وتەبێژی حکومەتی ئێران: فەتوای کوشتنی ترەمپ بەهۆی بێڕێزیکردنی بە خامنەیی بووە

#ترەمپ#خامنەیی#ئێران#فەتوای کوشتن
16 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • ئێران بۆ کوشتنی ترەمپ خەڵاتی پێنج ملیۆن دۆلاری دانابوو
  • فەتوای کوشتنی ترەمپ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئایینی شیعە دەرچووە نەک حکومەت
  • وتەبێژی حکومەت: ئەم فەتوایە بەهۆی "بێڕێزیکردن"ەوە بە خامنەیی بووە
Primary Asset

سبەی

لە سەروبەندی شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، دۆناڵد ترەمپ لەبارەی عەلی خامنیەوە لێدوانی جیاوازی دەدا، بەوهۆیەوە لەلایەن ژمارەیەک بەرپرسی ئێرانەوە فەتوای کوشتنی ترەمپ دەرکرا، وتەبێژی حکومەتی ئێران دەڵێت: فەتوای کوشتنی ترەمپ لە لایەن دەسەڵاتدارانی شیعەوە بە هۆی "بێ رێزیی" بە رێبەری ئینقلابی ئیسلامی دەرچووە و حکومەتی کۆماری ئیسلامی لە رێگەی دەسەڵاتە نێودەوڵەتییەکانەوە بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە دەکات.

فاتمە موهاجرانی، وتەبێژی حکومەتی ئێران لە وەڵامی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە عەلی خامنەیی و هەروەها خۆڕادەست کردنی ئێران لە کاتی شەڕی 12 رۆژەی ئێران و ئیسرائیلدا رایگەیاند: سروشتییە کە کۆمەڵگاکەمان تووڕە بێت لەو بێڕێزییەی کە کراوە، ئەو فەتوای کوشتنی ترەمپ کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئایینی شیعە دەرچووە، بەهۆی "بێڕێزیکردن"ەوە بووە.

سەبارەت بە دەرکردنی فەتوای کوشتنی ترەمپ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئایینی شیعە و مەلاکانی سەر بە حکومەتەوە، ووتی: زانایانی ئایینی، وەک گروپێکی کۆمەڵایەتی کاریگەر، فەتوایان لە وەڵامی ئەم بێڕێزیە دەرکردوە.

موهاجرانی دەڵێت: هەڵوێستی حکومەت لە پۆستە فەرمییەکان رادەگەیەنرێت، ئێمەش بە جددی لە رێگەی دەسەڵاتە فەرمییە نێودەوڵەتییەکانەوە هەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین.

لە ماوەی شەڕی ئێران و ئیسرائیل، ژمارەیەک لە دەسەڵاتدارانی ئایینی شیعە و کەسایەتییە ئایینیەکانی کۆماری ئیسلامی فەتوای کوشتنی سەرۆکی ئەمەریکایان دەرکرد. هەروەها هەڵمەتەکانی کۆکردنەوەی پارە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەستیپێکرد، لەگەڵ ئەوەشدا ماوەی رابردوو ئێران بۆ کوشتنی ترەمپ خەڵاتی پێنج ملیۆن دۆلاری دانابوو.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی