سوەیدا شاری پێکدادانی چوار ‌بەرەی جیاواز

#سوریا#سوەیدا#درووزەکان#درووز#بەدەوییەکان#ئیسرائیل
16 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • سوەیدا، ئەو شارەی سوریا کە بووە بە مانشێتی هەواڵی میدیا جیهانییەکان، ئەوەش بە هۆی شەڕی نێوان دروزییەکان و بەدەوییەکان. هەروەها هێزەکانی حکومەتی کاتی سوریا بەرەو ناوچەکە لە پێشڕەویدان و دەیانەوێت شەڕەکە رابگرن، لە ئاسمانیشەوە سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر چەکدارە بەدەوییەکان و چەکدارەکانی حکومەتی سوریا.
Primary Asset

سبەی

سوەیدا، ئەو شارەی سوریا کە بووە بە مانشێتی هەواڵی میدیا جیهانییەکان، ئەوەش بە هۆی شەڕی نێوان دروزییەکان و بەدەوییەکان. هەروەها هێزەکانی حکومەتی کاتی سوریا بەرەو ناوچەکە لە پێشڕەویدان و دەیانەوێت شەڕەکە رابگرن، لە ئاسمانیشەوە سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر چەکدارە بەدەوییەکان و چەکدارەکانی حکومەتی سوریا.

روخانی رژێمی بەشار ئەسەد بووە هۆی سەرهەڵدان و زیادبوونی نەش و نمای کۆمەڵێک هێز و بەرە کە پێشتر چالاکییەکانیان زۆر سنوردار بوو. روخانی بەشار لەگەڵ خۆیدا ناسەقامگیری سیاسی و سەربازی لەگەڵ خۆیدا هێنایە ئاراوە. لە ئێستادا شاری سوەیدا کە دەکەوێتە باشووری سوریا بووەتە جێگەی پێکدادانی چوار هێز لەوانە چەکدارانی درووزەکان، چەکدارە بەدەوەییەکان، چەکدارانی حکومەتی کاتی سوریا و هێزەکانی سوپای ئیسرائیل. 

بۆچی لە سوەیدا پێکدادانێکی چوار لایەنە هاتووەتە ئاراوە؟ ئەم راپۆرتە وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە.

پارێزگای سوەیدا کە دەکەوێتە باشوری سوریا، زۆرینەی دانیشتوانەکەی درووز-ن، شارەکە نزیکە لە سنورەکانی ئیسرائیل. دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، ئامادەیی ئیسرائیل لە سوریا زیاتر بوو، بە تایبەت لەو ناوچانەی کە نزیکن لە سنورەکانییەوە. 

بۆ پاراستنی ئەو سنورانە، ئیسرائیل بە هێزی سەربازی چووە ناو خاکی سوریاوە و بەشێکی داگیرکردووە. درووزەکان کە زۆرینەن لە پارێزگای سوەیدا، تەنها نزیکەی 100 کیلۆمەتر سنورەکانی ئیسرائیلەوە دوورە، ئیسرائیل دەیەوێت بە دەست درووزەکانەوە بێت نەک چەکدارەکانی ئەبو محەمەدی جۆلانی (ئەحمەد شەرع)، چونکە گرووپەکانی سەر بە جۆلانی توندڕەون و دەبنە مەترسی لەسەر ئیسرائیل. سوەیدا بۆ ئیسرائیل وەک پشتێنەیەکی ئاسایشی وایە، بۆیە ئیسرائیل چەندینجار جەختی لە پاراستنی درووزەکان کردووەتەوە و پابەندی خۆی بە پاراستنیان راگەیاندووە.

هەرچەندە ژمارەی کوژراوان لە شەڕی سوەیدادا گەیشتووەتە 100 کوژراو، کە زۆرینەیان درووزن، بەڵام دەکرا کوشتاری زیاتر روویبدایە، ئەگەر چەکدارەکان چەکی قورسیان پێبوایە. تەنانەت چەکدارەکانی حکومەتی سوریاش، چەکی قورسیان بەدەستەوە نەماوە، چونکە دوای رووخانی رژێمی بەشار، ئیسرائیل زۆرینەی چەکە قورسەکانی حکومەتی سوریای لەناوبرد.

شەڕەکە بۆچی پەرەیسەند؟

شەڕەکە لە رۆژی شەممە لە نێوان چەکدار درووزەکان و چەکدارە بەدەوەییەکان کە سەر بە چەند عەشیرەتێکن سەریهەڵدا. لە بنەڕەتدا شەڕەکە وێنەیەکی مەزهەبی وەرگرتووە، چونکە درووزەکان شیعەن، چەکدارەکانی دیکە سونەن. هەردوولایان چەکیان پێیە، سونەکان پشتیوانی حکومەتەکەی شەرعیان هەیە، درووزەکان پشتیوانی سوپای ئیسرائیلیان هەیە. بەرەی سونە و شیعەی سوەیدا، یەکتر بە ئاسانی قبوڵ ناکەن. هەر شتێک لەلایەن گرووپێکیانەوە بە هەڵوێستی دوژمن کارانە لێک دەدرێتەوە.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی ئەی ئێف پی، هۆکاری شەڕەکە ئەوە بووە کە چەکدارێکی بەدەوییەکان، بازرگانێکی سەوزە و میوەی درووزەکانیان رفاندوە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی درووزەکان دەست بە تۆڵە کردنەوە بکەنەوە و شەڕەکە پەرەیسەندوە.

شەڕی نێوان بەدەوییەکانی سوەیدا و درووزەکان مێژوویەکی کۆنی هەیە، بەردەوام ئەو دوو بەرەیە لە ناکۆکی و پێکداداندا بوون لەگەڵ یەکتر.

لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕەکە حکومەتی کاتی سوریا بڕیاریدا بە جوڵاندنی هێز بەرەو سوەیدا، لەلایەن درووزەکانەوە ناردنی هێز بە لایەنگری بۆ بەدەوییە سونەکان لێکدەدرێتەوە.

بەشداریی ئیسرائیل

لەلایەکی دیکەوە، هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە دوێنێوە دەستیان کردووە بە لێدانی هێزە بەدەوەییەکان و هێزەکانی سەر بە حکومەت و چەند تانکێکیان تێکشکاندوە.

سەبارەت بە هێرشەکان، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، پابەندی خۆیان بە پاراستنی درووزەکان راگەیاند. 

هەروەها لە بەیانامەکەیاندا هاتووە کە هەبوونی چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سوریا لە سوەیدا مەترسییە لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی