فاکتەرێکی دیکەی بەشداربوو لە دابەزینی هەژمونی ئێران لە عێراق، گۆڕینی میلیشیاکان بووە بۆ هێزی سیاسی و تێکەڵبوونیانە لەگەڵ بیرۆکراسی و ئابووری عێراقدا
سبەى
لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانى فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران هەژموونى ئێران لە عێراق رووی لە لاوازی کردووە و گروپە چەکدارەکانیش لەشەڕى 12 رۆژەى نێوان ئێران و ئیسرائیل بێدەنگیان هەڵبژارد، ئەوەش بەپێی گۆڤاری ئیکۆنۆمیستی بەریتانی.
گۆڤارەکە لە راپۆرتێکدا بە ئاماژەدان بە خۆپاراستن و بێدەنگی حکومەتی عێراق لە بەشداریکردن و یارمەتیدانی ئێران لە شەڕی 12 ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، بەڵگەی فراوان لەبەردەستە بۆ ئەوەى بسەلمێندرێت کاریگەری و هەژموونی ئێران بە تایبەت لە ناو چینى نوێی سیاسەتمەداری عێراقدا رووی لە کەمبوونەوە کردووە.
ئەم هەفتەنامە بەریتانییە لە درێژەی راپۆرتەکەیدا ئاماژە بە سێ هۆکاری سەرەکیی دابەزینی هەژمونی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق دەکات کە گرنگترینیان دەرکەوتنی نەوەی نوێی سیاسەتمەدارانە لە عێراق کە "لە ناڕەزایەتییە دژە حکومەتەکانی ساڵی 2020 سەریان هەڵداوە و لە هەموو کاتێک زیاتر دەنگیان دژى ئەو میلیشیایانە بەرزکردووەتەوە کە کۆماری ئیسلامی لە عێراق پشتیوانیان لێدەکات".
بەگوێرەی ئەم هەفتەنامەیە، دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی ئەوکاتی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران کۆنترۆڵی ئێران بەسەر ئەو میلیشیا و گروپە بە وەکالەتانەی کە لەعێراق پشتیوانیان دەکات کەمی کرد و بەشێکی زۆریان ڕوویان لە پرسە ناوخۆییەکانی عێراق کرد.
ئیکۆنۆمیست لە زاری بەرپرسێکی باڵای عێراقەوە نووسیویەتی "ئیسماعیل قائانی، جێگرەوەى قاسم سولەیمانی و فەرماندەی ئێستای سوپای قودس لێهاتوویی سولەیمانی نییە لە بەڕێوەبردنی بەرژەوەندییە ناکۆکەکانی کوتلە جیاوازەکانی عێراقدا".
بە گوێرەی گۆڤارەکە، فاکتەرێکی دیکەی بەشداربوو لە دابەزینی هەژمونی ئێران لە عێراق، گۆڕینی میلیشیاکان بووە بۆ هێزی سیاسی و تێکەڵبوونیانە لەگەڵ بیرۆکراسی و ئابووری عێراقدا.
ئیکۆنۆمیست نووسیویەتی، ئێران ڕۆژگارێک کارئاسانی بۆ هاتنە ناوەوەی ئەندامانی گرووپە میلیشیاکان بۆ ناو سیستەمی سیاسی و ئابووری عێراق کرد بە مەبەستی بەرفراوان و قووڵکردنەوەی هەژمونى خۆی لە عێراقدا، بەڵام لە ئێستادا ئەندامانی ئەم گرووپانە بەرژەوەندیی ئابووریی بەرفراوانیان هەیە و وەزارەتە گرنگەکانیان کۆنترۆڵ کردووە، لەوانەش ئەو وەزارەتانەی پەیوەندییان بە هەناردەکردنی نەوت و کانزاکانەوە هەیە و تا ئەم دواییانە تەنانەت کاریگەرییەکی زۆریان لە دادگای باڵای عێراقدا هەبووە.
بەگوێرەی هەفتەنامەکە ئەندامانی پێشووی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران کە ئێستا بوونەتە هێزی سیاسی دەوڵەمەند لە حکومەت و ئابووری عێراقدا زۆر شتیان لەدەست دەچێت ئەگەر وڵاتەکەیان لەگەڵ ئەمەریکا یان ئیسرائیل بچێتە شەڕەوە، هەر بۆیە تادێت تووڕەیی زیاتر لە ڕۆڵی عێراق وەک بوکەڵەیەکی ڕژێمی ئێران زیاتر دەبێت.
لای خۆیەوە، موحی ئەنساری بەرپرسی دامەزراوەی ماڵی عێراقی، کە ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنییە راگەیاندووە، "ئەم گروپە چەکدارانە ئێستا گەندەڵ بوون و ئیمپراتۆریەتی ئابوری زەبەلاحیان بنیات ناوە بۆیەش ئێستا چەمکی بەرخۆدان لای ئەوان بێ مانایە".
بە پشتبەستن بەم بەڵگانە، ئیکۆنۆمیست بەو ئەنجامە گەیشتووە کە وەرچەرخانی مانای (بەرخۆدان) لە کاتی شەڕی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریکادا بە ڕوونی لەناو ئەو گروپانەدا دیار بوو، کاتێک تەنانەت نزیکترین هاوپەیمانەکانی ڕژێمی ئێران لە عێراقدا، لە ترسی تۆڵەسەندنەوە لەلایەن ئەمەریکا یان ئیسرائیلەوە، هیچ هەنگاوێکی بچوکیشیان بۆ یارمەتیدانی ئێران نەنا.