عێراق بژاردەى جێگرەوە بۆ رادەستکردنى نەوتى هەرێم لەجیاتى هەناردەکردنى رادەگەیەنێت

#عێراق#هەرێمى کوردستان#نەوت#مووچە
6 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • وتەبێژى حکومەتى عێراق: بڕیارەکە پابەندبوونی حکومەتی هەرێم بە ڕادەستکردنی ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت بە (سۆمۆ) دیاریکردووە
  • وتەبێژى حکومەتى عێراق: ئەم ڕێکارە لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیدا یەکدەگرێتەوە سەبارەت بە تەوتینى مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان
  • وتەبێژى حکومەتى عێراق: ئەگەر نەتوانرا لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە نەوت هەناردە بکرێت، دەبێت بڕی تەرخانکراو ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکرێت
Primary Asset

سبەى

حکومەتى عێراق جەخت لەسەر رادەستکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان دەکاتەوە لەبەرانبەر ناردنى مووچەى فەرمانبەران بەپێی رێککەوتنى نێوانیان و دەڵێت ئەگەر نەتوانرێت هەناردەش بکرێت دەبێت رادەستى سۆمۆ بکرێت، لەکاتێکدا هەرێمى کوردستان دەڵێت ئەو بڕگەیە بۆ رێککەوتنەکە زیادکراوە.

باسم عەوادى وتەبێژى حکومەتى عێراق رۆژى دووشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى فەرمى عێراق دووپاتیکردەوە، بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە داهاتەکانی هەرێم گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە سروشتی پەیوەندی نێوان هەردوولادا و کۆتایی بە ساڵانێک لە چارەسەری کاتی دەهێنێت و پابەندبوونی یاسایی و گەرەنتی دەستووری دادەمەزرێنێت.

وتیشى "بڕیارەکە لەسەر بنەمای ئەو بناغانە بووە کە لە یاسای بودجەی سێ ساڵەدا (یاسای ژمارە 13ی ساڵی 2023) دامەزراون، بەڵام ئەمجارەیان بە شێوەیەک جێبەجێ دەکرێت کە یاساکە لە سەرووی هەموو ڕەچاوکردنە سیاسییەکانەوە دابنێت، ئەمەش نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی دەکات". 

روونیشیکردەوە، "بڕیارەکە پابەندبوونی حکومەتی هەرێم بە ڕادەستکردنی ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت بە (سۆمۆ) دیاریکردووە، دوای لێبڕینی 50 هەزار بەرمیل بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی لە پارێزگاکانی هەرێم. سۆمۆ نەوتەکە هەناردەی بازاڕە جیهانییەکان دەکات و داهاتەکەی دەچێتە خەزێنەی گشتییەوە ".

باسم عەوادى ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم ڕێکارە لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیدا یەکدەگرێتەوە سەبارەت بە تەوتینى مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دڵنیایی دەدات لەوەی مووچە لە گەنجینەی فیدراڵیەوە بەپێی یاسا و بودجەی ڕاستەقینە خەرج دەکرێن".

جەختیشی لەوەکردەوە کە "بڕیارەکە هەنگاوی یەکەمە بەرەو یەکلاییکردنەوەی هەمەلایەنە و بەردەوامی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر و بناغەى یاسایی دادەنێت بۆ تێپەڕاندنی پرسە مشتومڕاوییەکان، نەک تەنها لەگەڵ حکومەتی هەرێم، بەڵکو لەگەڵ پارێزگارەکانی دیکەش، لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دەستوور و گشتگیری یاساکە".

بەوتەى عەوادى، بڕیارەکە میکانیزمی جێگرەوە لەخۆدەگرێت، ئەگەر نەتوانرا لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە نەوت هەناردە بکرێت، ئەوا بڕی تەرخانکراو ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت.

بەپێی رێککەوتنى هەردوو حکومەت کە ناوەڕاستى تەمموزى 2025 رەزامەندیان لەسەر دەربڕى، پێویستە هەرێمى کوردستان رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەى کۆمپانیاى سۆمۆوە هەناردە بکات لەگەڵ رادەستکردنى 120 ملیار دینارى مانگانە، لەبەرانبەر ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم لەبەلایەن بەغدادەە کە بڕەکەى زیاترە لە 900 ملیار دینارى مانگانە.

رۆژی یەکشەممە لە وتارێکدا لەمیانەى کردنەوەى قۆناغی یەکەمی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەى بەوەکرد، بڕگەى تایبەت بە ناردنى مووچەى فەرمانبەران لەلایەن بەغدادەوە دواى رادەستکردنى 230 هەزار بەرمیل نەوت، لەدەرەوەى ئەو رێککەوتنەیە کە ئەوان رەزامەندیان لەسەرداوە.

وتیشى "ئەو ئەرکانەى لەسەر شانى ئێمە بوو قبوڵمانکرد، بەڵام ئەوە هاوکات بوو لەگەڵ هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگەکانى نەوت، پێموتن بەم هێرشانە بەرهەمى نەوت کەمدەبێتەوە، چونکە ئێستا کۆمپانیاکان ناتوانن ئەوەندە نەوت بەرهەمبهێنن".

باسى لەوەشکرد، دواى ئەوەى ئەوان رەزامەندبوون لەسەر رێککەوتنەکە، بەغداد خاڵێکى دیکەى زیادکردووە، کە پەیوەستن بەوەى تا 230 هەزار بەرمیلەکە رادەستنەکرێت بەغداد مووچە نانێرێت، "بەڵام ئەوە چۆن دەکرێت لەکاتێکدا هێرشکراوەتە سەر کێڵگەکان و بەرهەمى نەوت کەمبووەتەوە".

ئاشکرایکرد، شاندێک لەبەغدادەوە سەردانى هەرێمى کوردستانیان کردووە لەو بارەیەوە و راپۆرتێکیان بۆ بەغداد بەرزکردووەتەوە کە لە ئێستادا ئەوەندە نەوت بەردەستە و دەتوانرێت هەناردە بکرێت، تا ئاسەوارى هێرشەکان چارەسەر بکرێن.

حکومەتى عێراق لە ئایارى ئەمساڵەوە ناردنى ئەو بڕە پارەیەى راگرتووە بەپاساوى تەواوبوونى پشکى هەرێم لە بودجە، بەڵام بەپێی رێککەوتنە نوێیەکە کە بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام بێت، بەغداد ئامادەیی دەربڕیوە لەدواى رادەستکردنى نەوت و داهاتى نانەوتى، راستەوخۆ دەستبکاتەوە بە ناردنى مووچە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی