شەپۆلەکانى خۆڵ بارین زیاتر لە بیابانە بەرفراوانەکانەوە سەرچاوە دەگرن
سبەی
شەپۆلەکانى خۆڵبارین کە لەم دواییانەدا زۆر ناوچەی جیهانی گرتەوە، بووەتە یەکێک لە قەیرانە نوێیە جیهانییەکان. شارەزایان پێیان وایە گۆڕانی کەشوهەوا هۆکاری سەرەکی زیادبوونی ئەو شەپۆلانەیە، بەو پێیەی بیابانبوون و توانەوەی سەهۆڵبەندانەکان بوونەتە هۆی زیادبوونی گەردیلەی تۆز و خۆڵ لە بەرگەهەوای زەویدا.
بەم دواییە شەپۆلەکانى خۆڵبارین لە زۆر شوێنی جیهان زیادی کردووە و کێشەی زۆری بۆ مرۆڤ دروست کردووە. لە ئەمەریکاوە تا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم زریانانە ئاسمانی تاریک کردووە و کێشەی هەناسەدانی بۆ ملیۆنان کەس دروستکردووە.
شەپۆلەکانى خۆڵبارین زیاتر لە بیابانە بەرفراوانەکانەوە سەرچاوە دەگرن وەک بیابانەکانى ئەفریقا، جوبی لە رۆژهەڵاتى ئاسیا و بیابانی عەرەبی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام گۆڕانی کەشوهەوا بەتایبەتی بیابانبوون و توانەوەی سەهۆڵبەندان هۆکاری سەرەکین لە پشت زیادبوونی ئەو دیاردانەوە.
شارەزایان هۆشداری دەدەن لەوەی ئەم رەوتە لە ساڵانی داهاتوودا خراپتر دەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ گەرمبوونی جیهان، ئەوەش بەپێی کەناڵى بی بی سی.
شەپۆلەکانى خۆڵبارین بەشێکن لە خولی سروشتی زەوی، کە بای بەهێز گەردیلەکانی خۆڵ و تۆز لە زەوییە وشکەکانەوە بەرز دەکاتەوە بۆ بەرگەهەوا.
بەپێی راپۆرتى نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵانە نزیکەی دوو ملیۆن تۆن تۆز دەچێتە بەرگەهەوای زەوییەوە. ئەم تەنۆلکانە بە ئاسانی دەتوانن هەزاران کیلۆمەتر ببڕن و بگەنە ناوچە دوورەکان. بۆ نموونە تۆز و خۆڵ کە لە بیابانەکانى ئەفریقا بەرز دەبێتەوە دەتوانێت بگاتە ئەوروپا، دارستانەکانی ئەمازۆن، یان زەریای ئەتڵەسی. ئەم تەنۆلکانە نەک تەنها کێشەی هەناسەدان بۆ مرۆڤ دروست ناکەن، بەڵکو رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە بەپیتی خاک و ئیکۆسیستەمی دەریایی.
بەڵام ئەم شەپۆلانە چەندین مەترسی هەڵدەگرن. بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 330 ملیۆن کەس لە جیهاندا رووبەڕووى گرفتى تەندروستى بوونەتەوە بوونەتە هۆی کێشەی گەورەی هەناسەدان وەکو تەنگەنەفەسی و هەوکردنی سییەکان و نەخۆشیەکانی تری سییەکان.
جگە لەوەش شەپۆلەکان دەبنە هۆى لەناوچوونى ئاژەڵەکان و بەروبوومەکان و تەنانەت ڕێگاوبان و فڕۆکەخانەکانیش دادەخەن بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی بینین.
لە چەند مانگی رابردوودا، بەهۆى شەپۆلەکانى خۆڵبارین لە ویلایەتی تەکساس و کانزاسی ئەمەریکا، لانیکەم 12 کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەمە جگە لەوەی زنجیرەیەک رووداوی لێکەوتووەتەوە. لە عێراق زیاتر لە هەزار کەس تووشی کێشەی هەناسەدان بوون.
هۆکاری سەرەکی زیادبوونی ئەم شەپۆلانە دەتوانرێت لە گۆڕانی کەشوهەوادا بدۆزرێتەوە. شارەزایان پێیان وایە کە وشکەساڵی توند و خراپی بەڕێوەبردنی زەوی و فراوانبوونی ئەو ناوچانەی کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە، ئەم دیاردانەی زۆر توندتر کردووە. جگە لەوەش توانەوەی سەهۆڵبەندان لە ناوچە جەمسەرییەکان مەترسییەکی دیکە دروست دەکات.
ئەم تەنۆلکانە بە ئاسانی لەلایەن باوە دەگوازرێنەوە و دەتوانن شەپۆلەکانى خۆڵ بارین توندتر بکەن. ناوچەکانی وەک ئەفریقا، دەریای ناوەڕاست، ئەمەریکای لاتین و باشووری ئاسیا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و پێدەچێت لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەم دۆخە خراپتر بێت.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەڕەشە جیهانییە هەنگاوی بەپەلە و بەرفراوان بە پێویست دەزانرێت. دکتۆر ریچارد واشنتۆن، مامۆستای کەشوهەوا لە زانکۆی ئۆکسفۆرد جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆنتڕۆڵکردنی دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن گرنگترین هەنگاوە بۆ کەمکردنەوەی تۆز و خۆڵ لە بەرگەهەوادا.
دووەم ئۆکسیدی کاربۆن زەوی گەرم دەکات بارودۆخەکە لەبارتر دەکات بۆ زریانی خۆڵ و تۆز. جگە لەوەش، چالاکییەکانی مرۆڤ وەک بیناسازی، کشتوکاڵی نادروست و شێوازە نەگونجاوەکانی بەڕێوەبردنی زەوی کە دەبێتە هۆی لەناوچوونی رووەک، بەشدارن لە چوونە ناو بەرگەهەوای بەشێکی زۆری تۆز و خۆڵ.
هەر لەبەر ئەم هۆکارە، گۆڕانکاری لە شێوازەکانی بەڕێوەبردن و باشترکردنی شێوازەکانی ژینگەیی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی ئەم هەڕەشانە.
هاوکات لەگەڵ ئەم رێوشوێنانە، وەبەرهێنان لە سیستەمی پێشبینیکردنی زریانەکان، چاندنی نەمامێکی زیاتر و شێداری راگرتنی خاکیش گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
دکتۆر سارا باسارت، پسپۆڕی زانستی لە رێکخراوی کەشناسیی جیهانی، پێی وایە ئایندەی ئەو گەردەلوولانە پەیوەستن بە بڕیارەکانی مرۆڤەوە و بە رێوشوێنی دروست دەتوانرێت چڕییان کەمبکرێتەوە.