درۆنەکان لە هەرێمی کوردستانەوە هەڵدراون .. وتەبێژی سودانی: سەرچاوەی هەڵدانی درۆنە خۆکوژەکانمان دۆزیەوە

#فڕۆکەی بێفڕۆکەوان#خۆکوژ#تەقینەوە#کێڵگەی نەوت
11 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 11 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • وتەبێژی سودانی ئاشکرای کرد، شوێنی دروستکردنی درۆنە خۆکوژەکانیان دۆزیوەتەوە کە لە دەرەوەی عێراق دروستکراون، بەڵام لەناوخۆی عێراقەوە ئاراستەکراون
  • پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنەکەی سودانی دەڵێت: درۆنەکان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە ئاڕاستەی بنکە سەربازییەکان و کێڵگە نەوتییەکان کراون.
  • وتەبێژی سودانی: فڕۆکەکان یەکجۆرن و یەک لایەن بەرپرسی ئاڕاستەکردنیانە
Primary Asset

سبەی

وتەبێژی سودانی ئاشکرای کرد، شوێنی دروستکردنی درۆنە خۆکوژەکانیان دۆزیوەتەوە کە لە دەرەوەی عێراق دروستکراون، بەڵام لەناوخۆی عێراقەوە ئاراستەکراون، پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنەکەی سودانییش دەڵێت: درۆنەکان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە ئاڕاستەی بنکە سەربازییەکان و کێڵگە نەوتییەکان کراون.

سەباح نوعمان، وتەبێژ بەناوی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە گەورە ئەفسەران و شارەزایان پێکهێنراوە بۆ بەدواداچوونی روداوی بە ئامانجگرتنی رادارەکانی سەر بە هێزە چەکدارەکانی عێراق بەبەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ، کە سیستەمی بەرگریی و ژمارەیەک بنکەی سەربازییان کردە ئامانج، دوای هەوڵێکی زۆری ئاسایشی و هەواڵگریی و هونەریی چڕ گەیشتونەتە ئەنجامی یەکلاکەرەوە.

وتەبێژەکەی سودانی ئاشکرای کرد، دوای دیاریکردنی شوێنی دروستکردنی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە، دەرکەوت کە هەڵگری کڵاوەی جەنگیین بە کێشی جیاواز و لە دەرەوەی عێراق دروستکراون. 

بەپێی بەیاننامەکە، بەووردی شوێنی هەڵدانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە دەرکەوت ئەو فڕۆکانە لەناو خاکی عێراقەوە هەڵدراون، ئەو لایەنانەش ئاشکرا بوون کە تێوەگلاون لە هەماهەنگی و جێبەجێکردنی ئەو کارە دووژمنکارانەیە.

وتەبێژی سودانی دەڵێت: شیکردنەوەی هونەریی تەواو کراوە بۆ سیستمی ئاڕاستەکردن و گەیاندنی فڕۆکەکان و لایەنە هەواڵگرییەکان سەرجەن زانیارییەکانیان بە ووردی کۆکردوەتەوە کە پاڵپشتیی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە دەکات.

لیژنەی لێکۆڵینەوەکەی سودانی گەیشتونەتە ئەو دەرەنجامەی کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانە خۆکوژەکان کە بەکارهێنراون بۆ پێکانی ئامانجەکان یەک جۆرن و لایەنی جێبەجێکاریش یەک لایەنە، رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە لە کردەوەکەوە تێوەگلاون و روبەڕووی دادپەروەریی دادگاکانی عێراق دەکرێنەوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، وتەبێژ بەناوی محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاندووە: ئەو کردەوە دووژمنکارانە ترسنۆکانە پێشێلکارییەی روونی سەروەری عێراقە و رێگە بە هیچ لایەنێکی ناوخۆ و دەرەوە نادەن زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بگەیەنێت.

فڕۆکەکان لە هەرێمەوە هەڵدراون

لەلایەکی ترەوە، عەبدلوهادی سەعداوی، پەرلەمانتاری سەر بە هاوپەیمانییەکەی محەمەد شیاع سودانی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە هەرێمی کوردستانیان بۆردومان کردووە هەر لە هەرێمی کوردستانەوە هەڵدراون.

سەعداوی رایگەیاندووە: زۆر دڵنیاین لەوەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە لەماوەی رابردوودا کەوتونەتە خوارەوە لە پارێزگاکانی باشوری عێراقەوە ئاڕاستەکراون و کەسیش لەوبارەیەوە رێکار ناگرێتەبەر.

شانەی جەنگی: شوێنی هەڵدانی فڕۆکەکان دۆزرانەوە

ئەمڕۆ هەینی (18ـی تەمموزی 2025) شانەی راگەیاندنی جەنگی عێراق بڵاوی کردەوە، دوای ئەنجامدانی ژمارەیەک هێرش و بە ئامانجگرتنی کێڵگە نەوتییەکان و بنکە سەربازییەکان کە ئامانجیان تێکدانی سەقامگیرییە، هێزە ئەمنییەکان ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامداوە بۆ راوەدونان و لەناوبردنی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت زیان بە بەرژەوەندی گشتی بگەیەنن.

شانەی راگەیاندنی جەنگی بڵاوی کردەوە، بە فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دەزگای روبەڕوبونەوەی تیرۆر، بە هاوبەشی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا و سەڵاحەدین، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان لە ناوچەکانی بیابانی حەزەر ئەنجامداوە و ژمارەیەک پەناگە و کۆگا و ئەشکەوت لەناوبراون.

بەپێی راگەیەندراوەکە، پرۆسەکە بەپێی زانیاریی وورد و بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو هەوڵانە بووە کە هێزە ئەمنییەکان و ناوەندی دیکەیان کردوەتە ئامانج، شانەی راگەیاندنی جەنگی زانیاریی زیاتری لەسەر پرۆسەکە و ئامانجەکانی بڵاونەکردوەتەوە، کە ئۆپراسیۆنەکە بۆ سەر چی گروپ و لایەنێک ئەنجامدراوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی