گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوەکانی شاندی ئیمراڵیی؛ چەکدانانی پەکەکە پێ دەنێتە قۆناغی چوارەم

#تورکیا#پەکەکە#چەکدانان
12 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 12 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • ئەمڕۆ گەڕێکی دیکەی دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندی ئیمراڵیی لەگەڵ پارتە سیاسییەکان دەستپێدەکاتەوە و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانیش لەبارەی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە و پێکهێنانی ئەو لیژنەیە دەبێت کە بڕیارە بۆ ڕەخساندنی زەمینەسازی یاسایی لە پەرلەمانی تورکیا پێک بهێندرێت.
  • عەبدولقادر سێلڤی، ڕۆژنامەنووسی نزیک لە دەسەڵات لە گۆشەکەی خۆیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەم هەفتەیە پێشهاتی گرنگ ڕوو دەدەن و پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە پێ دەنێتە قۆناغی چوارەم.
Primary Asset

سبەی

چەکدانانی پەکەکە پێ دەنێتە قۆناغی چوارەم و شاندى ئیمراڵیش کۆبوونەوەکانى دەستپێدەکاتەوە، وەک ڕەخساندنی زەمینەسازیی یاسایی بۆ پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە، هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و یاسای سزاکان لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەو لیژنەیە دەبن کە لەو بارەیەوە پێکدەهێنرێن و ئەو ئەندامانەی پەکەکە ئازاد دەکرێن کە ماوەی حوکمدانیان تەواو بووە یان زۆری نەماوە تەواو ببێت. لێبوردن و لێبوردنی گشتییش دەرناکرێت.

ئەمڕۆ گەڕێکی دیکەی دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندی ئیمراڵیی لەگەڵ پارتە سیاسییەکان دەستپێدەکاتەوە و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانیش لەبارەی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە و پێکهێنانی ئەو لیژنەیە دەبێت کە بڕیارە بۆ ڕەخساندنی زەمینەسازی یاسایی لە پەرلەمانی تورکیا پێک بهێندرێت.

ڕۆژنامەی حورییەتی تورکی ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی تەمموزی 2025 بڵاویکردووەتەوە نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا داوا لە پارتەکانی بەشداربوو لە پەرلەمان دەکات، ناوی ئەو پەرلەمانتارانەیان بۆ بنێرن بۆ لیژنەکە دیاریان کردوون.

پێشبینی دەکرێت ئەندامانی لیژنەکە 30-35 کەس ببن و بە هۆی ڕێژەی کورسییەکانیان لە پەرلەمان، ئاک پارتیی دەسەڵاتدار و جەهەپە کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە تورکیا زیاتر لە نیوەی ئەندامانی لیژنەکەیان بەر بکەوێت. 

بەم جۆرەش بە هۆی ئەوەی دەم پارتییش بەشداری لە لیژنەکەدا دەکات هەرسێ پارتەکە دەتوانن "زۆرینە" پێک بهێنن.

نەخشەڕێگای لیژنەکە

بە هۆی ئەوەی لیژنەکە بە پشتبەستن بە یاساکانی تورکیا و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پێک ناهێندرێت، لە قۆناغی یەکەمدا بڕیارەکانی نابنە فەرمی.

هاوپەیمانیی جومهور کە ئاک پارتی و مەهەپە پێکهێنەری سەرەکی ئەو هاوپەیمانییەتیەن، دەیانەوێت سەرەتا ڕای گشتی لەبارەی نەخشەڕێگا و چۆنێتی کارکردنی لیژنەکە ئاگادار بکەنەوە.

لە یەکەم کۆبوونەوەیدا بڕیاری شێوازی کارکردن و پرەنسیپەکانی لیژنەکە دەدرێت. 

چاوەڕێ دەکرێت گۆڕینی یاساکان و مادە گرنگەکانی وەک هەموارکردنەوەی یاسای سزاکان و لێبوردن بە "زۆرینەی دەنگ" پەسەند بکرێن.

دوێنێ یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند کە ئەو بڕیارانەی لە پەرلەمانەوە دەردەچن، دەبنە هۆی بەرچاوڕوونی ئەوان و گوتی: "دروست نییە بە ڕیز پێدا بێمە خوارەوە و بڵێی ئەمە و ئەمە دەکەین. ئەمانە لە پەرلەمان تاوتوێ دەکرێن. ئەو شتانە دەکرێن کە بۆ گەلەکەمان پێویستن".

گەڕێکی نوێی دیدار و کۆبوونەوەکان

لە دوای چەکدانانی سیمبولیی یەکەم گروپی گەریلاکانی پەکەکە، لەمڕۆوە شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی گەڕێکی دیکەی دیدار و کۆبوونەوەکان دەست پێ دەکاتەوە و چاوەڕە دەکرێت ئەم هەفتەیە گەڕەکە تەواو بکات.

لەو میانەیەدا بڕیارە ئەمڕۆ شاندی ئیمراڵی سەردانی یڵماز تونچ بکات کە بە هۆی پڕکاریی وەزیری دادی تورکیاوە نەتواندرا هەفتەی ڕابردوو بکرێت.

شاندی ئیمراڵی هەر ئەمڕۆ لەگەڵ دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە؛ ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتی ئایندە و سبەیش لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە کۆ دەبێتەوە.

ئەرکەکانی لیژنەکە چی دەبن؟

هەر ئەمڕۆ عەبدولقادر سێلڤی، ڕۆژنامەنووسی نزیک لە دەسەڵات لە گۆشەکەی خۆیدا ئاماژەی بەوە دا کە ئەم هەفتەیە پێشهاتی گرنگ ڕوو دەدەن و پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە پێ دەنێتە قۆناغی چوارەم.

ناوبراو لەبارەی ئەرکە سەرەکییەکانی ئەو لیژنەیەی پێک دەهێندرێت، نووسیوویەتی:

زەمینەی سیاسی دەڕەخسێنێت بۆ چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە.

بە درێژایی هاوین لیژنەکە بەردەوام دەبێت لە کارەکانی. لەگەڵ وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمان لە تشرینی یەکەم کارەکانی پەیوەندیدار بە ڕەخساندنی ژێرخانی یاسایی بۆ پرۆسەکە تەواو دەکرێن. بەم جۆرەیش لە تشرینی یەکەمەوە دەست دەکرێت بە هەموارکردنەوەی یاساکان. 

یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و یاسای سزاکان هەموار دەکرێنەوە

چاوەڕێ دەکرێت لەو میانەیەدا یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و یاسای سزاکان هەموار بکرێنەوە.

زیاتر لە پێنج هەزار ئەندامانی پەکەکە زیندانی کراون و هەموارکردنەوەی یاساکان کاریگەری دەکاتە سەر دۆخی ئەوان. چیتر ئازادکردنی ئەوانە دواناخرێت کە ماوەی حوکمدانیان تەواو بووە. ئەوانەیش ئازاد دەکرێن کە هێشتا ماویەتی ماوەی حوکمدانیان تەواو ببێت.

نزیکەی 100 حوکمدراوی بەساڵداچوو و نەخۆش لە زیندانن، بە شێوەیەکی جیاواز کار لەسەر دۆسیەی ئەوان دەکرێت. 

یاسایەکی تایبەت بە پەکەکە دەرناکرێت، بەڵام هەنگاوی گرنگ دەندرێت بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە.

لێبوردن بۆ ئەندامانی پەکەکە دەرناکرێت و دەستوریش ناگۆڕدرێت

بڕیاری لێبوردن و لێبوردنی گشتیی بۆ ئەندامانی پەکەکە دەرناکرێت.

گۆڕینی دەستوری تورکیا و چوار مادەی یەکەم و مادەی 66ی دەستور لە ئارادا نییە و ئەوەی دەگوترێت لەمبارەیەوە پڕوپاگەندەیە.

ئەو لیژنەیە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد پێک ناهێندرێت، بەڵکوو زەمینەی یاسایی دەڕەخسێنێت بۆ چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە. 

تورکیا بە دەم داواکارییەکەی ئۆجەلانەوە دێت

لە 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە ڕاگەیاند، ئەگەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا زەمینەسازی دەکەن بۆ ڕێکخستنەوەی یاساکان بە جۆرێک بتوانێت لە مافی هیوا سوودمەند بێت.

ئۆجەلانیش لە 27ـی شوباتی 2025 بە دەم داواکارییەکەی باخچەلییەوە هات، داوای لە پەکەکە کرد کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت و کۆنگرە ببەستێت بۆ ئەوەی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و ڕەخساندنی زەمینەسازی بۆ ئەمە لەلایەن تورکیاوە بە پێویست زانی.

12ـی ئایار پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا و وەک بە دەمەوەهاتن بۆ بانگەوازەکەی ئۆجەلان بڕیاری دا کۆتایی بە خەباتی چەکداریی بهێنێت، چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. 

لە بەرامبەر ئەمەدا دەولەت باخچەلی 18ـی ئایار حەوت پێشنیازی خستە ڕوو بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بە مەبەستی هەموارکردنەوەی یاساکان و ڕەخساندنی زەمینەسازی یاسایی بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمان کە نوێنەری سەرجەم 12 پارتە سیاسییەکەی پەرلەمان تیایدا بەشدار بن و سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتی لیژنەکە بکات.

لای خۆیشیەوە دەم پارتی پشتیوانی خۆی بۆ داواکارییەکەی باخچەلی ڕاگەیاند.

دوای ئەوەی 11ـی تەمووزی 2025 یەکەم گرووپی گەریلاکانی پەکەکە چەکەکانیان دانا و دواتر چەکەکانیان سووتاند، ڕۆژێک دواتر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا ڕایگەیاند: وەک هەنگاوی یەکەم بۆ ئەم پرۆسەیە لیژنەیەک لە پەرلەمانی تورکیا پێک دەهێندرێت و گوتی: "وەک هاوپەیمانیی جومهور (ئاک پارتی و مەهەپە) لەگەڵ دەم پارتی ئەم پرۆسەیە بەرەوپێش دەبەن".

ئەمەش لە کاتێکدا بوو ڕۆژێک پێشتر نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی کارەکان بۆ پێکهێنانی لیژنەکە لە پەرلەمان و بەمزووانە لیژنەکە پێک دەهێندرێت. 

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەڵبستن بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، کە هەنگاوی زۆر باشی بڕیووە.

میدیاکانی نزیک لە دەسەڵات ئاماژە بەوە دەدەن لەگەڵ چەکدانانی تەواوەتی پەکەکە، پەرلەمان دەست دەکات بە هەموارکردنەوەی ژمارەیەک لە یاساکان و لەگەڵ هەر هەنگاوێکی ئەرێنی پەکەکەیشدا، تورکیا لە ڕووی سیاسی و یاسایییەوە هەنگاوی دیکە دەنێت بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.

چارەسەری پرسی کورد؛ لە ژوورە داخراوەکانەوە بۆ هەموارکردنەوەی یاساکان

جیاواز لە هەردوو قۆناغی پێشووی پرۆسەی ئاشتی کە دانوستانەکان لە پشت پەردە و بە نهێنی لە نێوان حکومەتی تورکیا و کورددا بەڕێوە دەچوون؛ ئەم جارە پەرلەمانی تورکیا دەکەوێتە جوڵە و بە هەموارکردنەوەی یاساکان، زەمینەی یاسایی دەڕەخسێندرێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد. 

ئەمەش لە کاتێکدا پێگەی کورد لە پەرلەمانی تورکیا بە بەراورد بە هەردوو قۆناغەکەی پێشوو زۆر بەهێزتر بووە.

لە کۆی 600 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا دەم پارتی خاوەنی 57 کورسی، دەبەپە خاوەن دوو کورسی، پارتی ڕەنج (ئەمەک) خاوەنی دوو کورسی و هودا پار کە پارتێکی کوردیی پاشخان ئیسلامییە خاوەن چوار کورسییە. جگە لەوەیش ژمارەیەکی بەرچاو لە پەرلەمانتارەکانی ئاک پارتی کوردن.

لە هەردوو قۆناغی پێشووی پرۆسەی ئاشتی، هەمیشە مەهەپە دژی چارەسەرکردنی پرسی کورد وەستاوەتەوە و لەگەڵ ئەوەدا بووە بە ڕێگاچارەی سەربازی کورد سەرکوت بکرێتەوە و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانیش دژی پرۆسەی چارەسەری وەستاونەتەوە، کەچی جیاواز لە دوو قۆناغی پێشوو، هەم پێگەی کورد لە پەرلەمان بەهێزتر بووە و هەم پارتە سیاسییەکانیش بە بەرەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیشەوە لەگەڵ چارەسەرکردنی پرسەکەدان.

جگە لە ئیی پارتی کە پارتێکی نەتەوەیی جیابۆوەیە لە مەهەپە و بە هۆی کێشە ناوخۆییەکانیەوە ژمارەی کورسییەکانی لە 43 کورسییەوە کەم بووەتەوە بۆ 29 کورسی، سەرجەم پارتە سیاسییەکانی تورکیا، لەگەڵ ئەوەدان پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە لە پەرلەمانی تورکیا چارەسەر بکرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی