کێڵگەى خورمەڵە دەكەوێتە باشوری خۆرئاوای هەولێر و 26 كیلۆمەتر لەناوەندی هەولێرەوە دورە
سبەى
بە دوو درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەى نەوتى خورمەڵە لە سنورى پارێزگاى هەولێر، ئەوەش دواى کەمتر لە 24 کاتژمێر لە خستنەخوارەوەى درۆنێکى دیکە لە نزیك فڕۆكەخانەی هەولێر.
بەوتەى سەرچاوە ئەمنییەکان، هێرشى هەردوو درۆنەکە لەیەک کاتدا بووە و زیانیان لێنەکەوتووەتەوە و درۆنەکان کەوتونەتە خوارەوە.
لاى خۆیەوە، دژەتیرۆری کوردستان (پارتى) رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە کاتژمێرەکانی 20:20 و 20:25، لە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە پارێزگای هەولێر کەوتنە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە.
کێڵگەى خورمەڵە دەكەوێتە باشوری خۆرئاوای هەولێر و 26 كیلۆمەتر لەناوەندی هەولێرەوە دورە. لە دوای روخانی رژێمی سەدام لە ساڵى 2003 تاساڵی 2008 کێڵگەکە لەژێر كۆنترۆڵی كۆمپانیای نەوتی باكوردا بوو، لە 18ی تەمموزی 2009 کۆنتڕۆڵى کێڵگەکە بەتەواوى کەوتە دەست هەرێم
خورمەڵە لەلایەن كۆمپانیای (كار گروپ)ەوە سەرپەرشتی دەكرێت. بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان بایەخێکى زیاترى بە کێڵگەکە بەخشیوە، بەو پێیەى بۆرییەکە كە درێژییەكەی (896) كیلۆمەترە لە خورمەڵەوە دەستپێدەكات و پاش بەستنەوەى بەکێڵگەکانى دیکەوە دەگاتە فیشخابور.
هێرشەکە لەکاتێکدایە، دەزگای دژەتیرۆری هەرێمی كوردستان (پارتی) بەیانی ئەمڕۆ 14 ی تەموزی 2025 بڵاویكردەوە "كاتژمێر 2:20 خولەكی بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراو لەنزیك فڕۆكەخانەی هەولێر خرایەخوارەوە".
هەرچەندە سەرەتای هێرشەكە باس لەوەكرا كە بەهۆی هێرشە درۆنیەكەوە گەشتی فڕۆكەخانەی هەولێر راگیراوە، بەڵام بەوتەی ئەحمەد هۆشیار بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی هەولێر، بەهۆی ئەوەی درۆنەكە لەناو فڕۆكەخانە نەكەوتووەتە خوارەوە هیچ كاریگەری لەسەر گەشتەكان نەبووە.
وتیشی "گەشتەكان بەردەوامن و دۆخی فڕۆكەخانە سروشتییە و سەرجەم ئەو درۆنانەش كە تائێستا رەوانەی فڕۆكەخانەكە كراون تێكشكێندراون".
لە نێوان 22 ی حوزەیران بۆ 1 ی تەمموز، چوار هێرش بە چوار مووشەك و پێنج درۆن كرانە سەر سنوری هەولێر و سلێمانی و زاخۆ و كەركوك، دام و دەزگا ئەمنییەكان لەدوای هێرشەكانەوە لێكۆڵینەوەیان دەستپێكردووە، بەبێ ئەوەی ئەنجامدەری هێرشەكان دیاری بكەن، لەكاتێكدا هیچ گروپێك بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەكان دەرنەبڕیوە.
هێرشەكەی سلێمانی
هێرشەكەی سلێمانی درەنگانی شەوی 1ی تەمموز لە رێگەی دوو درۆنەوە ئەنجامدرا كە یەكێكیان لە نزیك ناوچەی نیشتەجێبوون لە سنوری تاسڵوجە كەوتەخوارەوە، ئەوەی دیكەشیان بەدووری چەند كیلۆمەترێك لەنزیك بارەگای فەرماندەیی هێزەكانی 70 ی پێشمەرگە كەوتە خوارەوە، كە فەرماندەییەكە دەڵێت خستویاننەتە خوارەوە.
ئەحمەد لەتیف وتەبێژی هێزەكانی 70 ی پێشمەرگە رۆژی چوارشەممە بە "سبەی" راگەیاند، ئاسایش لێكۆڵینەوە لەو پرسە دەكات. "سبەی" پەیوەندی بە سەلام عەبدولخالق وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە كرد و رایگەیاند، لێكۆڵینەوەكان لەو بارەیەوە بەردەوامن.
هێرشەكەی كەركوك
هێرشەكەی كەركوك درەنگانی شەوی 30 ی حوزەیران لە رێگەی چوار موشەكەوە ئەنجامدرا كە لەدەوروبەری فڕۆكەخانەی شارەكە و گەڕەكی عروبە كەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە كەسێك برینداربوو.
رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان هێرشەكەی بەستەوە بە داعشەوە كاتێك رایگەیاند، هێرشەكە دوای چەند كاتژمێرێك لە كوشتنی سێ بەرپرسی داعش هات لە سنوری كەركوك، بەڵام هێزە ئەمنییەكان كە لەدوای رووداوەكەوە لێكۆڵینەوەیان دەستپێكردووە، هێشتا ئەنجامەكەیان بڵاونەكردووەتەوە.
هێرشەكەی زاخۆ
بەرەبەیانی 1ی تەممووز، لە رێگەی درۆنەوە هێرشكرایەسەر سنووری ناحیەی دەركارێی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و زیانی ماددی لێكەوتەوە.
بەپێی راگەیەنراوێكی دژەتیرۆری كوردستان، درۆنەكە بۆمبڕێژكراو بووە و لە كەمپی دەركارێ لە سنووری ناحیەی دەركارێی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ كەوتووەتە خوارەوە، جگە لە زیانی مادی، هیچ زیانێكی گیانی لێ نەكەوتەوە، بەبێ ئەوەی باسی ئەوە بكات درۆنەكە لە كوێوە هەڵدراوە.
هێرشەكەی هەولێر
رۆژی 22ی حوزەیران لە نزیك گوندی دارەبەنی سەر بە پارێزگای هەولێر، دوو درۆنی بۆمبڕێژكراو تێكشكێندران و خرانە خوارەوە و هیچ زیانێكی مادی و گیانییان لێ نەكەوتەوە، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێكی دژەتیرۆری كوردستان بەبێ ئەوەی باسی ئەوە بكات درۆنەكان لە كوێوە هەڵدراون.
لێكەوتەی شەڕ
هێرشە درۆنییەكان یەكێكیان لەكاتی شەڕی 12 رۆژەی ئێران و ئیسرائیلدا روویدا كە ئەویش هێرشەكەی سنوری هەولێر بوو، ئەوانەی دیكە لەدوای ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵاتەوە ئەنجامدراون.
جەبار یاوەر شارەزای سەربازی و ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە پێیوایە، هێرشەكان پەیوەندییان بە هەلومەرجی دوای شەڕی ئیسرائیل و ئێرانەوە هەیە، كە ئێستاش هەر ئاڵۆزە و هەردوولا هەڕەشە لەیەكتر دەكەن، عێراقیش هەر لە بازنەی ئەو ململانێیەدایە، بەو پێیەی كۆمەڵێك گروپ بەناوی مقاوەمەی ئیسلامی ئەوانیش لەناو ئەو بازنەیەدان و هەڕەشە دەكەن، داعشیش هێشتا وەكو رێكخراوێكی تیرۆریستی بوونی ماوە.
جەبار یاوەر لە لێدوانێكیدا بۆ "سبەی" وتی "بابەتی هێرشە درۆنییەكانی كەركوك و ناوچەی زاخۆ و سلێمانی پەیوەستە بەم هەلومەرجەی كە هەیە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا لە كوێوە ئاڕاستەكراون، ئایا داعش ئەو توانایەی هەیە ئێستا بتوانێت درۆن ئاڕاستەی ئەو ناوچانە بكات، من لەو بڕوایەدا نیم داعش بتوانێت لەماوەی دوو رۆژدا پەلاماری كەركوك بدات بە رۆكێت و دواتر بە درۆن هێرشبكاتە سەر سنوری زاخۆ و سلێمانی".
وتیشی "رەنگە هێرشەكان پەیوەندیداربن بە لایەنێكی تر كە تا ئێستا نەناسراوە، چونکە هێشتا لێكۆڵینەوەیەكی ورد نەكراوە كە بزانن لەكوێوە هێرشەكان ئاڕستەكراون و كێ ئەنجامی داون، تەنانەت هێشتا ئاڕاستەی ئەو درۆنانە دیارنین كە لەكوێوە هاتوون، نازانرێت بە دیاریكراوی بۆچی ئامانجێك نێردراون، بەو پێیەی هەندێكی لەدەرەوەی دامەزراوەكان و دەشتایی كەوتوونەتە خوارەوە، یان كەوتوونەتە ناو ماڵەكانەوە".