پەیامى توندى ئیسرائیل بۆ دیمەشق؛ زیاتر لە 300 کەس لەپێکدادانەکانى سوەیدا کوژراون و برینداربوون

#سوریا
6 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • بەپێچەوانەی پێکدادانەکانی مانگی نیسانی ڕابردوو لە نێوان چەکدارانی سوننە و دانیشتوانی چەکداری دروز لە ناوچەی جەرامانا لە پەراوێزی باشووری ڕۆژهەڵاتی دیمەشق و دواتر بڵاوبوونەوەی بۆ ناوچەکانی دەوروبەری پایتەختی سوریا، ئەمە یەکەمجارە شەڕەکە لە سویدا، پایتەختی پارێزگاکە کە شوێنی کۆمەڵگەیەکی گەورەی دروزەکانە ڕوویدا.
Primary Asset

سبەى

شەڕ و پێکدادانی نێوان دروزەکان و عەشیرەتەکانی دیکەی سوریا بە پاڵپشتى هێزە ئەمنییەکان بۆ دووەمین ڕۆژ بەردەوامە و تا ئێستا زیاتر لە 300 کەس بوونەتە قوربانی، ئیسرائیلیش هۆشدارى توند دەداتە دیمەشق.

ئەمڕۆ دووشەممە 14ی تەمموز رامی عەبدولڕەحمان، بەرێوەبەرى روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە میدیاکانی راگەیاند، مەترسیی کۆمەڵکوژیی نوێ لە سوەیدا هەیە، لە ئاڵۆزییەکاندا زیاتر لە 300 کوژراو و بریندار هەیە، کە بەشی زۆریان هاووڵاتین، هەروەها نزیکەی 100 کوژراو و بریندار لە هێزە ئەمنییەکان هەن.

 وتیشى: "هێزە ئەمنییەکان لایەنگری لە عەشیرەتەکان دژی دروزەکان دەکەن، تاو ئێستا شەڕەکە بەردەوامە، ئاڵۆزییەکان پێشووتریش هەبوون، بەڵام بەمشێوەیە نەبوون و  ئەمجارە زیاتر پەرەی سەند".

شەڕ و ئاڵۆزییەکان کاتێک سەریهەڵدا کە گەنجێکی دروز بە ناوی فەزڵوڵڵا دەوارە، رۆژی شەممە لەسەر رێگەی دیمەشق - سوەیدا، لەلایەن گرووپێکی دەشتەکییەکانەوە دەڕفێنرێت و ئۆتۆمبێل و پارەی لێدەسێنن. بە وتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی سوەیدا، گەنجەکە بۆ ماوەی کاژێرێک دەستبەسەر بووە و رووبەڕووی سووکایەتی و جنێودان بووەتەوە. دواتر ئازاد کراوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ سوەیدا.

ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی دروزەکان و ئەوانیش لە بەرامبەردا هەوڵی دەستگیرکردن و رفاندنی ئەندامانی هێزە دەشتەکییەکانیان دا و لە ئەنجامدا شەڕ سەریهەڵدا. 

بەپێچەوانەی پێکدادانەکانی مانگی نیسانی ڕابردوو لە نێوان چەکدارانی سوننە و دانیشتوانی چەکداری دروز لە ناوچەی جەرامانا لە پەراوێزی باشووری ڕۆژهەڵاتی دیمەشق و دواتر بڵاوبوونەوەی بۆ ناوچەکانی دەوروبەری پایتەختی سوریا، ئەمە یەکەمجارە شەڕەکە لە سویدا، پایتەختی پارێزگاکە کە شوێنی کۆمەڵگەیەکی گەورەی دروزەکانە ڕوویدا.

هەر سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی سوریا، هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) لە راگەیەنراوێکدا بڵاویان کردەوە کە پێویستە "ئەو هێرشانە بوەستێنرێن و دڵنیایی بدرێت لە دووبارەنەبوونەوەیان." هەروەها جەختی کردووەتەوە لە پێویستیی "ڕەخساندنی دەرفەتی تەواو لەبەردەم دەستپێشخەرییە نیشتمانییەکاندا بۆ چارەسەرکردنی هەموو پرسەکان، بە شێوەیەک کە لەگەڵ بەدیهێنانی خواستەکانی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریادا بگونجێت."

لەگەڵ بەردەوامى پێکدادانەکان، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هۆشداری توندیدایە دیمەشق، دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل چەند تانکێکی لە باشووری سوریا بۆردومانکرد بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتنیان بە گوندێکی دروز لە نزیک شوێنی پێکدادانەکان.

کاتز دەڵێت هێرشەکانی ئیسرائیل "پەیامێکی ڕوون و هۆشدارییە بۆ سوریا. ئێمە ڕێگە نادەین زیان بە دروزەکان بگەیەنرێت".

ئایینی دروز لە تەریقەتی ئیسماعیلی (لقێکی ئایینزای شیعە) سەرچاوەی گرتووە و شوێنکەوتووانی ئەو ئایینە خاوەنی ناسنامە و بیروباوەڕی تایبەتی خۆیانن، ژمارەی دانیشتوانی دروزەکان نزیکەی یەک ملیۆنە و نیوەیان لە سوریا دەژین و نزیکەی لەسەدا 3ی دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن، هەروەها کۆمەڵگەی بچووکی دروزەکان لە لوبنان و ئیسرائیل و بەرزاییەکانى جۆلان دەژین.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی