بەرزبوونەوەى 208% ى بودجە و هەڵکشانى هەژاریى؛ چەکدانانى پەکەکە ئابورى تورکیا دەبوژێنێتەوە؟

#تورکیا#پەکەکە#ئابورى
15 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 15 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • حکومەتی ئەردۆغان هیوادارە کۆتاییهاتنی هەڕەشەکانی پەکەکە و دۆزینەوەی کێڵگە نەوتییە نوێیەکان لە شارە کوردییەکانى وەک شرناخ و ئامەد ببێتە هۆی بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر
  • لە ماوەی 20 ساڵدا بودجەى تورکیا 208% زیادیکردووە لەگەڵ ئەوەشدا بودجەی حکومەت بەردەوام کورتهێنانی هەیە
  • بەشێک لە شرۆڤەکارانى توکیا: چارەسەرکردنی کێشە ئەمنییەکان ناتوانێت  گۆڕانکارییەکی جدی لە کێشە هەڵپەسێردراوە ئابورییەکان دروست بکات.
Primary Asset

سبەى

لە کاتێکدا دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا رەنگە کۆتایی بەنزیکەی 50 ساڵ ململانێی سەربازی لە تورکیا بهێنێت، بەڵام بەوتەى بەشێک لە شرۆڤەکاران سەرەڕای هیواکان بۆ کرانەوە و گەشەی ئابوری، چەکدانانی پەکەکە بەبێ چاکسازییەکی بنەڕەتی ناتوانرێت کاریگەری بەرچاوی لە گەشەی ئابوری ئەو وڵاتە دروستبکات.

بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە چەند مانگی رابردوو لە نوێترین هەنگاویشدا چەک سوتاندنی 30 گەریلای پەکەکە شەپۆلێکی گەشبینی لە کۆمەڵگەی تورکیا سەبارەت بە لێکەوتە ئەرێنییەکانی ئەو رووداوانە دروستکردووە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتارێکیدا دوابەدوای مەراسیمی چەک سوتاندنی گەریلاکانی پەکەکە رایگەیاند کە خاڵێکی وەرچەرخانی گەورە لە تورکیا رویداوە دەرگای نوێی بەرەو وڵاتەکەیان دەکرێتەوە.

بەشێک لە شرۆڤەکارانی دۆخی تورکیا باس لەوە دەکەن کە بێ گومان براوەی پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە کەسێکی تر نییە جگە لە ئەردۆغان، چونکە بۆ ماوەی نزیکەی 50 ساڵ هیچ سەرۆک و سەرۆک وەزیرانێک نەیانتوانیبوو ئەو پرسە چارەسەر بکەن و پەکەکە بووە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شکستهێنانیان لە گۆڕەپانی سیاسی ئەو وڵاتەدا، بەڵام ئەردۆغان دوای 23 ساڵ لە حوکمرانی بۆ دواجار توانی "هەنگاوێکی گەورە" بۆ کۆتایی هێنان بەو پرسە بگرێتەبەر.

چاودێرانی سیاسی و ئابووری دەڵێن، حکومەتی ئەردۆغان هیوادارە کۆتاییهاتنی یەکجاری هەڕەشەکانی پەکەکە و دۆزینەوەی کێڵگە نەوتییە نوێیەکان لە  شارە کوردییەکانى وەک شرناخ و ئامەد ببێتە هۆی بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر، بەڵام بابەتی گرنگتر ئەوەیە کە پارتی داد و گەشەپێدان جگە لەوە ستراتیژ و پلانێکی سیاسی و ئابوری هەیە لەو پرسەدا.

ئیبراهیم کیراز، شرۆڤەکاری سیاسی توركى دەڵێت، لە ئێستادا  یارییەکی ئاڵۆزی سیاسی-ئابووری دەستیپێکردووە.

بە گوێرەی ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە بڕیارە لەم یارییەدا ئەردۆغان سود لە دەنگی دەم پارتی وەربگرێت بۆ گۆڕینی دەقی دەستووری تورکیا و زەمینەی دووبارە کاندیدکردنەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەدەستبهێنێت و لە ئەنجامدا بەدوور نازانرێت لە درێژخایەندا گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە ڕێگای باشترکردنی دۆخی ئابووری تورکیادا ڕووبدات.

دەشڵێت ئاماری جیاواز هەیە سەبارەت بە بڕی زیانە داراییەکانی تورکیا کە لە ماوەی پێنج دەیەی ڕابردوودا لە شەڕی دژی پەکەکە تووشی بووە. دەوترێت پەکەکە زیاتر لە 600 ملیار دۆلار زیانی بە تورکیا گەیاندووە و یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی خاوکردنەوەی خێرایی گەشەسەندنی ئابووری بووە لەو وڵاتەدا.

لەبەرانبەردا بەشێکى دیکە لە شرۆڤەکارانی ئابووری تورکیا دەڵێن، بڕیار و کردەوە هەڵەکانی ئەردۆغان و پارتی دەسەڵاتدار و سیاسەتە داراییە ناکارامەکانی رابردو کاریگەرییەکی بووە لەسەر قەیرانە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە و چارەسەرکردنی کێشە ئەمنییەکانیش ناتوانێت گۆڕانکارییەکی جدی لە کێشە هەڵپەسێردراوە ئابورییەکان دروست بکات.

هەر لەو پەیوەندییەدا ڕۆژنامەی ئابوری دونیا کە بنکەکەی لە ئەنقەرەیە بڵاویکردەوە، کە حکومەتی ئەردۆغان لە ساڵی 2005دا  بە داهاتێکی 96 ملیار دۆلاری بە ئاسانی وڵاتەکەی بەڕێوەدەبرد، بەڵام ئێستا داهاتی ساڵانەی تورکیا گەیشتووەتە نزیکەی 300 ملیار دۆلار و لەگەڵ ئەوەشدا بودجەی حکومەت بەردەوام کورتهێنانی هەیە و  ئاستی خۆشگوزەرانی و توانای کڕینی هاووڵاتییانی تورکیاش ساڵ بە ساڵ کەمبووەتەوە.

لای خۆیەوە ئیبراهیم قەهوەچی شرۆڤەکاری ئابووری تورکیا سەبارەت بە ئەدای حکومەتی ئەردۆغان لە بەڕێوەبردنی ئابووری وڵاتدا دەڵێت: "ئامارەکانی بانکی ناوەندی تورکیا دەریدەخەن کە لە ماوەی 20 ساڵدا، لە ساڵی 2005 تا 2025، شاهیدی زیادبوونی 208%ی داهاتی حکومەت بووین، بەڵام سەرەرای ئەم داهاتە نەک تەنها خۆشگوزرەنی لە وڵاتەکەدا زیادنەبوە بەڵکوو ئاستی هەژاری بەڕادەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و خەرجییەکانی ئێستای حکومەت بەڕێژەی 44.8% زیادیکردووە و تەنانەت 42.6 ملیار دۆلار کورتهێنان هەیە".

دەشڵێت: "لە ئێستادا سەردەمێکی نوێ دەستپێکردوە بەڵام نابێت گەشبینییەکی زۆر چاوەڕێ بکرێت بۆ گەشەی ئابووری تورکیا چونکە ئەگەرچی تێچوە سەربازییەکان لە داهاتودا کەمبنەوە بەڵام بەهۆى گەندەڵی و گەورەبوونی قەبارەی حکومەت پێشبینی ناکرێت زیادبونی داهات ببێتە هۆی خوشگوزەرانی زیاتری هاوڵاتییان".

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی