵەی شەمخانی ئەوە پیشان دەدات كە چۆن كەسانی سەر بە حكومەتی ئێران هەوڵ دەدەن سامانێكی زۆر لە ڕێگەی قاچاخچێتیەوە بەدەستبهێنن".
وەزارەتەكە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات ئەو كەسایەتی و كۆمپانیا و كەشتییانە، بەشێكن لە پێكهاتەیەك كە لەلایەن حوسێن (محەمەد حسێن) شەمخانی كوڕی ڕاوێژكاری باڵای ڕێبەری كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێت.
لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی خەزێنەدا هاتووە:" حسێن شەمخانی بە پشتبەستن بە كاریگەری باوكی لە ئاستە بەرزەكانی حكومەتدا و لە ڕێگەی گەندەڵی بەربڵاو، تۆڕێكی گەورەی تانكەر و كەشتی بارهەڵگر دروست كردووە و بەڕێوەی دەبات".
بە گوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا "ئەم تۆڕە نەوت و بەرهەمە نەوتییەكانی لە ئێران و ڕوسیاوە بۆ كڕیارەكانی لە سەرانسەری جیهاندا گواستووەتەوە و بە دەیان ملیار دۆلار داهاتی بۆ حكومەتی ئێران و بنەماڵەی شەمخانی دەستەبەر كردووە".
ئەوەش لە كاتێكدایە كە لە سەرەتای ساڵی 2020دا عەلی شەمخانی لەلایەن ئەمەریكاوە سزای بەسەردا سەپێنرا.
پێشتریش یەكێتی ئەوروپا، لە 30ی تەموزدا سزای بەسەر حوسێن شەمخانی و چەند كۆمپانیایەكیدا سەپاندبوو، بەهۆی ڕۆڵی سەرەكییان لە بازرگانی نەوتی ڕوسیا و چالاكییەكانیان لە تۆڕی نهێنی گواستنەوەی نەوت كە بە "تۆڕی سێبەر" ناسراوە.