سبەی
سەرەڕای رەتکردنەوەی لەلایەن تاران-ەوە بەڵام بەڵگەی زۆر لەبەردەستە کە ئێران دەستی کردووەتەوە بە ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ گرووپەکانی نزیک لە خۆی، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی.
بەپێی راپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ کە ئەمڕۆ هەینی (18ـی تەمموزی 2025) بڵاوی کردووەتەوە، سەرەڕای گورزە بەهێزەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا و کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە و بەرپرسی ناوەندە سەربازییەکانی، ئێران دەستی کردووەتەوە بە چەکدارکردنی گرووپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەرچەندە تاران بەشێوەیەکی توند ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە و وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەو راپۆرتە هەواڵییانە بە بێ بنەما پێناسە دەکات، بەڵام ئەمەریکا دەڵێت بەڵگەی لەبەردەستە کە ئەو زانیارییانە راستن.
هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا هەژموونی ئێرانی لە ناوچەکە کەم کردەووتەوە، ئێران دەیەوێت بە خێرایی هەنگاو بنێت بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکانی چەکی وڵاتەکە و ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ گرووپەکانی هاوپەیمانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی حوسییەکانی یەمەن و حیزبوڵلای لوبنان.
سەرەڕای رەتکردنەوەی ئەو زانیارانە، بەڵام وەک لە راپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵدا هاتووە، بەڵگەی زۆر لە بەردەستە کە پیشانی دەدات ئێران دەستی کردووە بە ناردنی چەک و کەرەستەی سەربازی بۆ حوسییەکان و حیزبوڵڵا.
سەبارەت بە بەڵگەکان، ئەم هەفتەیە هێزەکانی هاوپەیمانان و حکومەتی یەمەن دەستیان گرتووە بەسەر کەشتییەکی گەورەی پڕ لە کەرەستەی سەربازی وەک، موشەک، پارچەی درۆن و کڵاوەی موشەک، کە لە ئێرانەوە نێردراوبوو بۆ حوسییەکان.
کەرەستە سەربازییەکان لە ژێر سندوقی پاراستنی ئامێری ساردەکەرەوەی ئێرکۆندشنەر شاردراوبوونەوە.
لە ناو ئەو کەرەستانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، موشەکی دژە کەشتی قادر و پارچەی سیستمی بەرگریی سەقەر هەبوون کە حوسییەکان لە رێگەیەوە درۆنە ئەمەریکییەکانیان بە ئامانج دەگرت.
فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە سێنتکۆم، ئەو زانیاریانەی باس لە دەست بەسەردا گرتنی کەرەستەی سەربازی ئێرانیدا دەکەن پشتڕاستکردوە و رایگەیاندووە، بە هاوکاریی حکومەتی یەمەن توانویانە دەست بەسەر 700 تۆن کەرەستەی سەربازی پێشکەوتوودا بگرن.
سەبارەت بە ناردنی کەرەستەی سەربازی بۆ حیزبوڵڵای لوبنان، بەپێی راپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئێران لە رێگەی عێراق و سوریاوە هەوڵیداوە چەک بۆ حیزبوڵڵا بنێرێت، بەڵام دسەڵاتدارانی نوێی سوریا توانیویانە دەست بەسەر کەرەستە سەربازییەکاندا بگرن کە بریتیی بووە لە موشەک و کەرەستەی سەربازی پێشکەوتووی دیکە.