مۆساد سێ وڵاتی جێگرەوە بۆ دانیشتوانی غەززە دەدۆزێتەوە

#ئیسرائیل#مۆساد#کەرتی غەززە#ئەمەریکا
14 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • بەپێی راپۆرتێکی پێگەی ئەکسیۆسی ئەمەریکی کە لە دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە دەستی کەوتووە، دەیڤد بارنیا، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل ناسراو بە مۆساد، سەرەتای هەفتەی رابردوو سەردانی ئەمەریکای کردووە و سەبارەت بە نیشتەجێکردنی هاوڵاتییانی کەرتی غەززە لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئەمەریکا گفتوگۆی کردووە.
Primary Asset

دەیڤد بارنیا بەرپسی مۆساد

سبەی

شوباتی ئەمساڵ، سەرۆکی ئەمەریکا پلانێکی وڵاتەکەی بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەرتی غەززە راگەیاند. بەپێی پلانەکە بەشێوەیەکی کاتی دوو ملیۆن دانیشتوانی غەززە لە وڵاتانی دیکە نیشتەجێ دەکرێن و کەرتەکە بە شێوەیەکی مۆدێرن سەرلەنوێ بنیات بنرێتەوە. سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە پلانەکەیان رەتکردەوە، بەڵام لەئێستادا سێ وڵات ئامادەییان دەربڕیوە بۆ وەگرتنی هاوڵاتییانی کەرتی غەززە.

بەپێی راپۆرتێکی پێگەی ئەکسیۆسی ئەمەریکی کە لە دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە دەستی کەوتووە، دەیڤد بارنیا، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل ناسراو بە مۆساد، سەرەتای هەفتەی رابردوو سەردانی ئەمەریکای کردووە و سەبارەت بە نیشتەجێکردنی هاوڵاتییانی کەرتی غەززە لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئەمەریکا گفتوگۆی کردووە.

وەک لە راپۆرتەکە هاتووە، دەیڤد بارنیا بە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی راگەیاندووە کە هەریەک لە وڵاتانی لیبیا، ئیندۆنیزیا و ئەسیوپیا ئامادەییان دەربڕیوە بۆ وەرگرتنی هاوڵاتییانی کەرتی غەززە لە وڵاتەکانییان.

پلانەکە لەلایەن ژمارەیەک یاساناسی ئیسرائیلی و ئەمەریکییەوە رەتکراوەتەوە و بە تاوانی جەنگ پێناسەیان کردووە، بەڵام لە وەڵامدا بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و کابینەکەی جەخت دەکەنەوە کە نیشتەجێکردنی هاوڵاتیانی غەززە لە وڵاتانی دیکە ئارەزوومەندانەیە و هیچ کەسێک بە زۆر نانێردرێت بۆ ئەو وڵاتانە.

دەیڤد بارنیا فشار لە ئەمەریکییەکان دەکات هاوکاریان بن بۆ ئەوەی وڵاتان پشتگیری پلانەکەیان بکەن، بەڵام تائێستا روون نییە ئیدارەی ئەمەریکا پشتیوانی پلانەکەی حکومەتی ئیسرائیل دەکات یان نا، ئەوەش بەپێی راپۆرتەکەی ئەکسیۆس.

پلانەکەی ترەمپ بۆ غەززە

 دۆناڵد پێشنیازی کردووە کە هاوڵاتییانی کەرتی غەززە لە وڵاتانی عەرەبی نیشتەجێ بکرێن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە شوباتی 2025 ئەنجامیدا، تیشکی خستەسەر کۆمەڵێک پرس؛ لەوانە پرسی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە.

دوای قسەکردنی لەگەڵ شا عەبدوڵای دووەم، پادشای ئوردن بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی ‌‌‌غەززە، ترەمپ ووتی :"دەبێت کەرتەکە چۆڵبکرێت و "ئوردن و میسر و وڵاتە عەرەبییەکانی دیکە هاوڵاتیانی غەززە وەک پەنابەر لەخۆبگرن".

ترەمپ دەڵێت: "ئێمە دەربارەی یەک ملیۆن و 500 هەزار هاوڵاتیی قسە دەکەین، دەبێت غەززە چۆڵ بکرێت".

کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە نێشتەجێبوونی هاوڵاتیانی کەرتی غەززە لە وڵاتانی دیکە کاتییە یان بۆ ماوەیەکی درێژە، ترەمپ وتی: "هەردوو سیناریۆکە شیانی روودانە".

لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، ترەمپ وتی: "شەڕی غەززە دەکرێت سوودبەخش بێت، ناوچەکە لە شاری مۆناکۆی فەڕەنسا خۆشتر و باشتر دەبێت، ئەگەر بەشێوەیەکی دروست بونیات بنرێتەوە".

ترەمپ زیاتر لەسەر کەرتەکە دەڵێت: "لەئێستادا غەززە شارێکی وێرانەیە و خەڵک لەوێ دەمرن"، ترەمپ دەشڵێت: "پێمخۆشە ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی هاوکاربن بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هاوڵاتیانی کەرتی غەززە بۆ ئەوەی بە ئاشتی بژین بۆ ماوەیەکی دیاریکراو".

سەرۆکی ئەمەریکا دەربارەی هەڵکەوتەی جوگرافی کەرتی غەززە وتیشی: "غەززە خۆش و سەرنجراکێشە و لەسەر دەریایە، خۆشترین کەش و هەوای هەیە، دەکرێت کاری زۆر سەرنجڕاکێشی تێدا ئەنجامبدرێت".

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی