رۆژنامەی تورکیا: پەکەکە بە بەهای 2,5 ملیار دۆلار چەکەکانى دەفرۆشێت

#پەکەکە#چەکدانان#ڕانیە#قەڵادزێ#چەک فرۆشتن
6 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • رۆژنامەی تورکیا نزیک لە ئاک پارتیی دەسەڵاتداری تورکیا لە زاری جەنەڕاڵی پێشووی هێزە تایبەتییەکانی تورکیاوە بانگەشەی ئەوە دەکات کە گوایە پەکەکە بە بەهای 2,5 ملیار دۆلار چەکی هەیە و دەیەوێت لە قەڵادزێ و ڕانیە بیفرۆشێت، لەکاتێکدا هیچ سەرچاوەیەکى فەرمى لە هەرێمى کوردستان و پەکەکە و تەنانەت تورکیاش ئەو دەنگۆیەى پشڕاستنەکردووەتەوە.
Primary Asset

سبەی

رۆژنامەی تورکیا نزیک لە ئاک پارتیی دەسەڵاتداری تورکیا لە زاری جەنەڕاڵی پێشووی هێزە تایبەتییەکانی تورکیاوە بانگەشەی ئەوە دەکات کە گوایە پەکەکە بە بەهای 2,5 ملیار دۆلار چەکی هەیە و دەیەوێت لە قەڵادزێ و ڕانیە بیفرۆشێت، لەکاتێکدا هیچ سەرچاوەیەکى فەرمى لە هەرێمى کوردستان و پەکەکە و تەنانەت تورکیاش ئەو دەنگۆیەى پشڕاستنەکردووەتەوە.

عەقیدی ئەرکانی خانەنشین میدحەت ئشک، فەرماندەی پێشووی هێزە تایبەتەکانی تورکیا لە میانی هەڤپەیڤینێک لەگەڵ ڕۆژنامەی تورکیا کە دووشەممە 14ی تەمموزی 2025 بڵاو کراوەتەوە بانگەشەی ئەوە دەکات لەوانەیە پەکەکە بیەوێت بە “نمایشی چەکدانان و سووتاندنی چەکەکان هەوڵی فریودانی تورکیا” بدات و دەڵێت: "دەبێت تورکیا زۆر ئاگاداری ئەمە بێت و بە وردی چاودێری ئەوە بکات چەکەکانیان چییان لێ دێت. بەهای چەکوچۆڵی دەست پەکەکە بەو چەکانەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا پێی داون دەگاتە 2.5 ملیار دۆلار".

دەنگۆکانی ئەو جەنەڕاڵە خانەنشینەی تورکیا لە کاتێکدایە تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەکى فەرمى لە هەرێمى کوردستان و تەنانەت تورکیا و لەناو پەکەکەش شتى لەو شێوەیە پشتراست نەکراوەتەوە. 

ئەوەى باس دەکرێت، تەنها ئەوەیە پەکەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، دواى قۆناغی یەکەمی سووتاندنى چەکەکان لە ئەشکەوتی جاسەنە، پێویستە تورکیا هەنگاوى کردەیی بنێت بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، بەبێ ئەوەى هەنگاوى داهاتووى چەکدانان و چارەنوسى چەکەکان دیار بێت.

ئەمەیش لەکاتێکدایە تورکیا دەیویست چەکەکان رادەست بکرێن و دوای تۆمارکردنی کۆد و زانیاریی سەر چەکەکان بە ئامێری کارەبایی لەناو ببرێن.

میدحەت ئشک بانگەشەی ئەوە دەکات پەکەکە خاوەنی زۆربەی هەرە زۆری چەک و پێداویستییە سەربازییەکانە هەر لە دژەتانکی پێشکەوتووە بگرە، تا دەگاتە درۆن و تانکی هەرە پێشکەوتوو، زرێپۆش، هەلیکۆپتەر، تۆپهاوێژی پێشکەوتوو، چەکی دوورمەودا و لە تەکنەلۆژیای دیجیتاڵیشدا خاوەنی چەندین ئامێر و ئامرازی پێشکەوتووە و تەنیا فڕۆکەی نییە. 

ناوبراو ئاماژە بەوە دەدات کە پەکەکە لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان چەندین جبەخانە و کۆگای چەک و تەقەمەنی هەیە و دەڵێت: "لەمەودوا لە باکوری سوریاوە هەڕەشەی جیدیمان لەسەرە". 

میدحەت ئشک بانگەشەی ئەوە دەکات بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە خۆجێیەکانی ناوچەکە پێی گەیشتووە پەکەکە بازاڕی فرۆشتنی چەکی لە ڕانییە و قەڵادزێ داناوە.

هەروەها خەلەف ئەحمەد، پسپۆڕی ئەمنیی عێراقی بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە گوایە پەکەکە هەوڵ دەدات چەک بە تەواوی لایەنە چەککڕەکان بفرۆشێت، هەر لە حەشدی شەعبییەوە بگرە تا دەگاتە هێزەکانی پێشمەرگە، سەرۆک هۆزە کورد و عەرەبەکان و سوپای عێراق.

ڕۆژنامەکە لە زاری ئەو کەسانەوە بانگەشەی ئەوەیشی کردووە کە پەکەکە نایەوێت سەرجەم چەکەکانی ڕادەست بکات و دەیەوێت بەشێک لە چەکەکانی بفرۆشێت و پارەی بێتە دەست. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی