میدڵ ئێست ئای: ئەمەریکا و تورکیا مۆڵەتی 30ڕۆژە دەدەنە هەسەدە تا بچێتە ناو سوپای سوریا

#هەسەدە#تورکیا#سووریا#ئەمەریکا
7 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 7 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • بەرپرسانی ئەمریکی و تورکی هۆشداری دەدەن بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە تەنها 30 ڕۆژیان لەبەردەمدا ماوە بۆ ئەوەی ببن بە بەشێک لە سوپای سوریا و حکومەتی سوریاش دەیەوێت شەڕڤانە ژنەکانی کورد چەک بکات.
Primary Asset

شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان

سبەی

بەرپرسانی ئەمەریکی و تورکی هۆشداری دەدەن بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە تەنها 30 ڕۆژیان لەبەردەمدا ماوە بۆ ئەوەی ببن بە بەشێک لە سوپای سوریا و حکومەتی سوریاش دەیەوێت شەڕڤانە ژنەکانی کورد چەک بکات.

ماڵپەڕی میدڵ ئێست ئای لە ڕاپۆرتێکدا بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی کە تا دێت ئەمەریکا و تورکیا گوشارەکانیان بۆ سەر هەسەدە چڕ دەکەنەوە، تاکوو بچنە ناو سوپای نوێی سوریا.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە، لە مانگی ئاداردا بە مەبەستی تێکەڵبوونی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ سوپای نوێی سوریا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا واژۆ کرد.

بەڵام ڕەتکردنەوەی داواکاری کورد بۆ خۆڕێبەری و پاراستنی تایبەتمەندییەکانی هەسەدە لەنێو سوپای سوریادا، بووەتە بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.

سەرچاوەکان بە میدڵ ئیست ئای-یان گوتووە کە ئارامی و پشوودرێژی ئەمەریکا و تورکیا لەسەری دەڕژێت و لە کۆبوونەوەیەکدا لە هەفتەی ڕابردوو لە سووریا، بەرپرسانی ئەمریکی و تورکی 30 ڕۆژەی مۆڵەتیان داوەتە هەسەدە بۆ ئەوەی لەگەڵ سوپای سوریا یەکبگرێت.

یەکێک لە سەرچاوەکان گوتوویەتی: "بە هەسەدە گوتراوە کە هەموو یەکە چەکدارەکانیان نابرێنە ناو سوپای سووریاوە. ئەو یەکانەی کە یەکناگرن، چەک دەکرێن و کۆنترۆڵی گشتی لای حکومەتی دیمەشق دەمێنێتەوە."

بەپێی زانیارییەکان، حکومەتی دیمەشق نایەوێت یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) بچنە ڕیزی سوپای سوریاوە.

تۆماس باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا، لەم مانگەدا لە چەندین چاوپێکەوتن و لێدواندا بە ڕوونی ئاماژەی بەوە کردووە کە واشنتن دژی داواکارییەکانی هەسەدەیە و لایەنگری سووریایەکی یەکگرتوو و یەکپارچەیە.

چ چارەنووسێک چاوەڕێی هەسەدە دەکات؟

لەسەرەتای ئەم مانگەدا، شاندی هەسەدە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی سووریا و نوێنەرانی ئەمەریکا و فەرەنسا کۆبووەوە. بەڵام گفتوگۆکان هیچیان لێ شین نەبوو.

دوای کۆبوونەوەکە، باراک لە نیویۆرک بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: "ئێمە کۆتان دەکەینەوە، ناوبژیوانی دەکەین، نێوەندگیری دەکەین، یارمەتیتان دەدەین، بەڵام نامانەوێت زیاتر لەوە بمێنینەوە."

گوتیشی: "ئەگەر ئێوە ڕێک نەکەون، ئەوا ڕێک مەکەون، بەڵام ئێمە بۆ هەتاهەتایە لێرە نابین وەک دایەن و نێوەندگیر."

باراک هەروەها هۆشداری دایە هەسەدە کە ئەگەر لەگەڵ دیمەشقدا نەگەنە ڕێککەوتن، ئەوا ڕەنگە "ڕێگەچارەی دیکە" بێتە ئاراوە.

بەرپرسە تورکەکان لەو کۆبوونەوەیەی هەفتەی ڕابردوودا لە سووریا بەڕێوەچوو، جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە هەسەدە نیازپاکیی دیمەشق و ئەنقەرە و واشنتن نەقۆزێتەوە بۆ  کات کوشتن و کشانەوە دانوستانەکان.

سوەیدا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات

هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق، بەهۆی پێکدادانەکانی نێوان هۆزەکان و هێزەکانی نزیک لە حکومەتی سوریا و درووزەکانەوە لە سوەیدا، تورکیای نیگەرانتر کردووە.

سەرچاوەکانی حکومەتی تورکیا نیگەرانن لەوەی کە دەستێوەردانی ئیسرائیل ڕەنگە هاندەری هەسەدە بێت بۆ ئەوەی پێداگیر بێت لەسەر داواکردنی خۆڕێبەری، بەتایبەت کە وادەردەکەوێت دیمەشق لە چارەسەرکردنی ململانێکەدا بێکاریگەرە و تۆمەتبار دەکرێت بەوەی تاوانی دژی درووزەکان ئەنجام داوە.

سەرەڕای ئەمەش، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، ئەمڕۆ ڕۆژی دووشەممە 21ـی تەمموزی 2025 ڕایگەیاند بە تەواوی پشتیوانی لە ئیدارەکەی ئەحمەد شەرع دەکەن و ڕێگە نادەن سووریا دابەش بکرێت.

ئەردۆغان سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە هەڵوێستی توندی شەرع لەسەر سوەیدا، دەبێت پەیامێکی ڕوون بێت بۆ هەسەدە کە بە هیچ جۆرێک سازشیان بۆ ناکات.

تورکیا داوای چی لە هەسەدە دەکات؟

بەگوێرەی هەمان ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ میدڵ ئیست ئای کردووە، لە کۆبوونەوەکەی هەفتەی ڕابردوودا، بەرپرسانی تورکیا داوایان لە یەپەگە کردووە کە زانیاری لەسەر تۆڕی تونێلەکانی سەر سنووری تورکیا و ئەو کۆگا چەکانە بدات کە لە ناوچە مەدەنییەکاندا دروستکراون.

باراک کە لە کۆتایی هەفتەدا لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە قسەی کردبوو، ئەم هەفتەیە ڕایگەیاند پێی وا نییە توندوتیژییەکانی سوەیدا ببنە هۆی ئەوەی گفتوگۆکان لە ڕێڕەوی خۆیان لابدەن و ڕەنگە لە چەند هەفتەی داهاتوودا بەرەوپێشچوون ڕووبدات.

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژە بەوە دەدات لە کاتێکدا ناتوانن باسی وردەکاریی گفتوگۆ دیپلۆماسییە تایبەتەکان بکەن، بەڵام دانوستانەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا یەک بگرێت.

ئەو بەرپرسە هەروەها دەڵێت: “ئێمە پشتیوانی لە بەردەوامیی ئەم گفتوگۆیانە دەکەین وەک باشترین ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکی هەڵپەسێردراو.”

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی