دوای نۆ ساڵ لە هەوڵی کودەتاکە دۆخی تورکیا بە کوێ گەیشت؟

#فەتحوڵڵا گولەن#کودەتا#تورکیا#باکوری کوردستان
17 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 13 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • ئەمڕۆ 15ی تەمموزی 2025، ساڵ تێدەپەڕێت بە سەر هەوڵی کودەتا بەسەر حکومەتی تورکیا و ئەم هەوڵەیش بووە هۆی سیستەمی حوکمڕانی لە تورکیا بگۆڕدرێت و تەواوی دەسەڵاتەکانی تورکیا لەدەست ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا کۆ ببنەوە و لەو کاتەیشەوە بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و بەتایبەتتریش کوردانی باکوری کوردستان بووەتەوە.
Primary Asset

سبەی

ئەمڕۆ 15ـی تەمموزی 2025، 9 ساڵ تێدەپەڕێت بە سەر هەوڵی کودەتا بەسەر حکومەتی تورکیا و ئەم هەوڵەیش بووە هۆی سیستەمی حوکمڕانی لە تورکیا بگۆڕدرێت و تەواوی دەسەڵاتەکانی تورکیا لەدەست ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا کۆ ببنەوە و لەو کاتەیشەوە بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و بەتایبەتتریش کوردانی باکوری کوردستان بووەتەوە.

هاوشێوەی ئەو کودەتا سەربازییانەی لە تورکیا ئەنجام دەدران و هەر زوو دەکەوتنە وێزەی کورد، دوای سەرکوتکردنەوەی هەوڵی کودەتاکەی کۆمەڵەکەی فەتحوڵڵا گولەن، هەر زوو ئاک پارتیی دەسەڵاتدار و ئەردۆغان کەوتنە گیانی کورد و دەستگیرکردن و خستنە زیندانی چالاکوانان، سیاسەتمەدار و پەرلەمانتارانی کورد و داخستنی ئەو میدیایانەی بە کوردی پەخشیان دەکرد و بۆ یەکەمجاریش لە مێژووی تورکیا قەییوم لە جێی سەرۆک شارەوانییە کوردەکان داندرا. 

هەروەها یەکەم هێرشی تورکیایش بۆ داگیرکردنی پارچەیەکی دیکەی کوردستان لە مێژووی کۆماری تورکیادا لە دوای هەوڵی ئەم کودەتایەوە بوو و بۆ ڕێگەگرتن لە ڕزگارکردنی ئەو ناوچانەی دەکەوتنە نێوان عەفرین و مەنبج و نزیککردنەوەی سنوری ڕۆژئاوای کوردستان لە دەریای ناوەڕاست، تورکیا لە 24ـی ئابی 2016 دەستی بە هێرش کرد و لە ماوەی حەوت مانگ و پێنج ڕۆژدا ناوچەکانی باب، جەرابلوس و عەزازی لە ڕۆژئاوای کوردستانی داگیر کرد.

بە دوای ئەویشدا تورکیا لە سێ ئۆپەراسیۆنی جیادا یەکەمجار عەفرین، دواتر سەرێ کانی و گرێ سپی و لە دوایین ئۆپەراسیۆنیشدا ناوچەکانی تەلڕەفعەت و مەنبجی لە ڕۆژئاوای کوردستان داگیر کرد.

لە دوای هەوڵی ئەو کودەتایەوە وەک ئەوەی کورد بەشداری لەو هەوڵەدا کردبێت، حکومەتی تورکیا کە دەسەڵاتی دادوەری کردووەتە داردەستی خۆی و چۆنی بوێت ئاوا بەکاری دەهێنێت، کۆتایی بە زۆربەی ئەو دەسکەوتانە هێنا کە لە میانی پرۆسەی ئاشتی (2013-2015) بە دەستی هێنابوون.

بە پاساوی ئەندامبوون و هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە سەدان مامۆستای زانکۆ و فەرمانبەری کورد لە دامەزراوە گشتییەکان دەرکران و دەیان کۆمەڵە و ڕێکخراوی کوردی داخران.

یەکێک لەوان ئەنیستیتۆی کوردی بوو لە ئیستانبوڵ، کە لە 1994ـەوە دامەزرابوو لەپێناو گرنگیدان بە زمانی کوردی چەندین کتێبی چاپ کردووە و چەندین خولی فێربوونی شێوازارەکانی زمانی کوردی کردووەتەوە.

هەروەها ئەو کەناڵە تەلەڤزیۆنی و میدیایانەی بە زمانی کوردییش پەخشیان دەکرد داخران و یەکێک لەو کەناڵانەیش زارۆک تی ڤی بوو کە کەناڵێکی منداڵان بوو. 

هێشتا پێنج مانگ بەسەر هەوڵی  کودەتاکەدا تێپەڕ نەببوو کە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی گشتیی هەدەپە و چەندین پەرلەمانتار و گەورە بەرپرسی دیکەی هەدەپە خرانە زیندان.

لە دوای هەوڵی کودەتاکەوە، قەییوم بۆ سەرجەم ئەو 99 شارەوانییە داندرا کە لە هەڵبژاردنەکانی 2014 هەدەپە و بەدەپە وەک دوو پارتی کوردی توانیبوویان بە دەستیان بهێنن.

ئەمەیش یەکەمجار بوو لە مێژووی کۆماری تورکیادا قەییوم بۆ ئەو شارەوانییانە دابندرێت کە ڕاستەوخۆ بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراون.

لەو کاتەیشەوە حکومەتی تورکیا خووی بە دانانی قەییوم لەجێی سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان گرت و دوای هەڵبژاردنی پێشووی شارەوانییەکان کە لە 2019 ئەنجام درا قەییومی لە جێی زۆربەی سەرۆک شارەوانییە کوردەکان دانا و لە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی ڕابردوویش تا کاتی بڵاوکردنەوەی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوباتی 2025، قەییوم بۆ 13 شارەوانی داندران کە دەم پارتی بە دەستی هێناون.

بەر لە بانگەوازەکەی ئۆجەلان لە 27ی شوبات کە داوای لە پەکەکە کرد کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، لە ماوەی ساڵێکدا چەندین کەس بە هۆی ئەنجامدانی هەڵپەڕکێی کوردی و گوێلێگرتن و گوتنەوەی گۆرانی کوردی دەستگیر کران و ڕێنوێنییە بە کوردی نوسراوەکانی هاتوچۆش لە شارەکانی باکوری کوردستان سڕدرانەوە.

لە شەڕفرۆشتن بە کوردەوە بۆ تەنگهەڵچنین بە جەهەپە

هەرچەند لە دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان لە 27یی شوباتەوە، ئەو گوشارە زۆرانە لەسەر خەباتی مەدەنی و سیاسیی کورد نەماون کە لە دوای هەوڵی کودەتاکەوە دەستیان پێ کردبوو، بەڵام لە دوای ئەم ڕێککەوتەوە ئاک پارتیی دەسەڵاتدار یەخەی جەهەپەی گرتووە کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە تورکیا.

لە کاتێکدا پێشهاتەکانی تورکیا و کۆتاییهێنانی پەکەکە بە خەباتی چەکداری، لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی تەواوی پارتە سیاسییەکانە لە تورکیا، کەچی هێشتا ئازاری شکستی هەڵبژاردنەکانی 31ـی ئاداری 2024، ئاک پارتیی دەسەڵاتداری بەرنەداوە و گرێیەکی دەرونی لەسەر دڵی ئەردۆغان و پارتەکەی دروست کردووە و لە تۆڵەی ئەوەیشدا بە بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەری و بە تۆمەتی ئەوەی کە گوایە گەندەڵییان کردووە و بەرتیلیان وەرگرتووە تەنیا لە ماوەی 10مانگدا 11 سەرۆک شارەوانیی جەهەپە لەکارەکانیان دوور خراونەتەوە و خراونەتە زیندان.

ترسی ئەردۆغان و پارتەکەی لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە وەک چۆن لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە لە 31ـی ئاداری 2024 بەڕێوە چوو بۆ یەکەمجار دوای تێپەڕینی 47 ساڵ جەهەپە بووەوە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان لە تورکیا و دوای تێپەڕینی 22 ساڵ ئاک پارتی نەیتوانی ببێتەوە براوەی یەکەمی هەڵبژاردن، لە هەڵبژاردنی داهاتووش جەهەپە کۆتایی بە حکومڕانی ئاک پارتی بهێنێت.

بۆیەیش هەر ماوەیەکی کەم دوای ئەوەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی قەییوم لەجێداندراوی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ ڕایگەیاند خۆی کاندید دەکات بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرکۆماری تورکیا لە 19ی ئادار دەستگیر کرا و 23ی ئاداریش لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی جەهەپەدا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو وەک کاندیدی جەهەپە دیاری کرا و هەر هەمان ڕۆژیش بە تۆمەتی ئەنجامدانی گەندەڵی دادگا بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەرکرد.

لە ماوەی دوو ساڵ باری نائاسایی تورکیادا چی ڕووی دا؟

هەرچەند ئەوەی هەوڵی ئەنجامدانی کودەتای دا لە تورکیا کۆمەڵەکەی فەتحوڵڵا گولەن بوو، کە ماوەیەکی زۆر پشتیوانی سەرەکی ئەردۆغان و ئاک پارتی بوو، بەڵام ئەم هەوڵە دەستی ئەردۆغان و پارتەکەی واڵا کرد بۆ ئەوەی بە توندترین شێوە ئەوانەش سەرکوت بکاتەوە کە لە بەرەی ئۆپۆزسیۆندان و ناچنە ژێرباری ئەو و پارتەکەی.

بۆیەیش بەرەی ئۆپۆزسیۆن ئەمە بە "کودەتای سپی" یان "کودەتای مەدەنی" ناو دەبەن.

چونکە ئەردۆغان و حکومەتەکەی تەنیا ئەندامانی کۆمەڵەکەی فەتحوڵڵا گولەنیان دەستگیر نەکردوون و لەکار دوورنەخستوونەتەوە، بەڵکوو کێیان مەبەست بێت لە کارەکانیان دووریان خستووەتەوە و زیندانیشیان کردوون.

پێنج ڕۆژ دوای هەوڵی کودەتاکە باری نائاسایی لە تورکیا ڕاگەیەندرا و حەوت جار باری نائاسایی درێژ کرایەوە و بۆ ماوەی دوو ساڵ لە تورکیا بەردەوام بوو. 

لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا 32 بڕیارنامە لەلایەن حکومەتەوە دەرچوون کە وەک یاسا مامەڵەیان پێ کرا و بە هۆی کارکردن بەم بڕیارنامانەوە و بە تۆمەتی ئەندامبوون لە "ڕێکخراوی چەکدار" 160 هەزار کەس دەستگیرکران، 70 هەزار کەس دەستبەسەر کران و لێکۆڵینەوە لەگەڵ 155 هەزار کەسدا کرا. 

بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەکردن بۆ کۆمەڵەکەی فەتحوڵڵا گولەن، یان پەکەکە" و "سوکایەتیکردن بە سەرکۆماری تورکیا" چاودێری 45 هەزار و 415 هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرا و بەم هۆیەیشەوە ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر 17 هەزار و 89 کەس گیرایە بەر. 

لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا 121 هەزار و 311 فەرمانبەر لە کەرتی گشتی دەرکران. حەوت هەزار و 80 کەس لە ناوەندە ئەکادیمییەکان دەرکران کە پێنج هەزار و 705یان مامۆستای زانکۆ بوون.

هەروەها بەشێکی زۆر لەو سەربازانەی خانەنشینیش کرابوون، پلە سەربازییەکانیان لێ وەرگیرایەوە.

بڕیاریش درا کە ئەو کەسە دووخراوانە نەتوانن لە کەرتی گشتی کار بکەن.

بە پاساوی پەیوەندیی هەبوونیش لەگەڵ کۆمەڵەکەی گولەن 64 قوتابخانەی ئەهلی، 360 سەنتەری خول، 847 بەشە ناوخۆیی قوتابییان، 47 بنکەی تەندروستی، 15 زانکۆی ئەهلی، 29 سەندیکا، هەزار و 419 کۆمەڵە و ڕێکخراو، 145 وەقف، 174 دامەزراوەی میدیایی، 985 شوێنکاری بازرگانی داخران. 

هەر لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا 70 ڕۆژنامە، 20 گۆڤار، 34 ڕادیۆ، 30 وەشانخانە و دەزگای دابەشکردنی کتێب و 33 کەناڵی تەلەڤیزیۆنی داخران. 

هەرچەند بە مەبەستی تانەدان لە بڕیارنامەکان بۆ ئەوەی مافی ئەوانە نەخورێت کە بەناهەق دەرکراون و دوورخراونەتەوە لیژنەیەک پێک هێندرا کەچی لە کۆی 21 هەزار و 500 داواکاری تەنیا 13 هەزار کەسیان گەڕێندرانەوە سەر کارەکانیان و 18 هەزار و 200 داواکاری ڕەت کرایەوە.

لە میانی پاککردنەوەی سوپای تورکیا لە شانە نهێنییەکانی فەتۆ، هەزاران کەس لە ڕیزەکانی سوپا دەرکران و بڕیاری زیندانیکردنی هەتاهەتایی قورسکراو بۆ هەزاران سەرباز، ئەفسەر و جەنەڕاڵ دەرکرا.  

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی