"دەقێکى تەوافوقى"؛ سودانى دوایین هەڵویستى خۆى لەسەر کێشەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم راگەیاند

#سودانى#مووچە
8 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 7 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • سودانى: لەدواى پەسەندکردنى یاساى بودجە، پاشان هەموارى یاساى بودجەوە، هەرێمى کوردستان پابەند نەبووە بە رادەستکردنى سەرجەم بەرهەمى نەوت لە ناوخۆى هەرێمى کوردستان، بەپێی ئەوەى کە یاسا دیاریکردووە، دادگاى فیدراڵیش پشتیوانى دەکات"
  • سودانى:لیژنەکە راسپاردەکانی پێشکەشى ئەنجومەنى وەزیران دەکات بۆ بڕیاردان لەسەرى، دواى دڵنیابوونەوە لە پابەندبوونى فەرمى حکومەتى هەرێم، بە ناوەڕۆکى ئەو وەرەقەیەوە
Primary Asset

سبەى 

سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند، لیژنە وەزارییەکە راسپاردەکانى لەبارەى چارەسەرى کێشەکانى هەرێم و بەغداد دەخاتە بەردەم ئەنجومەنى وەزیران بۆ گەیشتن بە دەقێکى تەوافوقى، دواتر دواى دڵنیابوونەوەیان لە پابەندبوونى تەواوەتى هەرێم مووچە رەوانە دەکەن.

ئەو وتانەى محەمەد شیاع سودانى لەمیانەى چاوپێکەوتنێکیدا هات لەگەڵ رۆژنامەى شەرقولئەوسەت کە بەشێکى تایبەت بوو بەکێشەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان.

سودانى وتى "لەدواى پەسەندکردنى یاساى بودجە، پاشان هەموارى یاساى بودجەوە، هەرێمى کوردستان پابەند نەبووە بە رادەستکردنى سەرجەم بەرهەمى نەوت لە ناوخۆى هەرێمى کوردستان، بەپێی ئەوەى کە یاسا دیاریکردووە، دادگاى فیدراڵیش پشتیوانى دەکات"

وتیشى "هەروەها حکومەتى هەرێمى کوردستان پابەندنەبووە بە رادەستکردنى داهاتى نانەوتى بۆ خەزێنەى گشتى، ئەوەش پێشێلکردنى یاسا و بڕیارى دادگاى فیدراڵییە، بۆیە وەزارەتى دارایی ناتوانێت ، تەمویلى هەرێم بکات بەبێ پابەندبوونى هەرێم لەو بارەیەوە".

"بەدرێژایی ماوەى رابردوو سەرقاڵى دۆزینەوەى چارەسەر بووین پارەمان رەوانەى هەرێمى کوردستان کرد، لەدەرەوەى ئەو بڕەى لە یاساى بودجە بڕیارى لەسەر دراوە، بەهۆى دەرکردنى بڕیارى دادگاى فیدراڵى و جیاوازى شیکردنەوەکان لەبارەى پابەندبوون بە خەرجکردنى مووچە، پشکى دیاریکراو لەیاساى بودجە بەپێی ئینفاقى فیعلى لە یاساى بودجە".

جەختیشیکردەوە، ئەوانە پرسی یاسایی و تەکنیکى روونن و بریارێکى سیاسی نەبووە لەو بارەیەوە، "بەبەڵگەى ئەوەى گفتوگۆکانى ئێستا لەسەر ئەوەیە کەى نەوت رادەست دەکرێت، ئەو بڕە چەندە کە رادەست دەکرێت، ئەو بڕە داهاتە چەندە کە رادەست دەکرێت، ئەوە دانوستانێکى سیاسی نییە لەلایەن هێزە سیاسییەکانەوە".

سودانى دەڵێت، هەرێمى کوردستان قەوارەیەکى دەستورییە، دەوڵەتى عێراق رێزى لێدەگرێت بەسەرجەم پێکهاتە و دەسەڵاتەکانییەوە "ئێمە سورین لەسەر سەقامگیریی هەرێم، بەبەڵگەى ئەوەى ئێمە هەوڵمانداوە و پشتیوانى  ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانمان کردووە کە نزیکەى هەشت بۆ نۆ مانگە ئەنجامدراوە بەڵام بەداخەوە تا ئێستا لایەنە سیاسییەکانى هەرێم نەیانتوانیوە حکومەت پێکبهێنن".

بەوتەى ئەو، هەموو هێزە سیاسییەکان سورن لەسەر سەقامگیریی هەرێم، بەو پێیەى سەقامگیریی هەرێم بەشێکە لە سەقامگیریی عێراق، هیچ دەستوەردانێکى سیاسی نییە لەم پرسەى دواییدا.

باسى لەوەشکرد، لە کۆبوونەوەى سێ شەممەى ئەنجومەنى وەزیراندا، ئەو پرسەیان تاوتوێکرد، ئەو وەرەقەیەیان خستەڕوو کە وەزارەتە فیدراڵییەکان پێشکەشیان کردووە، لەگەڵ وەرەقەکەى حکومەتى هەرێم، لیژنەیەکان پێکهێنا بەسەرۆکایەتى جێگرى سەرۆک وەزیران و وەزیرى پلاندانان و 5 وەزیر.

دەشڵێت، ئێوارەى دوێنێ لیژنەکە کۆبوونەوەیان کردووە و کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبن  تا دەگەن بە دەقێک کە تەوافوقى لەسەر بێت لەنێوان هەردوو وەرەقەکە، بەشێوەیەک کە لەگەڵ دەستور و یاسا و بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى بگونجێت.

سودانى ئەوەشى خستووەتەڕوو، لیژنەکە راسپاردەکانیان پێشکەشى ئەنجومەنى وەزیران دەکەن بۆ بڕیاردان لەسەرى، دواى دڵنیابوونەوە لە پابەندبوونى فەرمى حکومەتى هەرێم، بە ناوەڕۆکى ئەو وەرەقەیەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی