درۆنە بۆمبڕێژکراوەکان لەکوێوە ئاڕاستەى هەرێمى کوردستان دەکرێن؟

#هەرێمى کوردستان#عێراق#هێرشى درۆنى
12 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 12 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • هێرشەکان لە 22 ى حوزەیرانەوە دەستیانپێکرد کاتێک لە نزیک گوندی دارەبەنی سەر بە پارێزگای هەولێر، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو تێکشکێندران، ئەوەش پێش رۆژێک لە ئاگربەستى نێوان ئێران و ئیسرائیل.
  • رۆژى 14 ى تەمموز هێرشە درۆنییەکان ئاڕاستەیەکى دیکەیان وەرگرت، کاتێک  بە دوو درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەى نەوتى خورمەڵە لە سنورى پارێزگاى هەولێر، ئەوەش دواى کەمتر لە 24 کاتژمێر لە خستنەخوارەوەى درۆنێکى دیکە لە نزیك فڕۆكەخانەی هەولێر.
  • جەبار یاوەر شارەزاى سەربازى و ئەمیندارى پێشووى وەزارەتى پێشمەرگە بە "سبەى" راگەیاند، هێرشەکان پەیوەستن بەو هەلومەرجەى کە هەیە، بەتایبەتى رێکنەکەوتنى هەرێم و بەغداد لەسەر بەرهەمهێنان و فرۆشتنى نەوت و ئامانجیان لێدانە لە ژێرخانى وزەى هەرێمى کوردستان.
Primary Asset

سبەى

هێرشەکان لە رێگەى درۆنى بۆمبڕێژکراوەوە بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانى هەرێمى کوردستان بەردەوامن، کە زۆرترینیان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان بووە، لەکاتێکدا سەرۆک وەزیرانى عیراق فەرمانى بە ئەنجامدانى لێکۆڵینەوەى بەپەلە و فراوان کردووە لەو بارەیەوە.

هێرشە درۆنییەکان

هێرشەکان لە 22 ى حوزەیرانەوە دەستیانپێکرد کاتێک لە نزیک گوندی دارەبەنی سەر بە پارێزگای هەولێر، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو تێکشکێندران، ئەوەش پێش رۆژێک لە ئاگربەستى نێوان ئێران و ئیسرائیل.

هێرشەکان لەسەرەتاى تەمموزەوە زیاتر بوون و تا ئێستاش بەردەوامن، 1ى تەمموز لە رێگەى دوو درۆنەوە دوو هێرش ئەنجامدرا کە یەکێکیان لە نزیک ناوچەی نیشتەجێبوون لە سنورى تاسڵوجە کەوتەخوارەوە، ئەوەى دیکەشیان بەدوورى چەند کیلۆمەترێک لەنزیک بارەگاى فەرماندەیی هێزەکانى 70 ى پێشمەرگە کەوتە خوارەوە، کە فەرماندەییەکە دەڵێت خستویاننەتە خوارەوە.

هەمان رۆژ لە رێگەى درۆنەوە هێرشکرایەسەر سنووری ناحیەی دەرکارێی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و زیانى ماددى لێکەوتەوە.

رۆژى 14 ى تەمموز هێرشە درۆنییەکان ئاڕاستەیەکى دیکەیان وەرگرت، کاتێک بە دوو درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەى نەوتى خورمەڵە لە سنورى پارێزگاى هەولێر، ئەوەش دواى کەمتر لە 24 کاتژمێر لە خستنەخوارەوەى درۆنێکى دیکە لە نزیك فڕۆكەخانەی هەولێر.

هەروەها رۆژى 15 ى تەمموز لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرشكرایە سەر كێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک.

رۆژێک دواتر و سەرلەبەیانى چوارشەممە 16 ى تەمموز سێ کێڵگەى دیکەى هەرێمى کوردستان رووبەڕووى هێرشى درۆنى بۆمبڕێژکراو بوونەوە، لە پێنجەم هێرشى لەو شێوەیەدا بۆ سەر پێنج کێڵگەى نەوتى لەماوەى سێ رۆژدا.

هێرشى یەکەم لە کاتژمێرەکانی 6:00 و 6:15، لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە کرایەسەر کێڵگەی نەوتی DNO لە پێشخابوور لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، هێرشى دووەمیش لە کاتژمێر 7:00 لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە کرایە سەر کێڵگەی نەوتی DNO لە تاوکێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، کاتژمێر 7:14ى سەرلەبەیانیش هێرشى سێیەم ئەنجامدرا کە لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە کرایە سەر کێڵگەی نەوتی هاند ئۆیلی ئەمریکی لە باعەدرێ لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوى دژەتیرۆری کوردستان.

لێکۆڵینەوەى بەپەلە

هێرشەکان دواى کەمتر لە 24 کاتژمێر هات لە فەرمانێکى سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ لێکۆڵینەوەى بەپەلە و فراوان لە هێرشە درۆنییەکان، ئەوەش دواى ئەوەى سەرۆکایەتى هەرێم و کونسوڵخانەى ئەمەریکا لە هەولێر داوایان لە بەغداد کرد لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە بکات.

وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، هەرچەندە  هێرشەکان زیانی گیانییان نەبووە، بەڵام زیانێکی زۆری بە ژێرخانی کێڵگەکان گەیاندووە و مەبەست لە هێرشەکان لێدانی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان و دروستکردنی مەترسییە لە سەر سەلامەتیی کارمەندانی مەدەنیی کەرتی وزە.

هەروەها داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی و کومەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە بە زووترین کات بێنە سەر خەت  بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی مەدەنی و ئەمنیەتی وزە و  ڕێگریکردن لە هێرشی دیکە بۆ سەر کەرتی وزەی کوردستان.

ئاڕاستەى هێرشەکان

جەبار یاوەر شارەزاى سەربازى و ئەمیندارى پێشووى وەزارەتى پێشمەرگە رۆژى چوارشەممە بە "سبەى" راگەیاند، هێرشەکان پەیوەستن بەو هەلومەرجەى کە هەیە، بەتایبەتى رێکنەکەوتنى هەرێم و بەغداد لەسەر بەرهەمهێنان و فرۆشتنى نەوت و ئامانجیان لێدانە لە ژێرخانى وزەى هەرێمى کوردستان.

وتیشى تا ئێستا لێکۆڵینەوەى ورد لەو بارەیەوە نەکراون، بەڵام بەپێی ئاڕاستەى و جۆرى درۆنەکان کە پارچەکانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەڵگیراونەتەوە، پێدەچێت لەناوخۆى عێراقەوە هێرشەکان ئەنجامدرابن، بەتایبەتى لە سنورى موسڵ و کەرکوک و دیالەوە.

تا ئێستا هیچ گروپێک بەرپرسیارێتى لە ئەنجامدانى هێرشەکانى لەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام پێشتر حکومەتى هەرێمى کوردستان گروپە چەکدارەکانى بەچەند هێرشێکى لەو شێوەیە تۆمەتبارکردبوو، عێراقیش ئەوەى رەتکردبووەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی