سبەى
لەدواى شەڕى نێوان ئیسرائیل و ئێرانەوە، رێوشوێنى ئەمنى توند لەسەر سنورەکانى هەرێمى کوردستان ئەو وڵاتە و لەشارەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان گیراونەتەبەر و هاتوچۆ رووى لە کەمبوونەوە کردووە.
بەپێی بەدواداچوونى "سبەى" کە لەگەڵ چەند سەرچاوەیەکى جیاجیا لە هەرێم و رۆژهەڵاتى کوردستان قسەیکردووە، رێوشوێنە ئەمنییەکان لەدواى شەڕى 12 رۆژەوە چڕکراونەتەوە هەم لەسەر سنورەکان و هەم لە شارەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان، ئەگەرچی نزیکەى مانگێکە شەڕ کۆتایی هاتووە.
بەوتەى سەرچاوەکان و ئەو کەسانەى سبەى قسەى لەگەڵدا کردوون، دواى کۆتایی هاتنى شەڕ هاتوچۆ لە نێوان باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەم بووەتەوە.
بەوتەى سەرچاوەکان، لە سەرەتای چوونە ناوەوەی هاوڵاتییانی هەرێم بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەراورد بە ڕۆژانی پێش هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لێپرسینەوەی توند ئەنجام دەدرێت تەنانەت زۆرجار هاووڵاتیان چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوەکانیان درێژە دەکێشێت. لێپرسینەوەکان لەهەردوو دیوى هەرێم و ئێرانەوە ئەنجام دەدرێن.
لێپرسینەوەکان چەند پرسیارێکى جیاجیا لە خۆ دەگرن وەک، بۆ کوێ دەچیت و چەندە دەمێنیتەوە، هەروەها داواکردنى ژمارەى تەلەفۆن و ئەدرەسى ئەو کەسەى کە سەردانى دەکەن، لەگەڵ ئامانجى سەردانەکە، ئەوەش بەتەى سەرچاوەکان.
دەشڵێن، ئەو پرسیارانە پێشتر بە دەگمەن لەو کەسانە دەکران کە لە هەرێمەوە هاتوچۆیان دەکرد بۆ ئێران، بەڵام ئێستا ئەو پرسیارانە لە شێوەى لێپرسینەوەیەکى ماوە درێژدا لەزۆربەى ئەو کەسانە دەکرێت کە هاتوچۆ دەکەن.
هاوکات لەگەڵ گرتنەبەرى ئەو رێوشوێنە توندە، لە نێوان شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هێزە ئەمنییەکان بازگەى کاتیان جێگیرکردووە و پشکنینى چڕى هاوڵاتییان دەکەن، لە کاتێکدا کە پێش شەڕ هاتوچۆ لە نێوان شارەکانی ڕۆژهەڵات و ئێران ئاسایی بوو، پشکنینی تایبەت ئەنجام نەدەدرا.
رێوشوێنە ئەمنییەکان دوای ئەوە هات کە دەزگای دادی ئێران بەشێک لە هاوڵاتییانی بیانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە هاوکاری مۆسادی ئیسرائیلیان کردووە بۆ ئەوەی شوێنە هەستیار و سەربازییەکانی ئێران بکرێتە ئامانج.
هەر بەو بۆنەیەشەوە شەپۆلێکی بەرفراوانی دەستگیرکردنی هاوڵاتییانی بیانی دەستیپێکردووە و هاوکات بە سەدان هەزار هاوڵاتی ئەفغانستانی لە ئێران دەرکراون و رەوانەی وڵاتەکەیان کراونەتەوە.
کامەران غەزنفەری، ئەندامی کۆمیسیۆنی کاروباری ناوخۆی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، بەشێک لەو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانانەی هێرشەکانیان لە ناوخۆی ئێران پێ ئەنجامدراوە بەبێ هیچ جۆرە چاودێرییەک لە ڕێگەی کۆڵبەرییەوە هاوردەی ناوخۆی وڵات کراون.
پێشتر و لە سەرەتاکانی دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل سێ کۆڵبەری کورد لە نێوانیاندا هاووڵاتییەکی خەڵکی باشوری کوردستان بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ ئیسرائیل لەسێدارە دران.