دادگای فیدراڵی
سبەی
ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق، لەبارەی دوو دۆسییەی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە، یەكەمیان دۆسییەی داواكردنی هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانە، دووەمیشان دژی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بەهۆی ئەوەی بەوتەی سكاڵاكاران " داوای هەڵوەشاندنەوەی خولی نوێی پەرلەمانی ڕەتكردووەتەوە، ئەمەش پێچەوانەی یاسایە".
بەپێی خشتەی دانیشتنەكانی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی عێراق، بڕیارە ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر دوو دۆسییەی تایبەت لەبارەی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە، سكاڵای یەكەم لەلایەن عومەر عەبدوڵڵا فەتاح (عومەر گوڵپی) لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار كراوە، داواكار داوای بڕیارێك بۆ پوچەڵكردنەوەی دانیشتنی یەكەم لە ١٢/٢/٢٠٢٤ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەكات.
عومەر گوڵپی، كە یەكێكە لە سكاڵاكارەكان لەوبارەیەوە دەڵێـت "پەرلەمان پەیڕەوی ناوخۆ و ئەركەكەی تەواو نەكرد و دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان ئەنجام نەدرا، بۆیە داوا دەكەین بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بدرێت، هەروەها داوای گەڕاندنەوەی هەموو ئەو ئیمتیازە ماددییانەی، كە (٩٧) كاندیدی براوە بۆ پەرلەمان بەدەستیان هێناوە بەهۆی سوێند خواردنیانەوە، چونكە ئەمە دەوڵەمەندكردنێكی ناڕەوایە".
ئەو سكاڵاكارە داواش دەكات كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق پابەند بكرێت، بۆ ئامادەكاری و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە زووترین كات.
دانیشتنی دووەم تایبەتە بە داواكارییەكی هەریەكە لە سروە عەبدولواحید، كاوە عەبدولقادر حەسەن، كوردەوان جەمال محەمەد، كە سكاڵایان لەسەر سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆماركردووە و تێیدا داوا دەكەن "دادگا بڕیارێك دەربكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە نەرێنییەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ڕەتكردنەوەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان".
وەك ئەوان دەڵێن " چونكە پەرلەمان نەیتوانیوە دەستەی سەرۆكایەتی خۆی هەڵبژێرێت و متمانە بە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بدات، ئەمەش پێشێلكردنی مادەی (١٠\چوارەم\٣)ی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ژمارە (١)ـی ٢٠٠٥ـە".
نۆ مانگە هەڵبژاردن کراوە
نۆ مانگە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە، لەو كاتەوە پەرلەمان تەنها دووجار كۆبووەتەوە، هەروەها بەشێك لە پەرلەمانتاران سوێێندی یاسایان خواردووە، تا ئێستا سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵنەبژێردراوە و دانیشتنەكەش بە كراوەیی ماوەتەوە، جگە لەوەش كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكنەهێندراوە.
دوێنێش دادگای فیدراڵی دوو سکاڵای رەتکردەوە
دوێنێش دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دوو سكاڵای لەبارەی نادەستوری بوونی گرێبەستەكانی ئەم دواییەی حكومەتی هەرێم لەكەرتی غاز لەگەڵ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان رەتكردەوە.
سكاڵای یەكەم لەلایەن باسم غەنیمەش ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانەوە تۆماركرابوو لەسەر سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و وەزیری سامانە سروشتییەكان، كە تێیدا داواكرابوو دادگا بڕیار بدات لەسەر نادەستوری بوونی گرێبەستەكانی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان بۆ وەبەرهێنان لە كێڵگە غازییەكانی (میران و تۆپخانە و كوردەمیر) و پوچەڵكردنەوەیان، رێگریكردن لە هەرێم بۆ ئەنجامدانی هەر گرێبەستێك لە داهاتوودا بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد.
دادگا بڕیاریدا لەسەر رەتكردنەوەی ئەو سكاڵایە.
سكاڵا ی دووەم لەلایەن رائد حەمدان مالكی ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانەوە تۆماركرابوو، لەسەر سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و وەزیری سامانە سروشتییەكان، كە داواكرابوو جگە لە بڕیاری نادەستوری بوونی گرێبەستەكان، دادگا ئەمرێكی وەلائی دەربكات دژی هەرێم بەئامانجی وەستاندنی راگرتنی رێوشوێنەكانی گرێبەستەكان تا یەكلاكردنەوەی سكاڵاكە.
دادگای فیدراڵی ئەو سكاڵایەی بە پوچەڵ ناوبردووە، ئەوەش بەواتای ئەوەی كە سكاڵاكە رێڕەوە یاساییەكانی نەبڕیوە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی 19ی ئایار واژۆكردنی گرێبەستی وزەی لەگەڵ دوو كۆمپانیای ئەمەریكی راگەیاند، بەمەبەستی پەرەپێدانی چەند كێڵگەیەكی گازی سروشتی و نەوت بەبەهای 110 ملیار دۆلار، ئەوەش ناڕەزایی بەغدادی بەدوای خۆیدا هێنا.
گرێبەستەكان تایبەتن بە كێڵگەكانی تۆپخانە و كوردەمیر لە سنوری گەرمیان لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم و كۆمپانیای وێسترین زاگرۆس، كێڵگەی غازی میران لە سنوری پارێزگای سلێمانی لەگەڵ كۆمپانیای میران ئینێرجی كە لە كۆمپانیای ئێچ كەی ئێن و گرووپی ئۆنێكس پێكهاتووە.
لەدوای واژۆكردنی گرێبەستەكانەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق لەزیاد لە راگەیەنراوێكدا جەختی لەسەر نادەستوری بوونی گرێبەستەكان كردووەتەوە، بەرپرسانی هەرێمیش جەختدەكەنەوە كە گرێبەستەكانیان یاسایی و دەستورین.
لەبەرانبەردا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی فۆكس نیوزی ئەمەریكی جەختیكردەوە، لە دەستوردا ماف لە هەرێمی كوردستان دراوە كە گرێبەست واژۆ بكات، بە تایبەت لە بوارەكانی پەرەپێدان و فراوانكردنی كەرتی وزە.
وتیشی ئەو دوو كۆمپانیا ئەمەریكییەكەی گرێبەستیان لەگەڵدا كردوون ماوەی 15 ساڵە لە ناوچەكە كار دەكەن.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان رۆژی سێشەممە 20ی ئایار لە رونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردبوو، ئەو دوو ڕێككەوتننامەیەی لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای ئەمەریكی HKN و WesternZagros واژۆكراون، ڕێككەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین بەڵكو پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاكانی عێراقیش دانی بە یاسایی و ڕەواییان دا ناوە و هیچ كێشەیەكی یاساییان نییە و تەنیا كۆمپانیای ئەنجامدەری گرێبەستەكان گۆڕاون لە چوارچێوەی ڕێكارە یاسایی وگرێبەستییەكانی هاتوو لە ڕێكەوتننامەكان.
جەختیشیكردبووەوە، ئامانج لەو ڕێككەوتننامە و گرێبەستانە، پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆییە لە ڕێگای زیادكردنی بەرهەمی گازی سروشتیی بۆ دابینكردنی سووتەمەنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بە ئامانجی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی كارەبای بەردەوام بۆ هەموو ناوچەكانی عێراق.