سبەی
شاندی ئیمڕاڵیی دەم پارتی جەختدەکاتەوە، جگە لە ڕاگەیەندراو و لێدوانی شاندی ئەوان، نابێت متمانە بە هیچ قسەیەک بکرێت کە بەناوی ئۆجەلانەوە بڵاودەکرێتەوە، ئەوەش دواى ئەوەى محەمەدی برای ئۆجەلان بەناوى براکەیەوە لێدوانێکى بڵاوکردەوە.
محەمەدی برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە ئۆجەلان تەنیا ئەو برایەی لە ژیاندا ماوە و دووشەممەی ڕابردوو 7ی تەمموزی 2025 سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی برای کرد لە زیندانی ئیمراڵی، لە میانی هەڤپەیڤینێک لەگەڵ کەناڵی میدیا هەبەر سەرنجی خستنە سەر هەڵوێستی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەبارەی ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام ئەمە شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی هێنایە دەنگ و بەبێ ناوهێنان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە ئەمە دوورە لە ڕاستییەوە و تەواوی دیدار و کۆبوونەوەکانی پەیوەندیدار بە پرۆسەی ئاشتی بە بەشداری شاندی ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجام دەدرێن.
شاندی ئیمڕاڵیی دەم پارتی بانگەشەی ئەوەیشی کردووە بڵاوکردنەوەی دەنگۆی لەم جۆرە و بەلاڕێدابردنی ڕاستییەکان زیان بە پرۆسەکە دەگەیەنێت و ئەوان بەردەوام ڕای گشتیی لە هەڵوێست و بۆچوونەکانی ئۆجەلان ئاگادار دەکەنەوە.
لە میانی ئەو هەڤپەیڤینەدا محەمەد ئۆجەلان بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێی گوتووە: " کوردانی ڕۆژئاوا هەرگیز چەک دانانێن. ئەگەر پێویست بکات هەسەدە دەتوانێت کۆماری سووریا لە تەبقە ڕابگەیەنێت. ئەحمەد شەرع سەری داعشە، دیار نییە سبەی چی دەکات".
ئەم وتانەی محەمەد ئۆجەلان، شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی هێنایە دەنگ و ئەمڕۆ 14ی تەمموزی 2025 ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
شاندی دەم پارتی بەبێ ناوهێنان و ئاماژەدان بە لێدوانەکەی محەمەدی برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوا دەکات متمانە بەو لێدوان و قسانە نەکرێت کە لەلایەن ئەوانەوە بڵاو ناکرێنەوە و دەڵێت: "ماوەیەکە خەڵکانێک لە زاری ئۆجەلانەوە دەنگۆ بڵاو دەکەنەوە، بەڵام ئەم جۆرە دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستییەوە. بەردەوام شاندەکەمان ڕای گشتی لە تێڕوانینەکانی ئۆجەلان ئاگادار دەکاتەوە".
شاندی ئیمڕاڵی سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کە بڵاوکردنەوەی دەنگۆی بێبنەما لە زاری ئۆجەلانەوە زیان بە سەرخستنی پرۆسەکە دەگەیەنێت و دەڵێت: "شاندەکەمان بەشدار تەواوی ئەو دیدار و کۆبوونەوانە دەکات کە لە دوورگەی ئیمڕاڵی ئەنجام دەدرێن. بۆیە جگە لە ڕاگەیەندراو و لێدوانی شاندی ئێمە، متمانە بە هیچ قسەیەک مەکەن کە بەناوی ئۆجەلانەوە دەکرێت".
ئەمە لە کاتێکدایە بەردەوام گەورە بەرپرسانی تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکەن هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەشێکە لەو پرۆسە نوێیەی تورکیا پێی دەڵێت "تورکیای بێ تیرۆر" و پەکەکەیش بە "کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری" ناوی دەبات.